کانونی یه‌که‌م 14, 2017 14:30 Asia/Tehran
  • بەیاننامەی کۆتایی کۆبوونەوەی لوتکەیی سەرکردەکانی ڕێکخراوەی ھاوکاریی ئیسلامی

سەرکردەکانی ڕێکخراوەی ھاوکاریی ئیسلامی لە کۆبوونەوەی لوتکەیی بەرەڤانی لە قودس، بە دەرکردنی بەیاننامەیەک لە سەر بە فەرمی ناسرانی دەوڵەتی فەلەستین بە پێتەختایەتیی قودسی پیرۆز جەختیان کرد.

لە بەیاننامەی کۆتایی کۆبوونەوە لوتکەییەکەی ئەستەموڵ،سەرکردەکانی ڕێکخراوەی ھاوکاریی ئیسلامی ھەڕەشەیان کردووە کە ئەگەر بێتوو ئەنجومەنی ئاسایشتی ڕێکخراوەی نەتەوەکان سەبارەت بە بڕیارەکەی دۆناڵد ترەمپی سەرۆک کۆماری ئەمریکا لە بارەی قوڕدسەوە ھەنگاوێکی کردەیی ھەڵنەگرێت، ئەم دۆسیەیە ڕەوانەی کۆگەی گشتیی ڕێکخراوەی نەتەوەکان دەکەن.

کۆبوونەوەی لوتکەیی سەرکردەکانی ڕێکخراوەی ھاوکاریی ئیسلامی سەرلەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە ١٣ی دیسامبەر لە ئەستەموڵی تورکیا دەستی بەکار کرد.

ئامانج لە بەڕێوە بردنی ئەم کۆبوونەوە لوتکەییە لێکدانەوەی ڕێگاگەلی گونجاو سەبارەت بە بڕیارەکەی دۆناڵد ترەمپی سەرۆک کۆماری ئەمریکا بۆ ناس کردنی قودس وەکوو پێتەختی ڕژێمی زایونی بوو.

دۆناڵد ترەمپی سەرۆک کۆماری ئەمریکا  شەشەمی دیسامبەری 2017 سەرباری دژایەتییە بەربڵاوە ناوچەیی و جیهانیەکان ڕایگەیاند: بەیتولموقەددەس وەکوو پێتەختی ڕژێمی زایونی بە فەرمی دەناسێت و داوای لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاش کرد کە بەستێن بۆ گواستنەوەی باڵوێزخانەی ئەمریکا لە تەلەبیبەوە بۆ بەیتولموقەددەس خۆش کات .  ئەم کارەی ترەمپ لەگەڵ کاردانەوەی جیهانی و ئیدانەکرانی لە لایەن وڵاتانی ئیسلامییەوە بەرەوڕوو بووەتەوە.

بڕیارەکەی دۆناڵد ترەمپی سەرۆک کۆماری ئەمریکا لەمەڕ گواستنەوەی باڵوێزخانەی ئەمریکا لە تەلەبیبەوە بۆ بەیتولموقەددەس دەبێ وەک بەرھەمی پیلانی ھاوبەشی سیاسەتڤانانی پاوانخوازی ئەمریکی و ڕژێمی داگیرکەری قودس لێک بدرێتەوە.

