تشرینی دووه‌م 19, 2017 10:22 Asia/Tehran
  • کۆتایی دیاردەیەکی شووم بۆ عێراق بە ناوی داعش

هێزە عێراقییەکان دوای گرتنەوەی ناوچە بندەستەکانی داعش لە رۆژئاوای ئەو وڵاتە، کۆتاییان هێنا بە وەیشوومەی سێ ساڵەی داگیرکرانی ئەو وڵاتە لە لایەن تەکفیرییەکانەوە.

هێزە عێراقییەکان رۆژی هەینی ٢٦ی گەڵاڕێژان بە گرتنەوەی شاری ڕاوە وەک دواناوەندی داعش لە رۆژئاوای ئەو وڵاتە کۆتاییان هێنا بە داگیرکاریی ناوچەگەلێکی عێراق لە لایەن داعشەوە و دۆسیەی سەربازیی تیرۆریستان لەو وڵاتەیان داخست.

سەرەتا چاوێک دەخشێنی بە گرینگترین ڕووداوەکانی سێ ساڵ داگیرکاریی ناوچەگەلێکی بەربڵاوی عێراق لە لایەن داعشەوە:

لە ساڵی ۲۰۱۴ داعش هەڵیکوتایە سەر عێراق و ناوچەگەلێکی بەربڵاوی ئەو وڵاتەی داگیر کرد و دوای گرتنی مووسڵ ئەبووبەکر بەغدادی سەرکردەی داعش خۆی وەک خەلیفەی دەوڵەتی ئیسلامی عێراق و شام ناساند.

هاوکات ئایەتوڵڵا سیستانی فتوای مێژوویی خۆی بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش ڕاگەیاند و لە کاتێکدا کە ئەمریکاییەکان تەنیا چاوەدێریی دۆخەکەیان دەکرد، خەڵکی خۆبەخش یان هەمان حەشدی شەعبی کە ڕۆڵێکی بەرچاوی بووە لە بەزاندنی داعش، لە ١٥ی ژوئەنی ۲۰۱۴ پێکهات.

لە گەلاوێژی ساڵی ٢٠١٣دا بەنداوی مووسڵ وەک گەورەترین بەنداوی عێراق کەوتە بندەستی داعش. ئەو بەنداوە کە بە هۆی لاوازی لە پێکهاتەیدا دۆخێکی ناپاوەجێی هەیە، دوای داگیرکرانی لە لایەن داعشەوە ترس و نیگەرانیی تێکشکان و لافاوێکی ترسێنەر دڵەڕاوکەکانی چەند هێندە کردووە. هاوکات داعش هەڵیکوتایە سەر شەنگال و شاری ئێزدییەکان. ڕاپۆرتەکانی دوای ئەو هێرشە باسیان لە کوشتوبڕ و کۆمەڵکوژیی داعش لە شەنگال و دەستدرێژی و ڕفاندن و بە کۆیلەگرتنی ژنانی ئەو شارە دەکرد. ژمارێک لە ئاوارەکان ڕوویان لە کێوێکی باکووری ئەو شارە نا و تیرۆریستانی داعش گەمارۆیان دان و دەستیان دایە کوشتوبڕی ئەو خەڵکە.

لە ڕەشەمەی ۹۳ی هەتاوی داعش شاری دیرۆکیی نەمروود لە ٣٠ کلیۆمەتریی باشووری رۆژهەڵاتی مووسڵ و لە پەراوێزی ڕووباری دیجلە، کە بە نگینی ئاشووری ناوی لێدەبرێت، وێران کرد.

تا کۆتایی ساڵی ٩٣ عێراق بەستێنی توندوتیژیی بەردەوام و هێرشە بەربڵاوەکانی داعش بوو. قەیرانی سیاسی عێراق و پەرتەوازەبوونی سوپا، بەرەنگاربوونەوەی داعشی بەرەوڕووی گرفت و لە هەندێک ناوچەدا نامومکین دەکرد.

ساڵی ٩٤ پێشڕەویی هێزە عێراقییەکان بەرەو تکریت دەستی پێ‌کرد. رۆژی ١١ی خاکەلێوەی هەمان ساڵ عەبادی ڕایگەیاند کە داعش لە زاگەی سەدام ڕاو نراوە. لەو شەڕەدا هێزەکانی حەشدی شەعبی ڕۆڵێکی بەرچاو و کارایان بوو.

هێشتا شادیی وەرگرتنەوەی تکریت کۆتایی پێنەهاتبوو کە داعش شاری ڕۆمادی لە رۆژئاوای عێراقی گرت. ڕۆمادی ناوەندی پارێزگای ئەنبار لە عێراقە و لە جۆزەردانی ساڵی ٩٤ ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنەوەی پارێزگای ئەنبار دەستی پێکرد. لە بەفرانباری هەمان سالدا شاری ڕۆمادی بە هاوکاریی سوپا و حەشدی شەعبی گیراوە.

لە پووشپەری ساڵی ٩٥ی هەتاوی سوپای عێراق داعشی لە فەلووجە و لە ٥٠ کیلۆمەتریی بەغدا ڕاوەدوونا. شەڕی کۆڵان و شەقام حەوتەیەکی خایاند.

