تشرینی دووه‌م 17, 2017 17:06 Asia/Tehran
  • بەهەڵەدا بردنی وەزیری دەرەوەی فەرانسا لەژێر کاریگەریی دەمهەراشییەکانی عادڵ جوبەیر

وەزیری کاروباری دەرەوەی فەرانسا لەژێر کاریگەریی چەواشەکارییەکانی عەرەبستانی سەعودی ، نیگەرانیی دەربڕی لە ڕۆڵی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ناوچەکەدا و هاوکات وەزیری دەرەوەی ڕژێمی سەعودی، ئێرانی بە دەستوەردان لە کاروباری نێوخۆیی لوبنان و یەمەن تۆمەتبار کرد.

عادڵ جوبەیر وەزیری کاروباری دەرەوەی عەرەبستانی سەعودی ڕۆژی پێنج شەممە لە پرێس کۆنفرانسێکی هاوبەش دا لەگەڵ ژان ئیڤە لۆدریان وەزیری کاروباری دەرەوەی فەرانسا لە ڕیاز، بانگەشەی کرد کە وا هەڵدەگرێ هێندێک ڕێگا لە بەرامبەر حیزبوڵڵادا بگیردرێتە بەر.

عادڵ جوبەیر لە درێژەی بانگەشەکانی دژی ئێران و حیزبوڵڵای لوبنان لەپاش ڕاگەیەندرانی لەکارکشانەوەی سەعد حەریری لە پۆستی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی لوبنان لە ڕیاز، وای نواند کە گوایە ئێران حیزبوڵڵای لوبنان بۆ پەرە پێ دانی کنەو دەستەڵاتی خۆی لە ناوچەکەدا بەکار دێنێ. وەزیری دەرەوەی فەرانساش بانگەشەی کرد کە ڕۆڵی ئێران لە بوارە جۆربەجۆرەکان و دەستوەردانی تاران لە قەیرانە ناوچەییەکاندا جێگای نیگەرانییە.

بانگەشەو نیگەرانی دەربڕینی هەردووک وەزیری دەرەوەی ڕژێمی سەعودی و فەرانسا لە گەڵ ڕاستییەکانی ئێستای ناوچەی ڕۆژئاوای ئاسیا یەک ناگرێتەوەو ڕاستی دا جۆرێکە لە چەواشەکاری و بەهەڵەدا بردنی بیروڕای گشتی. لەم ناوەدا ئەوەی وا زیاتر لە هەر شتێکی دیکە جێگای نیگەرانییە، خەمساردیی وڵاتانی عەرەبی لەوانە فەرانسە لە هەمبەر سیاسەتەکانی تێکدەرانەی ڕژێمی سەعودی لە ناوچەکەیە. ڕوانینی یەک لایەنە بۆ گۆڕانکارییەکانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناڤین لەوانە قەیرانی یەمەن، وا دەردەخات کە دۆلارە نەوتییەکانی سەعودی و ساختەکاریی سەعودییەکان، هەڵوێستی وڵاتانی هاوتەریب لەگەڵ عەرەبستانی سەعودیی ڕێک دەخات.

ڕوانینی ڕاستبینانە بەرامبەر بە گۆڕانکارییەکانی ئەم دواییەی ناوچەی ڕۆژئاوای ئاسیا بە باشی ئەوە دەردەخات کە لە ڕۆڵی چ وڵات و لایەنگەلێک لە ناوچەکەدا دەبێ نیگەران بین. فەرانساو ئەو وڵاتانەش کە لەژێر کاریگەریی ڕژێمی شەڕخوازی سەعودی هەڵوێستگەلێکی ناڕاست دەگرنە بەر، بۆخۆیان باش دەزانن کە لە سیاسەتەکانی عەرەبستانی سەعودی و ڕژێمی زایونی دا بۆ ڕیشەو سەرچاوەی قەیرانە جۆربەجۆرەکانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناڤین بگەڕێن کە ئەمڕۆکە وەک هاوپەیمانێکی نەگریس بەگژ جەماوەری ناوچەکەدا دەچنەوە.

