تشرینی دووه‌م 03, 2017 14:13 Asia/Tehran
  • بانگەشەی پێوەندیی ئێران لەگەڵ ئەلقاعیدە؛ چەواشەکاریی ئەمریکا بە دۆلارە نەوتییەکانی سەعوودی

ئەو بەڵگانەی ئەمدواییە لە لایەن دەزگەی هەواڵگریی ئەمریکا (سی ئای ئەی) بڵاو بوونەوە و هاوکات ڕاپۆرتی ڕێکخراوی ناسراو بە "ناوەندی بەرگری لە دیموکراسی" سەبارەت بە پەلامارەکەی ئەمریکا بۆ سەر حەشارگەکەی "ئوسامە بن لادەن" سەرکردەی پێشووی ئەلقاعیدە لە 'ئەبیت ئاباد"ی دەڤەری پێتەختی پاکستان لە ساڵی ٢٠١١، بانگەشەی چەشنێک پێوەندیی نێوان ئەلقاعیدە و ئێران دەکەن .

"محەممەد جەواد زەریف" ڕۆژی پێنجشەممە لە لاپەڕەی تویتەری خۆیدا لە کاردانەوە بە بەڵگە ساختە بڵاو کراوەکان سەبارەت بە ئەلقاعیدە نووسی: ڕکۆردێکی بێ بنەما سەبارەت بە ڕادەی کارتێکەریی دۆلارەنەوتییەکان، هەواڵی درۆ و دەلەسەی دەزگەی هەواڵگریی ئەمریکا (سی ئای ئەی) و ناوەندی بەرگری لە دیموکراسیی بەو بەڵگە دەستبژێرانەی هاوپەیوەند بە ئەلقاعیدە لەبارەی ئێرانەوە ناتوانێ دەستێدابوونی هاوپەیمانانی ئەمریکا لە پەلامارەکانی ١١ی سێپتەمبەری ٢٠٠١ بشواتەوە..

هاوکات "حەمید بەعیدی نژاد" باڵیۆزی ئێران لە لەندەن رۆژی پێنجشەممە لە کاردانەوە بە بڵاو کرانەوەی بەڵگەگەلێک هاوپێوەند بە سەرکردەی پێشووی ئەلقاعیدە، لە پەیامێکی تویتەریدا و بە بڵاو کردنەوەی ڤیدیۆیەک لە "هیلاری کلینتۆن" نووسی؛ وەزیری دەرەوەی پێشوی ئەمریکا دانی ناوە بەوەدا و ڕایگەیاندووە: " ئێمە بنچینە و بناغەی ئەلقاعیدەمان داڕشت، بە چەکی پێشکەوتوو پشتیوانیمان لێ کردن و بشێوی و کاولییەکی گەورەمان لە ئەفغانستان و پاکستان بەجێ هێشت."

