تشرینی یه‌که‌م 08, 2020 17:17 Asia/Tehran
  • مامۆستای ئاوازی ئێران ماڵئاوایی لە ژیان کرد

موحەممەد ڕەزا شەجەریان مامۆستای ئاوازی ئێران ، دوای نزیکەی چوار ساڵ پەک کەوتوویی و بەرگەگرتنی نەخۆشیی شێرپەنجە، ئەمڕۆ پێنج شەممە لە تەمەنی ٨٠ ساڵی دا ماڵئاوایی لە ژیان کرد.

 

ئەم مامۆستایەی ئاوازی ئێران لە سەرەتای حەوتەی ڕابردووەوە لە بەر ڕەوشتی نالەباری تەندروستی لە نەخۆشخانەیەکی تاران خەوێندرا بوو.

دەنگی ئەم مامۆستایەی ئاوازی ئێران لە تەمەنی ١٢ ساڵان دا یەکەم جار بە تیلاوەتی قورئانی پیرۆز لە ڕادیۆی خۆراسانەوە بڵاو بووەوەو بەدرێژایی ماوەی چالاکییە ھونەرییەکانی ئەلبۆمگەلی موسیقای زۆرو جۆربەجۆری پێشکەشی ھۆگرانی دەنگە بەسۆزەکەی کرد.

بە سەرنجدانی دۆخی نالەباری ئێستاو تەشەنای ڤایرۆسی کۆرۆنا، تەرمی خوالێخۆشبوو مامۆستا شەجەریان دوای ئامادە کران لە مەزارگەی «بەھەشتی زەھرا»ی تاران، بۆ بەخاک سپاردن ڕەوانەی مەشھەدی پیرۆز دەکرێ و لە «توس» دا دەنێژرێت.

سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی لە پەیامێکدا وێڕای سەرەخۆشی کردنی کۆچی دوایی «موحەممەد ڕەزا شەجەریان» مامۆستای ئاوازی ئێران، وتیشی: بە دڵنیاییەوە گەلی قەدرزانی ئێران، ناوو یادو بەرھەمەکانی ئەم ھونەرمەندە خۆشەویستەیان لە بیر ناچێتەوەو بەردەوام لە بیرەوەرییەکانیاندا بە زیندویی ڕایدەگرن.

«حەسەن ڕۆحانی» سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی ڕۆژی پێنج شەممە لە توییتێکدا نووسی:«موحەممەد ڕەزا شەجەریان» سیمای ھەڵکەوتەی ھونەری و ئافرێنەری ھەرماوترین چریکە دڵنشینەکانی ئێران و بێژەری «ڕەببەنا»ی مانگی ڕەمەزان، میراتێکی بایەخمەندی لە خۆی بەجێ ھێڵا.

 «ئیسحاق جەھانگیری» یاریدەری یەکەمی سەرۆک کۆماریش لە پەیامێکدا وێڕای سەرەخۆشی کردنی کۆچی دوایی «موحەممەد ڕەزا شەجەریان» پێی داگرت: ناوی بەڕێزی بەدڵنیاییەوە لە داھاتووش دا ھەروا دەدرەوشێتەوە، وەک چۆن لە ئێستاو ڕابردووش دا میراتێکی بایەخمەندی ھەبووە.

«عەلی لاریجانی» ڕاوێژکاری ڕابەری باڵای شۆڕشی ئیسلامیش لە پەیامی سەرەخۆشییەکەی دەنگی «موحەممەد ڕەزا شەجەریان»ی بە میراتێکی ئیسلامی و ئێرانی وەسف کرد کە لەدڵدا ھێلانەی کردووەو بۆ یادگار دەمێنێتەوە.

«موحەممەد جەواد زەریف» وەزیری دەرەوەی ئێرانیش لە پەیامێکدا لە ئینیستاگرام سەرەخۆشیی خۆی بە بۆنەی کۆچی دوایی مامۆستا«موحەممەد ڕەزا شەجەریان» ڕاگەیاند.

«سەیید عەبباس ساڵحی» وەزیری فەرھەنگی و ئیرشادی ئیسلامیی ئێرانیش لە پەیامێکدا بە بۆنەی کۆچی دوایی مامۆستای ئاوازی ئێران لە کۆمەڵگای ھونەردۆستان و بنەماڵەی ئەو خوالبخۆشبووە سەرەخۆشیی کرد.

سەرپەیڤ