ئادار 31, 2020 18:47 Asia/Tehran
  • ئەمساڵ لە ڕۆژی سێزدەدا لە ماڵ دەمێنینەوە

سبەی چوارشەممە سێزدەهەمین ڕۆژی خاکەلێوە، یەکێکە لە خۆشترین ڕۆژانی نەورۆز کە لە ڕۆژژمێری فەرمیی ئێراندا بە ڕۆژی سرووشت ناودێڕ کراوە و لە ڕۆژانی پشوودانی ساڵ دێتە ئەژمار.

ئێرانیانی سەردەمانی کۆن پاش ١٢ ڕۆژ بەڕێوەبردنی جەژن و ئاهەنگ و داب و نەریتەکان کە بە یادی ١٢ مانگی ساڵە، ڕۆژی سێزدەی نەورۆز دەچنە نێو باخ و تەلار و سەیرانگە و سەوزەڵان و بە گشتی هەر شوێنک کە جیلوەیک لە سرووشتی هەبێ ، بۆ ئەوەی دوایین ڕۆژی نەورۆزیان لە داوێنی سرووشت و لە تەنیشت گوڵ و گیا و سەوزە و لە گوێی ئاوی ڕووبار و چۆمەکان بدەنە سەر.

بەڵام ئەمساڵ بە هۆی تەشەنە سەندنی ڤایرۆسی کرۆنا و ڕاسپێری پسپۆڕان لەمەڕ پێویستی مانەوە لە ماڵ و خۆبواردن لە ئامادە بوون لە کۆبوونەوەکان، ئەمساڵ سێزدە بەدەر و سەیرانی تایبەتی ئەو ڕۆژە بەڕێوە ناچێت و باشترە خەڵکەکە بە پێی ڕاسپێری پزیشکەکان هەر لە ماڵدا بمێننەوە.

ئەمساڵ نەورۆز بە هۆی تەشەنەسەندنی ڤایرۆسی کۆڤیدی 19، وەکوو ساڵانی پێشوو نەبوو، زۆرێک لە نەریتەکانی ئەم جێژنە کەوناراییە بە هۆی ئەم ڤایرۆسە تازە سەرهەڵدراوەوە، بەڕێوە نەچوو و لە بازاڕی کڕینی شتومەکی پێویستی نەورۆزەوە بگرە هەتا گەشتی نەورۆزی و بەسەر کردنەوەی خزم و کەسوکار، هەمووی هەر لەبەر ئەو هۆکارەی وا ئاماژەمان پێ کرد هیچ کامەیان بەڕێوە نەچوون. زۆربەی زۆری خەڵك بۆ پاراستنی تەندرووستی خۆیان و خەڵکی تر، ئەمساڵ نەورۆزیان بە شێوەیێکی دیکە بەڕێوە برد.

خەڵک بە مانەوە لە ماڵ و ئامادە نەبوون لە کۆبوونەوەکان، یارمەتیەکی گەورە دەدەنە ڕەوتی پچڕانی زنجیرەی گواستنەوەی ڤایرۆسی کرۆنا و بێتوو هەر ئەم بابەتە واتە خۆ کەرەنتینە کردن لە ماڵ و خۆبواردن لە هاتووچۆی لەخۆڕا بەردەوام بکەن، بنەبڕ بوونی ڤایرۆسی کرۆنا زۆر زووتر دەگاتە ئەنجام.

بۆ ڕۆژی سێزدەی نەورۆزیش دەکرێ بە ئامادە کردنی خواردنی دڵخوازی خۆتان و ماڵ و منداڵتان و وەدیهێنانی کەشێکی خۆش و شاد لە ماڵدا، دابونەریتی سێزدەبەدەر لە حەساری ماڵدا بەڕێوە بەرن.

شووشتنی بەردەوامی دەستەکان بە ئاو و سابوون، ڕچاو کردنی خاڵەکانی تەندرووستی تاکی، تەوقە نەکردن و خۆبواردن لە چوونە سەفەر و کۆبوونەوە لەو بابەتە هەرە گرینگانەیە وا پزیشکانی پسپۆڕ بۆ ڕێگری کردن لە تەشەنەسەندنی زیاتری ئەو ڤایرۆسە ڕاسپێریمان پێ دەکەن.
هیوادارین بە یارمەتی خوای گەورە و ڕچاو کردنی ڕێنماییە تەندرووستیەکان زۆر خێرا کرۆنا ببەزێنین.

 

 

سەرپەیڤ