بە ھەڵکەوت نییە کە ئەم بڕیارەی ئەمریکا ڕێک لە کاتێکدا دراوە کە وڵاتانی سووریاو عێراق لەژێر ڕکێفی تاقمی ڕەشەکوژی داعش ڕزگار کراون. ئەم تاقمە تیرۆریستە بە سەرکردایەتیی ئەمریکا و بڕێک لە وڵاتانی ڕۆژھەڵاتی ناڤین چالاکیی خۆی لە ساڵی ٢٠١١ی زایینی دا ئاشکرا کردو لە ئەمساڵیش دا کاربەدەستانی سووریاو عێراق توانەوەو لەنێو چوونی تۆکمەوتەواوی ئەم تاقمە دڕندەیەیان ڕاگەیاند. ئەم ھەڵس و کەوتەی ئەمریکا دەشێ وەک پەلەقاژەی کاربەدەستانی کۆشکی سپی بۆ ئۆقرەبڕین لە کۆمەڵگا ئیسلامییەکان لێک بدرێتەوە. بە سەرنج دانی ئەم ڕاستییانە، ڕێکخراوەی ھاوکاریی ئیسلامی بە بەڕێوەبردنی کۆبوونەوەی لوتکەیی سەرکردەکان لە ھەوڵی ئەوەدایە کە پیلانەکانی ئەمریکاو ڕژێمی زایونی لە ناوچەکەدا پوچەڵ کاتەوە.

ڕێکخراوەی ھاوکاریی ئیسلامی -Organization of the Islamic Cooperation) - OIC) ڕۆژی پێنج شەممەی ڕابردوو بە بڵاو کردنەوەی بەیاننامەیەک فەرمانی گوێزرانەوەی باڵوێزخانەی ئەمریکا بۆ قودسی لە لایەن دۆناڵد ترەمپی سەرۆک کۆماری ئەمریکاوە بە بێ ڕێزی کردن بەرامبەر بە ھەستی موسڵمانانی جیھان و بەپێچەوانەی یاساوڕێسا نێونەتەوەییەکان و بڕیارنامەکانی ڕێکخراوەی نەتەوەکان ڕاگەیاند. ڕێکخراوەی ھاوکاریی ئیسلامی وێڕای پێداگرتن لە سەر ھەڵوێستی نەگۆڕی خۆی سەبارەت بە قودسی پیرۆز وەکوو بەشێکی دانەبڕاوەی سەرزەوینی فەلەستین، بە ڕاشکاوی ڕایگەیاندووە: بڕیارە نایاساییەکەی ترەمپ ڕەوایەتی بە ڕژێمی داگیرکەری قودس نابەخشێت، ھەر چۆن ڕەوشتی مێژوویی و شوناسی قودسیش ناگۆڕێت.

کۆبوونەوەی سەرکردەکانی ڕێکخراوەی ھاوکاریی ئیسلامی بە ٥٧ ئەندامەوە لە چوار کیشوەری جیھان بە حەشیمەتێکی نزیکەی ملیاردێک و ٦٠٠ ملوێن حەشیمەتەوە ھەر سێ ساڵ جارێک لە وڵاتێکی ئەندامی ئەم ڕێکخراوەنێونەتەوەییە بەڕێوە دەچێت. ھەر لەم حاڵەدا لە نمونەگەلێکی گرینگ دا کە ڕووداوێکی چاوەڕوان نەکراو دەقەومێت، ڕێکخراوەی ھاوکاریی ئیسلامی لە ئاستی جۆربەجۆردا کۆبوونەوەی لوتکەیی بەڕێوە دەبات. کۆبوونەوەکەی ئێستای ئەستەموڵیش لەو نمونانەیە کە دوابەدوای بڕیارەکەی دۆناڵد ترەمپی سەرۆک کۆماری ئەمریکا لەمەڕ گواستنەوەی باڵوێزخانەی ئەمریکا لە تەلەبیبەوە بۆ قودسی پیرۆز خراوەتە ڕیزی بەرنامەکانی وڵاتانی ئەندامی ڕێکخراوەی ھاوکاریی ئیسلامییەوە.

ئالەم ھەل و مەرجەدا چاوەڕوان دەکرێت، ئەنجامی کۆبوونەوەکەی ئێستای سەرکردەکانی وڵاتانی ئیسلامی لە ئەستەموڵ و گوشاروپاڵەپەستۆی جیھانی لە سەر ئەمریکا، کۆشکی سپی لەو ھەڵوێستەی کە بەپێچەوانەی بڕیارنامەکانی ڕێکخراوەی نەتەوەکانیشە پاشگەز کاتەوە.