ئه‌یلوول 09, 2017 14:16 Asia/Tehran
  • بارزانی و دەرگاداخراوەکان بەسەر دابەشکردنی عێراق

شەپۆلی ناڕەزایەتییە ناوخۆیی و دەرەکییەکان دژ بە بەڕێوە چوونی ڕێفراندۆم لە هەرێمی کوردستان لە دەوڵەتی ناوەندیی بەغدا، هیچ رێگایەکی جگە لە پاشەکشێ بۆ مەسعوود بارزانی نەهێشتۆتەوە.

ئاژانسی هەواڵی مێهر لە زمانی ڕامین حسێن ئابادیان کارناسی پرسە سیاسییەکانی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناڤین، دەنووسێ : پرسی جیابوونەوەی هەرێم لە عێراق یەکێکە لەو پرسانەی کە بەردەوام لە بواری سیاسیی عێراقدا خراوەتەڕوو، بەڵام لە ئێستادا پێدەچێت کە بە دیاری کردنی رۆژی ٢٥ سێپتامبر بۆ بەڕێوەبردنی ڕیفراندۆم لە لایەن مەسعوود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ئەو پرسە ڕەنگ و بۆنی جیدی‌تری بە خۆوە گرتووە.

بارزانی گەلێ جار و لە بۆنەگەلی جۆراوجۆردا جەختی لەوە کردۆتەوە کە بە هیچ چەشنێک ئامادەی دواخستنی ڕیفراندۆم نییە. ناوبراو هەروەها ئیدعای کردووە کە بەڕیوەنەچوونی ئەم ڕیفراندۆمە لە ڕابردوودا، زیانێکی زۆری گەیاندووە بە کوردەکان. سەرۆکی هەرێمی کوردستان کە خۆی بە نوێنەری  کوردەکانی ئێراق  دەزانێت، لە سەر ئەو بڕوایەیە کە بە جیابوونەوە لە عێراق بەشێکی زۆری کێشەی کوردەکان چارەسەر دەبێت.بە گشتی بارزانی لە کاتی خستنەڕووی پرسی ڕێفراندۆم لە هەرێمی کوردستانی عێراق و دیاری کردنی کاتی بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆم بەرەڕووی ئاستەنگگەلێکی زۆری ناوخۆیی و دەرەکییە؛ ئاستەنگەلێک کە بارزانی لە سەرەتادا پێی وانەبوو بەو ڕادەیە کێشەساز دەبن. ناڕەزایەتیی ناوخۆیی کوردەکان لە لایەکەوە و لە لایەکی دیکەوە ناڕەزایەتییە دەرەکییەکان تەنانەت لە لایەن وڵاتانێک کە پەیوەندیی نزیکیان لە گەڵ هەرێمی کوردستان هەیە، بۆتە هۆی ئەوەی کە بارزانی خۆی بەرەوڕووی گۆڕانکارییە گەورەکان ببینێت، کە دەبێ بە پێوەری ئەوان سەبارەت بە داهاتووی هەرێم بڕیار بدات. ئەو ناڕەزایەتییە ناوخۆیی و دەرەکییانە بۆتە هۆی ئەوەی کە بارزانی لە هەڵوێستی توندی خۆی بۆ هەڵنەوەشانەوەی کاتی بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆم بکشێتەوە و باسی دواخرانی ڕیفراندۆم  لە ئەگەری پێدانی گەڕەنتی بکات.

هەڵوێستی پێداگرانەی دەوڵەتی بەغدا

حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق گەلێ‌جار ڕاشکاوانە هەڵوێستی یەکلاکراوەی دەوڵەتی بەغدای هەمبەر بە ڕیفراندۆم ڕاگەیاندووە. عەبادی لە یەکێک لە کاردانەوەکانیدا سەبارەت بەو پرسە جەختی کردەوە: بەڕیوەچوونی ڕیفراندۆم بە ئاشکرا لە دژی دەستووری عێراقە. دەوڵەتی بەغدا بەڕیوەچوونی ئەو ڕیفراندۆمە بە نایاسایی دەزانێت و خۆی هەمبەر بە قبووڵ کردنی ئەنجامی ئەو ڕیفراندۆمە بە بەرپرس نازانێت. سەرۆک وەزیرانی عێراق لە وتەکانیدا بۆ جارێکی دیکە جەختی لە زەروورەتی دانوستانی سیاسیی نێوان بەغدا و هەولێر لە پێناو چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوانیان کردەوە.

ناڕەزایەتی کوردەکانی ناوخۆی هەرێمیەکێک لە گرینگترین ئاستەنگەکانی بەردەم بارزانی هەر لە سەرەتاوە ناڕەزایەتیی گرووپێک لە کوردەکان لە گەڵ بەڕێووەچوونی ڕیفراندۆمی سەربەخۆییە. یەکێتی نیشتمانیی کوردستان و حزب و گرووپەکانی سەر بەو حزبە لە ئێستادا ئامادەی قبووڵکردنی بڕیارەکەی بارزانی بۆ جیابوونەوە لە عێراق نین. هەر ئەو پرسە بۆتە هۆی دووبەرەکی و ناکۆکی لە شەقامی کوردەکانی هەرێمی کوردستان و سازبوونی جۆرێک چەند دەنگی لە هەڵوێستەکانیاندا. هەڵبەت کێشەکانی بارزانی تەنیا بەوە کۆتایی پێنایەت، چونکا هەندێک لە نزیکانی بارزانی و لەوان "نێچیرڤان بارزانی" و تاقمێکی دیکەی نوێنەرانی پەرلەمانی عیراقیش دژی بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیین. ئەو گرووپە لە نزیکانی بارزانی، لە سەر ئەو بڕوایەن کە جیابوونەوە لە دەوڵەتی بەغدا تەنیا دەبێ لەباری ئابوورییەوە ڕوو بدات و لە بواری سیاسیدا ئەو دابڕانە بە قازانجی کوردەکان نییە.