هەرچەن بە مردنی "ئوسامە بن لادەن" لە ئۆپەراسیۆنی هێزە تایبەتەکانی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠١١، راز ونهێنییەکانی چۆنیەتی بناغەدانرانی گرووپی تیرۆریستیی ئەلقاعیدە  و کەڵک وەرگرتنی ئەمریکا لەم گرووپە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی خۆی لە ئەفغانستان، شاراوە مایەوە، بەڵام هەر ئەم بەڵگانەی ئێستا لە بەردەستدان و دان پێدانانی هیلاری کلینتۆن، پێوەندیی ڕاستەوخۆی ئەلقاعیدە و ئەمریکا و هاوپەیمانە ناوچەییەکانی ئەم وڵاتە بە ئاشکرا دەردەخات. چاوخشاندنێک بە سەر پەلامارەکانی ١١ی سێپتەمبەری ٢٠٠١ لە ئەمریکا، پیشاندەری پێوەندیی ڕاستەوخۆی پەلاماردەران و عەرەبستانە. ١٥ کەس لەو ١٩ کەسەی دەستیان بوو لە پەلامارە تیرۆریستییەکانی ١١ی سێپتەمبەری ٢٠٠١ لە ئەمریکا، سەعوودی و ئەندامی ئەلقاعیدە بوون. عەرەبستانی سەعوودی وەکوو سەرچاوە و لانکی تیرۆریزم، دەوری سەرەکی دەگێڕێ لە برەو پێدانی ئەم دیاردە دزێوەدا و ڕاپۆرت و بەڵگە دەسبژێرەکانی ئەمریکا ، پیشاندەری ئەوەیە کە پێترۆدۆلارەکانی سەعوودی چەندە کاریگەری دادەنێتە سەر دیاری کردنی ئاراستە و چوارچێوی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا هەرچەن عەرەبستان ئێستا بە هۆی ئەم دەسەڵاتدا و حاکمە نوێیانەی کە کاروباری ئەم وڵاتەیان گرتۆتە دەست هەوڵێکی زۆر دەدات بۆ باشتر و نەرم ونیانتر نیشان دانی سیمای ئەم وڵاتە کە سەرچاوەی تیرۆریزم بە دۆلاری سەعوودییە. لانکی "سەلەفیگەری" و "وەهابییەت" کە سەرچاوەی تیرۆریزمی ئەلقاعیدە تا تیرۆریزمی داعشی و بەرەی نوسرە بووە، هەر هەموو عەرەبستانی سەعوودییە و بڵاو کردنەوەی بەڵگەی دەسبژێر ناتوانێ ئەو ئاراستە و هەڵوێستە بگۆڕێ.

قسەکانی ئەمدواییە "محەممەد بن سەلمان" پاشمیری عەرەبستان لە کۆبوونەوەی ئابووری کە لە ڕیاز بەڕێوە چوو، و وتی کە وڵاتەکەی خەریکە دەگەڕێتەوە بەرەو لای ئیسلامێکی نێوانەڕەو و نەرم و نیان، لە چوارچێوی هەر ئەو هەواڵانەی هەڵدەسەنگێندرێ کە بۆ نیشان دانی سیمایەکی نوێ لەم وڵاتە کە لانک و سەرچاوەی تیرۆریزمو  هەناردە کردنی بۆ جیهانە. هەر لەم چوارچێوەدا "عەلی موراد" کارناسی کاروباری سەعودی وتی: زۆربەی ئەو کەسانەی و لە عەرەبستان هاتوونەتە دەرەوە وهەڵمەتی تیرۆریستیی خۆکوژانە ئەنجام دەدەن  تەمەنیان ژێری ٣٠ ساڵە و "محەممەد بن سەلمان" بە کردەوە دانی نا بەوەیدا کە وڵاتەکەی خەریکە لاوی توندڕەو ڕادەستی کۆمەڵگەی جیهانی دەکات.

هەوڵەکانی ئێستای حاکمان و دەسەڵاتدارانی سەعوودی لە هاوکاریی بارزگانیی لەگەڵ دەوڵەتی ئەمریکا و ڕژانی دۆلاری سەعوودی بۆ نێو ئەم وڵاتە، هەر هەمووی لە پێناو نەرم و  نیان نیشان دانی سیمای عەرەبستانی سەعوودی لە جیهاندایە. لەم نێوانەدا ناوەندە ئەمریکاییەکانیش هەوڵ دەدەن بە دەسبژێر کردنی بەڵگەکان و تۆمەتبار کردنی ئەم و ئەو، ڕێگا خۆش کەن بۆ عەرەبستانی سەعوودی.

وێڕای هەموو ئەو هەوڵانە ، ئەو ڕاستییە مێژووییە هەرگیز ناگۆڕدرێ کە عەرەبستانی سەعوودی وەکوو هاوپەیمانی ئەمریکا سەرچاوەی سەرەکیی تیرۆریزم و تۆمەتباری یەکەمی پەلامارەکانی ١١ی سێپتەمبەر بووە و شاروومەندی سەعودی بوونی پەلاماردەران سەلمێنەری ئەم ڕاستییەیە. تەنانەت دادگەکانی ئەمریکایش عەرەبستانی سەعوودییان بە دەستێدابوون لە پەلامارەکانی ١١ی سێپتەمبەر مەحکووم کردووە..

 

سەرپەیڤ