پەیکەرەی محەمەدی ھەوراز شاخەوانی ناسراوی کورد لە گۆڕەپانێکی تاران دانرا
پەیکەرەی محەمەد هەوراز پاڵەوان و کاپیتانی کوردی کۆچکردووی هەڵبژاردەی نەتەوەیی شاخەوانیی ئێران لە مەیدانی دەرەکەی تاران دانراو و ڕوونوێنی کرا.
بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، جێگری فەرهەنگی و هونەرگەلی شاریی ڕێکخراوی جوانکاری شاری تاران وێرای ڕاگەیاندنی ئەو هەواڵە وتی: پەیکەرەی محەمەد هەوراز لە ژێر ناوی "لە بەرزاییەوە بۆ بەرزایی" لە لایەن مامۆستا مەلەک دادیار گەرووسیان داڕێژراوە و بە ئامادەبوونی بەرپرسان و چەندین کەسایەتیی فەرهەنگی و وەرزشی لە مەیدانی دەرەکەی تاران دانرا و ڕوونوێنی کرا.
فەرزاد تالبی بە ئاماژە بە پێگەی جیهانیی ئەو شاخەوانە لەوان سەرکەوتنی لە شاخی ئێڤێرێست، وتیشی: بە داخەوە محەمەد هەوراز لە ١٥ی خەرمانانی ساڵی ١٣٨٢ی هەتاوی لە کاتی سەرکەوتن لە چیایەکی 7 ھەزار و 900 میتری لە پاکستان بە ھۆی ھاتنی ھەرەس ، تووشی کارەسات ھات و بە هۆی برینەکانی گیانی لە دەست دا و لە کوێستانی سوڵتان یاقووبی نەغەدە ئەسپاردەی خاک کراوە.
شایانی باسە، ڕێوڕەسمی ڕوونوێنی لە پەیکەرەی خوالێخۆشبوو محەمەد هەوراز دوانیوەڕۆی ئەوڕۆ (شەممە) بە ئامادەبوونی عەبدولکەریم حسێن زادە نوێنەری خەڵکی نەغەدە و شنۆ لە مەجلیسی دەهەم، ڕەزا زارعی سەرۆکی فیدراسیۆنی شاخەوانیی ئێران، ئەندامانی شۆڕایاریی گەڕەکی دەرەکە، ئیلهام فەخاری و محەمەد جەواد حەقشناس لە ئەندامانی شۆڕای شاری تاران و بەرزین زەرغامی سەرۆکی ڕێکخراوی جوانکاری شارەوانیی تاران و وریا غەفووری کاپیتانی کوردی یانەی ئیستقلالی تاران بەڕێوە چوو.