هەڵوێستی ڕاشکاوانەی ئێران

کۆماری ئیسلامی ئێران لە سەرەوەی ئەو وڵاتانەیە کە ناڕەزایەتیی خۆی بە ڕاشکاوی دژی بەرێوەچوونی ڕیفراندۆمی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاندووە. بەرپرسانی سیاسی و سەربازیی ئێران بەردەوام جەختیان لەوە کردۆتەوە کە خوازیاری بوونی عێراقێکی یەکپارچەن و دژی هەرجۆرە هەوڵێکن کە ئەو یەکپارچەیی ئەو وڵاتە بخاتە مەترسییەوە. رێبەرێ باڵای شۆڕشی ئیسلامی لە میانەی دیداریان لە گەڵ "حەیدەر عەبادی" لە بەرواەری 20ی ژوئەن (٣٠ی خەرمانان) ڕاشکاوانە جەختیان لەوە کردەوە: کۆماری ئیسلامی ئێران وەک دراوسێیەک، دژی هەندێک قسە و باس سەبارەت بە بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆمی جیابوونەوەی بەشێک لە عێراقە و ئەوانەی پەرە بەو پرسە دەدەن دوژمنی سەربەخۆیی و شوناسی عێراقن". لە لایەکی دیکەوە سەردار باقری، سەرۆکی ئەرکانی فەرماندەیی هێزی چەکداریی کۆماری ئیسلامی ئێران لە میانەی سەردانەکەی بۆ تورکیا بۆ جارێکی دیکە جەختی لە هەڵوێستی بنەمایی تاران هەمبەر بەو پرسە کردەوە.

دژایەتی تورکیا

بەرپرسانی تورکیا لە ڕیفراندۆمی هەرێمی کوردستان وەک هەڵیک بۆ بە دەسەڵات گەیشتنی کوردەکان لە ناوچە و لەو وڵاتە دەڕوانن و لایان وایە کە بە دەسەڵات گەیشتنی کوردەکان کاریگەری لە سەر کوردەکانی تورکیا دەبێت و ئەوانیش بەرەو سەربەخۆیی هان دەدات. هەر بۆیە ڕایانگەیاندووە کە دژی بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆمن و جەختیان لەوە کردۆتەوە کە ئەو پرسە هێڵی سووری تورکیایە. دژایەتیی تورکیا لە گەڵ بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆم بە پێچەوانەی ئێران، بووە هۆی ڕاچڵەکانی بارزانی، چونکا تورکیا و ئەنقەرە پەیوەندییەکی بەربڵاوی، ئابووری، بازرگانی و سەربازییان پێکەوە هەیە.

هەڵوێستی ئەمریکا

دەوڵەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاش یەکێکی دیکە لە لایەنە دژبەرەکانی بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆمە. ریکس تیلەرسۆن وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە ماوەیەک لەوە پێش لە پەیوەندیی تەلەفونی لە گەڵ مەسعوود بارزانی خوازیاری دواخرانی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی بوو. هاوکات باڵوێزی ئەمریکا لە عێراق رۆژی ١٥ی ئەگوست لە میانەی دیدار لە گەڵ شاندی هەرێمی کوردستان لە بەغدا جەختی لە دژایەتیی واشنتۆن لە گەڵ بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆم کردۆتەوە و ڕایگەیاندووە کە کێشە و ناکۆکیی نێوان لایەناکن دەبێ لە رێگەی گفتوگۆ و دانوستانەوە چارەسەر بکرێت.

ئەوە لە کاتێکدایە کە ئەمریکا خۆی بەردەوام خوازیاری دابەشکاریی عێراق بووە و جۆ بایدن جێگری سەرۆک کۆماری پێشووی ئەو وڵاتە لە ساڵی ٢٠٠٦ بە ڕاشکاوی باسی لە دابەشبوونی عێراق بە سەر سێ هەرێمی شیعە، سوننە و کورد کردبوو. بەڵام لە ئێستادا پێدەچێت عێراقی یەکپارچە زیاتر بە قازانجی ئەمریکا و مایەی مانەوەی سەربازیی لە قۆناغی دوای داعش لە عێراق بێت و دوو وڵات لەوبارەدا ڕێککەوتوون. هەر بۆیە چیتر پێویستێک بە هەرێمی کوردستان و دابەشبوونی عێراق نییە و بگرە ئەو پشتیوانییە دەتوانێ وەک مەترسییەک بۆ سەر ڕێککەوتنی ئێستا وێنا بکرێت.

 

دابەشبوون؛ دابین‌کەری بەرژەوەندیی زایۆنیسم

بێ شک سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان دەسپێکێکە بۆ دابەشبوونی عێراق و دابین کەری بەرژەوەندییەکانی ڕژیمی زایۆنی، چونکا لاوازبوونی وڵاتانی ناوچە و بە تایبەت وڵاتێکی گرینگی وەک عێراق، دەبێتە هۆی بە هێزبوونی ڕژیمی زایۆنی . کەواتە بیستنی هەواڵی پشتیوانیی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە بەڕێوە چوونی ڕێفراندۆم لە هەرێمی کوردستان شتێکی ئاساییە. بنیامین نتانیاهۆ لە کۆبوونەوەی لە گەڵ 33 نوێنەری کۆماریخوازی کۆنگریسی ئەمریکا لە سەرەتاکانی مانگی ئەگۆست، پشتیوانیی خۆی لە ڕێفراندۆم  لە  هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند.