ئادار 25, 2020 23:29 Asia/Tehran
  • داب و نەریتەکانی نەورۆز لە وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاست و قەفقاز

نەورۆز یەکێکە لە داب و نەریتە کەوناراییەکانی ئێرانه

نەورۆز یەکێکە لە داب و نەریتە کەوناراییەکانی ئێران کە هاووڵاتیان و هۆزە ئێرانی ڕەگەزەکانی وڵاتانی تاجیکستان، ئوزبەکستان، کۆماری ئازەربایجان، تورکمەنستان و قرقیزستان هەر کامەیان بە داب و نەریتێکی جیاوازەوە ئەو جێژنە بەڕێوە دەبەن!

ڕێکخراوی یۆنسکۆ لە ساڵی 2009دا جێژنی نەورۆزی وەکوو جێژنێکی میراتی جیهانی تۆمار کرد.

تاجیکستان:

تاجیکەکان لە نەورۆز لە شوێنە گشتییەکاندا خوانی حەوت سین ڕادەخەن و سێو و سەوزە و سرکە و سنجو، قەرەپووڵ (سککە) و سۆمۆنەک یان هەمان سەمەنوو تێدا دادەنێن.

بەڵام ساز کردنی سۆمۆنەک لە شەوی سەری ساڵدا، دابێکی هەمووانییە و لە زۆربەی بنەماڵەکاندا ئەو کارە دەکرێت. کەسانێک کە لەو ڕێوڕەسمەدا بەشداری دەکەن پێکەوە دەس دەکەنەوە گۆرانی وتن و دەف ژەنین!

ئازەربایجان:

لە کۆماری ئازەربایجان هەموو ساڵێک ئافرەتێک کە ناوی " بەهارخان"ی لەسەر دادەنێن لەسەرووی تاوەرێکی مێژوویی بەناوی "قەڵای کچ" لە باکوودا ئاورێک هەڵدەکات و پیرۆزبایی هاتنی نەورۆز دەکات

لەم وڵاتەدا، لە سێشەممەی پێش نەورۆز بە مەبەستی ڕێزنان لە چەمکەکانی سرووشت واتە خاک، با، ئاو و ئاور، جێژنێک بەڕێوە دەبەن.

لە خوانی حەوت سینی کۆماری ئازەربایجان بێجگە ترش، سرکە، سەمەنی (سەمەنوو)، سەوزە، شیرینیاتیش دادەنێن. شەکرەبۆرە (چەشنێک شیرینییە بە ناوکی بادام و فستەق)، باقلەوا، کوکی و  "شوور چوری" کە جۆرێک  شیرینی زەردەچێوەییە لە نەورۆزدا سازی دەکەن.

قرقیزستان:

لەقرقیزستاندا، شارەوانییەکان جێژنی نەورۆز بەڕێوە دەبەن و حکوومەتی ناوەندیش پێشبڕکێی ئەسپ سواری و زۆران لەسەر ئەسپ و  لە هەموو سەرەنج ڕاکێشتر "ئولاک تارتیش" بەڕێوە دەبەن.

ئولاک تارتیش کێبەرکێیەکە کە لەودا بزنێکی بێ سەر دەخەنە نێوەڕاستی گۆڕەپانی یارییەکە و یاریزانەکانیش دەبێ سواری ئەسپ بن و ئەو بزنە بخەنە نێو سەوەتەی تیپی خەنیمەکەیانەوە.

ئەرمەنستان:

جێژنی کەونارایی نەورۆز وەکوو بەشێک لە شارستانیەتی مرۆڤایەتی لە ئەرمەنستانیشدا بەڕێوە دەچێت.  جێژنێکی ئێرانی کە گەلانی جۆراوجۆر بە بیروبۆچوونی جیاوازەوە لە یەکتر نزیک دەکاتەوە.

هەموو ساڵێک ئەرمەنییەکان لە ناوچەی گارنیی ئەرمەنستان لە پەرەستگەیێکی کۆن کە پەیوەندی بە  دوو هەزارساڵ پێش زایینی مەسێحەوە هەیە و هی سەردەمی ئەشکانییەکانە، کۆ دەبنەوە و هاتنی نەورۆز و گەیشتنی بەهار دەکەنە جێژن، ڕێوڕەسمێک کە لەپاش سەربەخۆیی ئەو وڵاتە یانی  لە 25 ساڵ لەمەو پێشەوە تاکوو ئەمڕۆ بە شکۆیێکی تایبەتەوە بەڕێوە دەچێت.

 

 

 

 

سەرپەیڤ