ئادار 28, 2020 17:48 Asia/Tehran
  • کایەی نەریتیی قەمچان دەرفەتێکی لەبارە بۆ کات بەسەر بردن لەم ڕۆژە کۆرۆناییانەدا

ئەم ڕۆژانە کە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا جیھانی تێوەگلاندووەو گەلێک لە بنەماڵەکان ناچارن لە ماڵەوە بمێننەوەو خۆیان کەرەنتینە بکەن، لە ئاوا ھەل و مەرجێکدا تەواوی ئەندامانی بنەماڵە زیاتر لە ھەر کاتێکی دیکە پێویستیان بە کایەو کات بەسەر بردن لە ماڵەوەیە.

کایەی نەریتیی قەمچان، لەو یارییە کۆنە ئێرانیانەیە بە تایبەت لە ناوچەی کوردەواری دا کە ڕەنگە بەرەی تازە نەیزانن، بەڵام دیارە زۆربەی دایک و باوکەکان بە باشی شارەزای ئەم یارییەن. ئەم ڕۆژانەی کەرەنتینەو لە ماڵ دا مانەوە ھەلێکی باشە بۆ ئەوەی بەرەی پێشوو یاریی قەمچان فێری منداڵ و تازەلاوانەی ئەمڕۆ بکەن.

بۆ کایەی نەریتیی قەمچان پێویستمان بە پێنج بەردی چکۆلەو خڕە. لەم یارییەدا ھیچ بەرتەسکییەک بۆ ژمارەی بەشداران نییە. دوو کەس و یان زیاتریش دەتوانن بەشداریی کایەی قەمچان بکەن و ھەر بۆیە ئەم کایەیە دەتوانێ سەرگەرمییەکی باش بێت بۆ ئەندامانی بنەماڵە.

بە پێی دابی کایەی نەریتیی قەمچان ھەر یەکەو پێنج بەرد ھەڵدەگرێ و ھەڵیدەخات و لەسەرپشتی دەستی سواریان دەکات، ئینجا ھەرکەس بەردێکی زیاتری لە سەر دەستی ڕاگرت، ئەوە کایەکە دەست پێ دەکات.

کەسی یەکەم پێنج بەردەکەی لە سەر زەوی پرژوبڵاو دەکاتەوەو یەکێکیان ھەڵدەخات و دەستبەجێ یەکێک لەو بەردانەی کە لە سەر زەوین ھەڵدەگرێ و بەردەکەی دیکەش ھەر بە حەواوە دەگرێتەوە و ئا بەمجۆرە دانە دانەی بەردەکانی خڕ دەکاتەوە.

کایەی نەریتیی قەمچان دەرفەتێکی لەبارە بۆ ئەوەی ھەم تەمەنداران و ھەم منداڵان لە تەلەفۆن و موبایلەکانیان ھێندێک دوور کەونەوەو تۆزێک خۆیان بجوڵێنن.