بەڵام گرینگترین ئۆپەراسیۆنی سوپای عێراق واتە گرتنەوەی مووسڵ لە ٢٦ی ڕەزبەری ساڵی ٩٥ی هەتاوی دەستی پێکرد.  لە مانگی گەڵاڕێژانی هەمان ساڵدا سوپای عێراق گەیشتە رۆژهەڵاتی مووسڵ. خێرایی پێشڕەویی سوپا لە چاوەروانییەکان زۆرتر بوو. لە سەرماوەزدا هێزەکانی حەشدی شەعبی یان خەڵکی خۆبەخشی عێراقی ڕایانگەیاند کە رێگەی هاتنگە و دەرچوونی مووسڵ داخراوە و داعش گەمارۆ دراوە.

لە خاکەلێوەی ئەمساڵی هەتاوی (۹۶) واتە ٦ مانگ دوای دەسپێکی ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنەوەی مووسڵ، سوپای عێراق ڕایگەیاند کە کە دزەی کردۆتە ناو شارە کۆنی مووسڵ. دەوڵەت هۆی خاوبوونی ئۆپەراسیۆنەکەی بوونی خەڵکی سڤیل ڕاگەیاند.

لە جۆزەردانی ئەمساڵدا سوپای عێراق ئۆپەراسیۆنێکی نوێی بۆ گرتنەوەی رۆژئاوای مووسڵ دەست پێکرد. ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند کە داعش نزیکەی ١٠٠ هەزار کەسی وەک قەڵغانی مڕۆیی ڕاگرتووە. لە دوارۆژەکانی

جۆزەردان هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە تەقینەوەی مزگەوتی جامعی مێژوویی نوری لە لایەن داعشەوە هەواڵیان دا. ئەو هەمان مزگەوتە کە ئەبووبەکر بەغدادی خەلافەتی خۆی تێدا ڕاگەیاند. حەیدەر عەبادی ئەو هەڵمەتەی بە نیشانەی دۆڕانی داعش وەسف کرد.

لە مانگی پووشپەڕدا لە گەڵ درێژەی ئۆپەراسیۆنەکە گەمارۆدانی داعش تەنگتر دەبووەوە و لە ئەنجامدا ئێوارەی رۆژی ١٨ی پووشپەڕ حەیدەر عەبادی ئازادکرانەوەی مووسڵ لە بندەستی داعشی ڕاگەیاند.

پاش ئازادکرانەوەی مووسڵ، تەلعەفەر لە هاوین و حەویجە لە باشووری رۆژئاوای کەرکووک و باوچەگەلێکی دیکە لە پاییزدا لە بندەستی داعش ئازاد کران. لە ڕاستیدا بە ئازادکرانەوەی ڕاوە لە رۆژئاوای ئەنبار لە رۆژانی ڕابردوو، وەیشوومەی داعش لە باری سەربازییەوە لە عێراق کۆتایی پێهات. بەڵام ئێستا ئەو پرسیارە دێتە ئاراوە کە ئایا عێراقییەکان لە تیرۆریزم دەربازی دەبن یان گرووپە ڕادیکاڵەکان ڕوو لە شێوەگەلی دیکە دەکەن؟

بە ئاوردانەوە لە هێرشی تیرۆریستیی ئەمدواییە، پێدەچێت تیرۆریستانی داعش پاش شکستی سەربازی و لە دەستدانی ناوچە بندەستەکانیان ڕویان لە پلانی دیکەی وەک تاکتیکی تیرۆر و هەڵمەتی خۆتەقێنەرانە بۆ تێکدانی سەقامگیریی عێراق نابێت. لە ڕاستیدا ئەو هێڵە توندوتیژانەی کە ئەبوو مەسعەب زەرقاوی لە ساڵی ٢٠٠٤ بە کوشتن و کردنە ئامانجی خەڵکی سڤیل دەستی پێکردبوو بە تەشەنەسەندنی ناکۆکیی نێوان عێراقییەکان بووە هۆی سەرهەڵدانی داعش لە دڵی ئەلقاعیدە بۆ ئەوەی ئەو گرووپە بە ئاسانی بتوانێت لە ساڵی ٢٠١٤دا شارەکانی عێراقی کۆنتڕۆڵ و داگیر بکات.

عێراقییەکان ئەمڕۆ پاش سێ ساڵ شەڕ و پێکدادانی قورس و پڕتێچوو و وێرانگەلی زۆرە و ئازایەتی و لە خۆبووردوویی یەک لە سێی ڕووبەری ولاتەکەیان لە پاریزگاکانی ئەنبار، سەلاحەدین و نەینەوا کە لە بندەستی داعشدا بوو، وەربگرنەوە. بەڵام سەرکەوتنی سەربازی بە سەر داعشدا بە مانای کۆتایی ڕەوتی تونەئاژۆیی لەو وڵاتە نییە و دەبێ لە ڕیشەوە بنەبڕ بکرێت. ئەوان ڕوو لە تەقینەوە و تیرۆر دەکەن و چاوەروانی ناکۆکیی سیاسەتوانان دەبن، بۆ ئەوەی کە ناکۆکییەکان کاریگەریان لە سەر ژیانی خەڵکی هەبێت و ئەوکات شانەشاراوەکان خۆ دەردەخەن و چالاک دەبن.