تشرینی دووه‌م 17, 2017 16:54 Asia/Tehran
  • ڤیتۆی بڕیارنامەی دژە سووری لە ئەنجومەنی ئاسایش، شکستێکی دیکەیە بۆ ئەمریکا

هاوکات لەگەڵ ڕەوتی سەرکەوتنی سوپای سووریاو هاوپەیمانەکانی لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم، ژمارێک ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لەهەوڵدابوون، ئەو سەرکەوتنانە بخەنە ژێر کارتێکەری بەڵام بێ ئاکام بوون.

رووسیا رۆژی پێنج شەممە لە دەسپێکی قەیران لە سووریا لەساڵی٢٠١١وە تائێستا ، بۆ جاری دەهەم لە ئیمتیازی مافی ڤیتۆی خۆی کەڵکی وەرگرت لە ئەنجومەنی ئاسایش بۆ پێش گرتن بە پەسەندکرانی ڕەشنووسی بڕیارنامەیەک لەدژ سووریا.

مۆسکۆ جارێکی دیکە ڕێگەی نەدا ئەو گەڵاڵە ئەمریکییە لەبارەی نوێکرانی فەرمانبەرێتی سیاسی لێژنەی لێکۆڵینەوەی هاوبەش سەبارەت بە کەڵک وەرگرتن لە چەکئامێری شیمیایی لە سووریا پەسەند بکرێ.

لێژنەی لێکۆڵینەوەی هاوبەشی ڕێکخراوی نەتەوەکان و ڕێکخراوی قەدەغەی چەکە شیماییەکان لەئەنجامی لێکۆڵینەوەکانیان ئیدیعای کردووە، حکومەتی سووریا لە هێرشی چواری ئاڤریلی٢٠١٧ی سەر ناوچەی خان شەیخون لە ئیدلەب، باکووری ڕۆژاوای سووریا لە گازی سارین کەڵکی وەرگرتووە.

فەرمانبەرێتی لایەنگرانەی ئەو لێژنە هاوبەشە بەڤیتۆی ڕووسیا شەوی پێنج شەممە کۆتایی پێهات.

لێژنەی لێکۆڵینەوەی هاوبەش، لەکاتێکدا سووریا لەسەر کەڵک وەرگرتن لە گازی سارین لەناوچەی خان شەیخون تاوانبار دەکا، کە دەمشق بەجاران ئەو ئیدیعایەی ڕەت کردۆتەوە. ڕووسیاش جەختی کردووە، ڕاپۆری لێژنەی لێکۆڵینەوەی هاوبەشی ڕێکخراوی نەتەوەکان و ڕێکخراوی قەدەغەی چەکە شیماییەکان لەمەڕ ئەو دەیتایانەیە کە وەک سەنەدو بەڵگە بۆ کەڵک وەرگرتن ناشێن. هەرلەوبارەوە، سێرگئی ریابکۆف یاریدەری وەزیری دەرەوەی ڕووسیا لەم دواییەدا ڕایگەیاند: "ڕاپۆری لێژنەی هاوبەش داگری لێدوان و ئاخاوتنی زۆری دژ بەیەکەو لە شایەتی دانی کەسانێک کەڵک وەرگیراوە کە ڕاستبوونیان جێی گومانە".

ئیدلەبی سووریا لەژێر کۆنترۆڵی گرووپە چەکدارەکانی جێی داکۆکیی ڕۆژاوا لەوان ئەمریکایەو هەوڵدان بۆ درێژەی فەرمانبەرێتی لێژنەی لێکۆڵینەوەی هاوبەش بەئامانجی ڕاگەیێندراوی تاووتوێی کەڵک وەرگرتن لە گازی سارین لەناوچەی خان شەیخون، بێ گرینگیدان بە بەڵگەو سەنەدە ڕاستەقینەکان، وەک جۆرێک کایەی سیاسی لێک دەدرێتەوە بۆ گۆڕینی هاوکێشەکان لە سووریا. ڕۆژاوا لەکاتێکدا هەروا دۆسییەی خان شەیخونی وەک کارتی فشار لەسەر دەوڵەتی یاسایی بەشار ئەسەدو ڕووسیا پاراستووە، کە دۆخی مەیدانیی سووریا، بەقازانجی بەرەی ڕاستەقینەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم دەچێتەپێش.

 بەهاوکاری ستراتژیکی سووریا، ئێران، ڕووسیاو حیزبوڵڵای لوبنان، ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی تیرۆریستان لەسووریا بەرتەسک کراوەو زیاتر لەسەتا٩٠ی خاکی ئەو وڵاتە لەتیرۆریستان سەندراوەتەوە. ئەو سەرکەوتنە ئێستا لەشاری ستراتژیکی ئەبووکەمال، لەسنووری سووریاو ئێراق، دەبینرێ و هەرەس هێنانی داعش لە ڕۆژهەڵاتی سووریا، ئەوپەڕی سەرکەوتنی ستراتژیکی سووریاو هاوپەیمانانی لەهەمبەر پیلانی لایەنگرانی تیرۆریستان لە سووریا دێتەئەژمار.

سەرکەوتنە مەیدانی و سیاسییەکانی سووریا، بەدەر لە ئیرادەی ئەمریکاو هاوپەیمانەکانیەتی و لەوەها بارودۆخێکدا، واشنگتۆن تێدەکۆشێ لەئامرازی ڕێکخراوی نەتەوەکان، بۆ بردنە پێشی ئامانجەکانی لە سووریا کەڵک وەربگرێ.

هەرلەوبارەوە، بەشار جەعفەری نوێنەری سووریا لە ڕێکخراوی نەتەوەکان رۆژی پێنج شەممە پاش ڤیتۆی بڕیارنامە ئەمریکییەکەی دژی سووریا لەلایەن ڕووسیاوە، وتی: "ئەمریکا بەکەڵک وەرگرتنی ئامرازانە لە ڕێکخراوی نەتەوەکان لەهەوڵی بردنەپێشی سیاسەتی وێرانکەرانەی خۆیەتی لە سووریادا."

سیاسەتی وێرانکەری ئەمریکا لە سووریا تەنیا بە هەوڵدان بۆ کەڵک وەرگرتنی ئامرازانە لەڕێکخراوی نەتەوەکان بەرتەسک نابێتەوە، ئامادەبوونی نایاسایی سەربازانی ئەمریکی لەسووریا، جێگۆڕکێ کران بە سەرکردەکانی داعش بەئامانجی پێش گرتن بە لەناوچوونی بەتەواوەتیی داعش لە سووریا، کۆی سیاسەتی کاولکەری ئەمریکا لە سووریا پێک دێنێ. تەگەرەنانەوەی ئەمریکا لەبەردەم لەناوبرانی بەتەواوەتی داعش لە ئەلبووکەمال، هەوڵدان بۆ کۆنترۆڵی بەشێک لەناوچە باکوورییەکانی سووریا بەئامانجی پارچە پارچەکرانی ئەو وڵاتە، هاوڕەوتە لەگەڵ هەوڵەکانی ئەمریکا لەڕێکخراوی نەتەوەکان بۆ لەگوشارنانی سووریا.

سەرپەیڤ