تشرینی یه‌که‌م 19, 2017 09:50 Asia/Tehran
  • هۆکارەکانی دوژمنایەتی کردنی ئەمریکا لەگەڵ ئێران لە ڕوانگەی ڕێبەری شۆڕشی ئیسلامیی ئێرانەوە

حەزرەتی ئایەتووڵڵا خامەنەیی ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامیی سەر لە بەیانی دوێنێ (چوارشەممە) لە دیداری سەدان بلیمەتی لاو و زانستوەری خاوەن بەهرەدا، بە ئاماژە بە ئامانجەکانی ئەمریکا لە دوژمنایەتی کردنی لەگەڵ ئێران ، هەندێ باس و بابەتی لەم بارەوە شی کردەوە.

ڕێبەری شۆڕشی ئیسلامی بە ئاماژە بە پچڕانی تۆکمە و تەواوی بەسراوە بوونی ئێران بە ئەمریکا ڕایگەیاند: دوژمن بە خستنە بن چاوەدێری ڕوو‌داو و گۆرانکارییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران، تەواو تووڕە و نیگەرانە لەوەی کە ئێران لە وڵاتێکی پێوەبەستراوو دواکەوتووەوە ببێ بە وڵاتێکی کارتێکەر، خاوەن کنە و دەسەڵاتێکی ڕوو لە پەرە ی سیاسی، بەرەڤانی و زانستی".

مەقامی مەزنی ڕێبەری بە ئاماژە بە  دوژمنایەتیی ڕژێمی ئەمریکا دژ بە گەلی ئێران هەر لە یەکەم ڕۆژانی سەرکەوتنی شۆڕشەوە  فەرمووی: ئەو ڕۆژانە نە مەسەلەی وزەی ئەتۆمی لە ئارادا بوو و نە مووشەک و کنە و دەسەڵاتی ناوچەیی، بەڵام ئەمریکاییەکان بۆیان دەرکەوتبوو کە بە سەرکەوتنی شۆڕش، ئیتر ئێرانیان وەک "وڵاتێکی بندەست، ملکەچ و زۆر پڕسوود" لە کیس چووە.

ڕێبەری مەزنی ئینقلاب، ڕژێمی تەواو شەڕەت و شەڕخوازی ئەمریکای بە واتای ڕاست و درووستی ئیمامی خوالێخۆشبوو بە "شەیتانی گەورە" و "شەیتانی ئەکبەر" ناو بردو جەختی کرد: حکومەتی ئەمریکا پشتیوانی تۆڕی پڕمەترسی و دزێوی زایۆنیزمی نێودەوڵەتی، دوژمنی گەلانی سەربەخۆ و هۆکاری سەرهەڵدانی زۆربەی شەڕ و ئاژاوەکان لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و  جیهانە و وەک زێروویەک خەریکی مژینی خوێنی گەلانە.

خاڵی گرینگ کە چەندین جار لە وتەکانی ڕێبەری مەزنی ئینقلابدا جەختی لە سەرکراوە، پێویستی تێڕامان و تێفکرین لەم مەسەلەدایە کە هۆکاری سەرەکیی دوژمنایەتی کردنی ئەمریکا لەگەڵ ئێران پووچەڵ بوونەوەی پیلانەکانی ئەمریکا لە ناوچە لەوان لە سووریا، لوبنان و ئێراقە کە سناریۆ جیاییخوازانە و دووبەرەکی نانەوەکانی ئەمریکا و ئیسراییلی تەواو لێک هەڵوەشاندۆتەوە. ئەمریکا هەوڵ دەدات تووڕەیی و دوژمنایەتی خۆی لەگەڵ ئێران لە ژێر بانگەشەی درۆو  دەلەسە و قسە و باسی سووک و بێ بایەخ لە چوارچێوی دژایەتی کردنی ڕێککەوتنی ئەتۆمیی نێوان ئێران و وڵاتانی ئەندامی گرووپی "پێنج کۆ یەک" دەرببڕێ و تا ئەو جێگایەی بۆی دەکرێ هەوڵ دەدات ئەورووپاییش لە نەیارەتی کردنی ئەم ڕێککەوتنە ئەتۆمییە بێنێتە سەر ڕێگا و ئاراستەی خۆی. هەرچەن یەکێتیی ئەورووپا لە مەسەلەی بەرنامەی تۆکمەی هەنگاوی هاوبەشدا هەڵوێستی خۆی کە نەیاری ئەمریکایە دەربڕیوە؛ بەڵام ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران لەم بارەوە ڕاسپێرییەکیشی بە ئەروووپاییەکان کرد و فەرمووی: ئەورووپاییەکان دەبێ بەرامبەر بە کردەوەکانی دەوڵەتی ئەمریکا لەوان بنپێ کردنی ڕێککەوتنی ئەتۆمی هەروەک ئەو بایکۆتانەی کە چاوەڕێن لە کۆنگرێس بێتە دەرەوە راوەستن و خۆیان ببوێرین لە یەکدەنگی لەگەڵ ئەمریکاییەکان لە هەندێ پرس و  بابەتی وەک توانای بەرەڤانیی ئێران و کنەو دەسەڵاتی لە ناوچەکەدا؛ لەبەر ئەوەی کە ئێمە بە هیچ لەونێ ناچینە ژێر باری هاودەنگیی ئەورووپا لەگەڵ زۆربێژییەکانی ئەمریکا.

کاربەدەستانی دەوڵەتی ئەمریکا ناچارن ئەو ڕاستییە قەبووڵ بکەن کە ئەم جارەیش سەبارەت بە ئێران  تووشی هەڵەیەک لە پێشبینییەکانیاندا بوون' هەروا کە ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران فەرمووی ئەو پێشبینییانە تەنیا دەتوانێ ئەنجامی دواکەوتووییەکی زەینی بێ کە پێیان وابێ دەتوانن ئێران بکەنە بیانوویەک بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان.
ئەمریکا سپای پاسدارانی ئینقلابی ئیسلامی کە ڕێگای لە سەر ئامانجە پڕمەترسییەکانی ئەمریکا و داعش لە ناوچەکە داخستووە، دەخاتە نێو لیستی گرووپە تیرۆریستییەکانەوە، لە کاتێکدا کە ئەلقاعیدە و داعش لە لایەن خودی ئەمریکاوە بناغە و بنچینەیان دانراو داکۆکییان لێ کرا. ئێران ئەو کاتەی کە ئۆباما مستی ئاسنینی ئەمریکای بە واتای ڕێبەری ئینقلاب لە دەسکێشی مەخمەڵیندا شاردبوویەوە و باسی گۆڕانی دەکرد، بە بیستنی ئەو وشە و دەستەواژانە شاگەشکە دای نەدەگرت کە ئەمڕۆ لە هەڕەشە و گوڕەشەکانی ترەمپ ترس دایگرێ.