ئه‌یلوول 28, 2020 12:34 Asia/Tehran
  • شەمسیە عەلیزادە ، ئەو کیژە ئەفغانیە بوو بە یەکەمی وڵاتەکەی

شەمسیە عەلی زادە، بووەتە جێگەی سەرنجی میدیا و سۆشیالمیدیای ئەفغانستان، پاش ئەوەی لە قوربانییەکی تەقینەوەیەکی دەستی تاڵیبانەوە، بووە یەکەمی سەر ئاستی وڵاتەکەی.

 

شەمسیە لە ماوەی رابردوودا، بووە نموونەی ئافرەتە بە جەرگ و کۆڵنەدەرەکانی ئەفغانستان، پاش ئەوەی لە تاقیکردنەوەکانی وەرگرتن بۆ زانکۆ( کۆنکۆڕ) دا، پلەی یەکەمی سەر ئاستی وڵاتەکەی بەدەستهێنا، لە وڵاتێکدا کە چەندین ساڵە، جەنگ وێرانی دەکات.

شەمسیەی تەمەن 18 ساڵ، لە تاقیکردنەوەکانی وەرگرتن لە زانکۆدا، پلەی یەکەمی بەدەستهێنا و لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی پێشوازیی گەرم لە سەرکەوتنەکەی کرا.خانمە ئەفغانییەکە، دوو ساڵ لەمەوبەر بەر تەقینەوەیەکی چەکدارەکانی تاڵیبان کەوت لە وڵاتەکەیدا.

ئەو لە 15ـی ئابی 2018، کاتێک لەنێو هۆڵی خوێندنی ئەکادیمیای مۆددا بوو لە کابوول، خۆکوژێک خۆیکرد بەناو هۆڵەکەدا و خۆی تەقاندەوە، تەقینەوەکە بووە هۆی کوژرانی 40 خوێندکاری ناو هۆڵی ئەکادیمیاکە و برینداربوونی 70 خوێندکاری دیکە.وەزارەتی پەروەردەی ئەفغانستان پێنجشەممەی پێشوو، ئاشکرایکرد شەمسیە عەلیزادە کە کچی کرێکارێکی کانە خەڵووزەکانی ئەفغانستانە، لە تاقیکردنەوەکانی ئەمساڵدا بۆ وەرگرتن لە زانکۆ، پلەی یەکەمی سەر ئاستی وڵاتەکەی بەدەستهێناوە.سەرکەوتنەکەی شەمسیە، لە کۆمەڵگەیەکی وەک ئەفغانستاندا جێگەی سەرنجە.

نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێ، ژمارەی دانیشتووانی وڵاتەکە کە 35 ملیۆن کەسە، رێژەیەکی بەرزی هەژاری بەخۆوە دەبینێت و تا ئێستا خوێندنی کچان و ئافرەتان لەو وڵاتەدا، سەرئێشەی زۆر دروستدەکات.نەتەوە یەکگرتووەکان پێیوایە کۆی 2.2 ملیۆن ئافرەتی ئەفغانی لە خوێندن بێبەشن و ناچنە قوتابخانە.

سەرپەیڤ