کانونی یه‌که‌م 05, 2019 12:30 Asia/Tehran
  • ١٦هەمین مێهرەجانی شانۆی کوردی لە سەقز بەڕێوە دەچێت

شازدەهەمین خولی مێهرەجانی نێونەتەوەیی شانۆی کوردی حەوتەی داهاتوو بە بەشداریی ١١ گرووپی شانۆیی، لە شاری سەقز بەڕێوە دەچێت.

بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، شازدەهەمین خولی مێهرەجانی نێونەتەوەیی شانۆی کوردی بە هەوڵی ئیدارەی گشتیی فەرهەنگ و ئیرشادی ئیسلامی کوردستان و هاوکاریی پارێزگاری و جێگرایەتی پارێزگاری کوردستان و فەرمانداری تایبەتی سەقز، بۆ ماوەی ٥ رۆژ لە ١٩ تا ٢٣ی سەرماوەز بە بەشداریی ١١ گرووپی شانۆیی، لە شاری سەقز بەڕێوە دەچێت.

بەڕێوەبەری گشتیی ئیدارەی گشتیی فەرهەنگ و ئیرشادی ئیسلامی  پاریزگای کوردستان وێرای ڕاگەیاندنی ئەو هەواڵە، وتی: بەستێن و ئیمکاناتی پێویست بۆ بەڕێوەچوونی ئەو ڕووداوە فەرهەنگییە لە شاری سەقز دابین کراوە.

جەلال قەڵعەشاخانی هەروەها وتی: بەهادان بە زمان و ئەدەبی کوردی وەک پاڵپشتییەکی دەوڵەمەند و هاندەری نووسەران بۆ نووسینی دەقە شانۆییەکان بە پێی ڕەسەنایەتی و بایەخگەلی فەرهەنگیی ناوچە کوردنشینەکان بەشێکن لە گرینگترین ئامانجەکانی بەڕێوەچوونی ئەم مێهرەجانە.