نیسان 20, 2018 16:59 Asia/Tehran
  • وشداری زەریف بە ئەمریکا: پەژیوان بوونەوەی ترەمپ دوابەدوای چوونەدەریی شیمانەیی لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی

وەزیری دەرەوەی ئێران سەبارەت بە ڕێککەوتنی ئەتۆمیی نێوان ئێران و وڵاتانی پێنج کۆ یەک و چوونەدەری شیمانەیی دەوڵەتی ئەمریکا لەو ڕێککەوتنە وتی: ئێران بێ گومان بە پێی قازانج و بەرژەوەندییەکانی دەجوڵێتەوە و لە ڕێککەوتنی ئەتۆمیدا و بە دەر لەو ڕێککەوتنەیش ، بژاردەی بەربڵاوی بۆ جێبەجێ کردن هەیە.

؛ "محەممەد جەواد زەریف" کە بۆ بەشداری لە کۆبوونەوەی باڵای ئاشتی پاوەجێ سەردانی نیۆیۆرکی کردووە کە گەیشتە ئەو شارە لە کۆڕی هەواڵنێراندا سەبارەت بە چوونەدەری شیمانەیی ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی راشکاوانە ڕایگەیاند: کۆماری ئیسلامیی ئێران بێ گومان بە پێی قازانج و بەرژەوەندییەکانی خۆی دەجوڵێتەوە و لە ڕێککەوتنی ئەتۆمیدا و لە دەرەوەی ئەو ڕێککەوتنە بژاردەی زۆری بۆ جێبەجێ کردن هەیە و بێ گومان ئەو هەنگاوەی ئێران هەڵیدەگرێ و ئەو کاردانەوەیەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی نیشانی دەدات، بۆ ئەمریکاییەکان گەلێک نالەبار دەبێ.

هاوکات لەگەڵ نزیک بوونەوە بە دەرفەتی نوێی بڕیاردانی دەوڵەتی "دۆناڵد ترەمپ"ی سەرۆک کۆماری ئەمریکا سەبارەت بە پشت راست کردنەوەی ڕێککەوتنی ئەتۆمیی لەگەڵ ئێران و یان چوونەدەری لەو ڕێکەوتنە بە پێی یاسای ناوخۆیی ئەمریکا، وشدارەکان سەبارەت بە چوونەدەری شیمانەیی ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران و دواهاتەکانی پەرەی سەندووە. ترەمپ هەڕەشەی کردووە  بێتوو سێ وڵاتی ئەورووپایی لایەنی بەرنامەی تۆکمەی هەنگاوی هاوبەش، لەم ڕێککەوتنە ئەتۆمییە گۆڕانکاری بنەرەتی بەدی نەهێنن، ئەمریکا لە یەکەم دەرفەتدا واتە ١٢ی مانگی مەی ٢٠١٨ لەم ڕێککەوتنە دێتە دەرەوە. "باب کۆرکەر" سەرۆکی لێژنەی پێوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکایش چەن رۆژ لەمەوبەر وتی: بێتوو گۆڕانکارییەکەی بنەڕەتی لە ڕێککەوتنی ئەتۆمیی نەیەتە ئاراوە، ترەمپ لەو ڕێککەوتنە دێتە دەروەە.

وشدارەکانی ترەمپ بە هاتنی بۆ کۆشکی سپی و بنپێ کردنی پەیتا پەیتا و بێ بڕانەوەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی بەردەوام بووە و بۆتە هۆی وەبەر مەترسی کەوتنی ڕێککەوتنی نێودەوڵەتیی ئەتۆمیی لە نێوان ئێران و وڵاتانی پێنج کۆ یەک؛ ڕێککەوتنێک  کە لە لایەن ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانیشەوە پشت ڕاست کراوەتەوە. ئەمریکا زۆربەی بەڵێنەکانی خۆی بەرامبەر بەم ڕێکەوتنە بەجێ نەهێناوە و بە لەمپەر نانەوە لە سەر ڕێگایی بازرگانیی  لەگەڵ ئێران، هەموو بەڵێن و ئەستۆگرییە یاساییەکان و ئەرکەکانی خۆی بەرامبەر بە بەرنامەی تۆکمەی هەنگاوی هاوبەش بنپێ کردووە.