قەڵاچۆی هەموو ڕۆژەی جەماوەری یەمەن بە تایبەت منداڵان و ئافرەتانی یەمەنی و توندبوونەوەی گەمارۆکانی سەر ئەم وڵاتە دەستکورتە لە سای بێ دەنگە لێکردنی کۆمەڵگای نێونەتەوەیی و وڵاتانی بانگەشەکاری مافی مرۆڤ لەوانە فەرانسا، ڕاستییەکەو بە بانگەشەو دۆو دەلەسەی ساختەکارانەش ناگۆڕدرێت. بێ گومان ڕۆژئاواییەکان کە بەردەوام چەک و چۆڵی تێکدەرانەو مەرگهێن دەخەنە بەر دەستی عەرەبستانی سەعودی، هاوبەش و هاوتاوانی دڕندەکاری و شەڕەنگێزییەکانی ڕژێمی سەعودین لە یەمەن دا.

گەمارۆی هەمەلایەنەی یەمەن و بوردومانی ناوچە جۆربەجۆرەکانی ئەم وڵاتە بە چەکی ڕۆژئاوایی لەوانە چەکی قەدەغە کراو، ڕەوشتێکی دڵچزێنی لە یەمەن دا بەدی هێناوە کە هەر مرۆڤێکی بیرئاراد پەرۆش و خەمبار دەکات. هەر لەم ئاراستەیەدا سەرۆکانی ڕێکخراوەی پاکپارێزیی جیهانی، سندوقی منداڵانی نەتەوەیەکگرتووەکان( یونیسێف) و بەرنامەی جیهانیی خۆراکی سەربە ڕێکخراوەی نەتەوەکان ڕۆژی پێنج شەممە بە ڕاگەیاندنی ئەمەی کە پتر لە بیست ملوێن کەس لەوانە یانزە ملوێن ئافرەت و منداڵی یەمەنی پێویستیان بە یارمەتیی دەستبەجێیە، داوای هەڵوەشانەوەی دەستبەجێی گەمارۆکانی سەر یەمەنیان کرد.

ئەم ڕەوشتە قەیراناوییە لەپاڵ باری خراپی خواردن کە گیانی نزیکەی چوارسەد هەزار منداڵی یەمەنیی خستووەتە مەترسییەوە، ڕاستییەکانی ئێستای ناوچەکەن و بوونەتە هۆی دڵمەند بوون و پەرۆشیی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی کە ئەمەش هاوپەیوەندە بە شەڕخوازییەکانی ڕژێمی سەعودی و پشتیوانیی ڕۆژئاوا لەوانە فەرانسا لەم ڕژێمە. هەر لەم چوارچێوەیەدا بەهرام قاسمی وەتەبێژی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە کاردانەوەیەک دا بەرامبەر بە بانگەشە پڕوپوچ و بێ ناوەڕۆکەکانی وەزیری دەرەوەی فەرانسا لەپرێس کۆنفرانسە هاوبەشەکەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ڕژێمی سەعودی لە ڕیاز کە سیاسەتەکانی ئێرانی بە جێگای نیگەرانیی زانی بوو، پێی لە سەر ئەو داگرت کە فرۆشرانی چەک و چۆڵی مەرگهێن لە لایەن هێندێک لە وڵاتانی دەرەوەی ناوچەکە بە وڵاتانی ناوچەکە کە بڕێکیان لە شەڕی ماڵوێرانکەری دژی جەماوەری یەمەن بەکار دێت و پشتگری کردنیان لە عەرەبستانی سەعودی و هاوتاوانەکانی لە ناوچەکە، بووەتە هۆی توندوتیژ بوونەوەی ناسەقامی و پشێوی لە ناوچەکەدا.

سەرپەیڤ