تشرینی دووه‌م 25, 2020 20:49 Asia/Tehran
  • مارادۆنا ، ئەفسانەی تۆپی پێی

ئەفسانەی تۆپی پێی ئەرجەنتین دیێگۆ مارادۆنا لە تەمەنی 60 ساڵیدا بە جەڵتەی دڵ کۆچی دواییکرد. هەواڵی کۆچی دوایی مارادۆنا لەلایەن پارێزەرەکەیەوە پشتڕاستکراوەتەوە. هاوکات ئەو وڵاتە بەبۆنەی کۆچی دوایی مارادۆناوە سێ رۆژ ماتەمینیی راگەیاندووە.

هاوکات ئێدسۆن ئەرانتێس، ئەفسانەی تۆپی پێی بەرازیلی کە ناسراوە بە "پێلێ"، لە پەیامێکی هاوخەمییدا بۆ مارادۆنا گوتی "هیوادارم لە ئاسمان پێکەوە یاریی تۆپی پێ بکەین". هەروەها لیۆ مێسی نووسیویەت "ماڵئاوا ئەفسانە".هەروەها کریستیانۆ رۆناڵدۆ، یاریزانی هەڵبژاردەی پۆرتوگال بۆ مەرگی مارادۆنا نووسیویەتی "ئەمڕۆ ماڵئاوایی لە هاوڕێیەک دەکەم و جیهانیش ماڵئاوایی لە بلیمەتێکی هەمیشە زیندوو دەکات. یەکێک لە هەرە باشترینەکان. جادووگەرێکی بێهاوتا. زۆر زوو جێیهێشتین، بەڵام لەدوای خۆی هەژموونێکی بیسنوور بەجێدێڵێت و بۆشاییەکیش کە هەرگیز پڕناکرێتەوە. ئارام بنوو. تۆ هەرگیز لەیادناکرێیت".

یانەی ناپۆلیی ئیتاڵی کە یەکێک بوو لەو یانانەی مارادۆنا لە ئەوروپا یاریی بۆ بکات لەبارەی مەرگیەوە دەڵێت "جیهان چاوەڕێی وشەکانمانە، بەڵام هیچ وشەیەک بۆ باسکردنی ئەو ئازارە نییە کە ئێمە پێیدا تێدەپەڕین. ئێستا کاتی خەمە".

هاوکات یانەی بارسێلۆنا کە پێشتر مارادۆنا یاریی بۆ کردووە، هاوخەمیی یانەکەی دەربڕیوە و نووسیویەتی "سوپاس بۆ هەموو شتێک، دیێگۆ"، هەروەها نووسیویشیەتی "دوو ساڵ لە جادوو لە کامپ نوو".

دیێگۆ مارادۆنا لە 30ی تشرینی یەکەمی 1960 لەدایکبووە، لە ماوەی رابردوودا بەهۆی خوێنبەربوونی مێشکەوە رەوانەی نەخۆشخانە کرا بۆ وەرگرتنی چارەسەر، دوای دوو هەفتە و لە 11ی تشرینی دووەم لە نەخۆشخانە دەرچوو، ئەمڕۆ 25ی تشرینی دووەمی 2020 کۆچی دواییکرد.بەپێی سەرچاوە جیهانییەکان، ئەو ئەفسانەیەی تۆپی پێ نەشتەرگەریی مێشکی بۆ کراوە. 

 لە ساڵی 2004 جەڵتەی دڵ لێیداوە، ساڵێک دواتر ناچاربوو نەشتەرگەری بکات، لە ساڵی 2007 جارێکی دیکە تەندروستیی تێکچووە و چووەتە نەخۆشخانە. 

لە ساڵی 1986 لەگەڵ هەڵبژاردەی ئەرجەنتین توانیویەتی جامی جیهانی بەدەستبهێنێت. یاریی بۆ هەریەکە لە یانەکانی بۆکا جونیۆرس، ناپۆلی و بەرسێلۆنا کردووە و لەسەر ئاستی جیهان هەوادارێکی زۆری هەیە.بەشێک لە میدیاکانی ئەرجەنتین باس لەوە دەکەن کە کۆچی دوایی مارادۆنا "کاریگەریی لەسەر جیهان" دەبێت.

 

سەرپەیڤ