هاوکات لەگەڵ تۆختر بوونەوەی هەڕەشە و گوڕەشەکانی ترەمپ، سێگۆشەی ئەورووپایی پێکهاتوو لە بەریتانیا، فەرانسا و ئەڵمان، سێ وڵاتی ئەورووپایی نێو ڕێککەوتنی ئەتۆمی، هەوڵ دەدەن بە هەر لەونێک بووە ترەمپ لە نێو ئەم ڕێککەوتنە ئەتۆمییەدا ڕاگرن و  پێش بە چوونەدەری بگرن. وێڕای ئەوەش ئەم سێ وڵاتە لە سیاسەتی ڕاگەیەندارویاندا سوور و پێداگرن لە سەر پێویستیی مانەوەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی بەڵام لە سیاسەتی بە کردەوەیاندا هەر لەو ڕێگایەدا هەنگاو هەڵدەگرن لە هاوڕەوتە لەگەڵ دەوڵەتی ترەمپ. هەوڵ بۆ داسەپێندرانی بایکۆتی نوێ لە لایەن ئەورووپاوە دژ بە ئێران، هەر لەم چوارچێوەدایە و ئەم بایکۆتانە، دەوری ناوچەیی و بەرنامەی مووشەکیی ئێران دەگرێتەوە و پیشاندەری چەشنێک دابەش کردنی ئەرکەکان لەگەڵ ئەمریکایە.

ستراتژیی ئێستای ئەورووپاییەکان و ئەمریکاییەکان بەرامبەر بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی پیشاندەری ئەوەیە کە ئەوان وێرای یەک نەگرتنی هەڵوێستیان بەرامبەر بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران، یەک ئامانجی هاوبەشیان هەیە و ئەویش زیاتر کردنی زەخت و گوشارەکانی سەر ئێران و بەرتەسک کردنەوەی دەوری ئێران لە ناوچەکە و کۆنترۆڵ کردنی توانای بەرگری و مووشەکیی ئەم وڵاتەیە. کۆماری ئیسلامیی ئێران وەکوو وڵاتێکی سەربەخۆ لە هەر دوو بواردا بە دەر لە ویست و خواستی ئەمریکا و ئەورووپا دەجوڵێتەوە و پەیڕەوی بیر و بۆچوون و سیاسەتەکانی ئەوان نییە. دەوری ناوچەیی ئێران پێشگری کردووە بە هاتنە دیی ئامانجەکانی زلهێزانی بیانی و لە خزمەتی ئاشتی و ئاسایشیی  ناوچەکەدا بووە. بەرنامەی مووشەکیی ئێرانیش بە تەواوەتی بەرگریکارانە و پێشپێگرانە بووە لەهەمبەر هەڕەشە و گوڕەشەکانی دوژمن و ئەزموونی هەشت ساڵ بەرەڤانی پیرۆز ئەوەی بە ئێران سەلماند کە لە بواری بەرەڤانیدا دەبێ تەواو سەربەخۆ بێ. بە سەرنج دانی ئەم ستراتژییە ڕوون و ئاشکرایە، هەرچەشنە هەنگاوی هاوبەشی ئەورووپا و ئەمریکا لە ڕێگای ڕێککەوتنی ئەتۆمییەوە، لەهەمبەر دەوری گرینگ و بنیاتنەری ئێران لە ناوچە و هەروەها بەرنامەی مووشەکیی ئێران، بەرەوڕووی کاردانەوەی توندی تاران دەبێتەوە.

سەرپەیڤ