خولى نایابى ئینگلتەرا لە ١٧ى حوزەیران و بەبێ جەماوەر دەستپێدەکاتەوە
May 31, 2020 07:36 Asia/Tehran
دەستپێکردنەوەى خولى نایابى ئینگلتەرە کە بە هۆى ڤایرۆسى کۆرۆناى نوێوە هەڵپەسێردرابوو، لە ١٧ى حوزەیران و بەبێ ئامادەبوونى ھاندەران راگەیەندرا.
لەو روونکردنەوەى کە لە خولى نایابى ئینگلتەراوە بڵاوکراوەتەوە، هاتووە خولەکە لە رۆژى چوارشەممە رێککەوتى ١٧ى حوزەیران بە بەڕێوەچوونى یارى نێوان ئەستۆن ڤیلا و شێفیڵد یونایتد و یارى مانچستەر سیتى و ئارسناڵ دەستپێدەکاتەوە.
بەرپرسى باڵاى خولى نایابى ئینگلتەرا ریچارد ماستەرس، ئەوەى راگەیاند کە یارییەکان بەبێ ئامادەبوونى جەماوەر بەڕێوەدەچێت و گوتى، "بۆ بەردەوامیدان بە وەرزى ٢٠١٩-٢٠٢٠ بەردەوام دەبین لە راوێژکردن لەگەڵ سەرجەم پشکدارەکانمان".
شایەنى باسە، لە ئینگلتەرا بە هۆى پەتاى ڤایرۆسى کۆرۆناوە خولەکانى تۆپى پێ لە ١٣ى ئادارەوە هەڵپەسێردرابوو.