نیسان 23, 2018 13:07 Asia/Tehran
  • جەختی ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی لە سەر بوونی ئەرتەشێکی ھێزمەندو کارامەو شۆڕشگێڕ

پشت بەستن بە توانایی نێوخۆیی و بەکارھێنانی دەستھاتە گرینگەکانی سەردەمی بەرەڤانی پیرۆز، ئەمڕۆکە لە ئێرانی ئیسلامی ھێزێکی بەرپەرچدەری بەدی ھێناوە کە ھیچ لایەنێک زاتی ئەوە ناکات ھەڕەشە سەر زارەکییەکانی بباتە واری جێبەجێکردنەوە.

حەزرەتی ئایەتوڵڵا عوزما خامەنەیی ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی و سەرکردەی گشتیی ھێزە چەکدارەکانی ئێران ڕۆژی یەکشەممە لە دیداری فەرماندەی گشتی و کۆمەڵێک لە فەرماندەرانی ھێزی زەوینیی ئەرتەشی کۆماری ئیسلامیی ئێران جەختی کرد: پێشکەوتنەکان دەبێ ھەروا بەردەوام بن ھەتا ئەرتەشی سبەینێ لە ئەرتەشی ئەمڕۆ باشتر و بەھێزترو کارامەترو شۆڕشگێڕتر بێت.

جەختی ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی حەزرەتی ئایەتوڵڵا عوزما خامەنەیی  سەرکردەی گشتیی ھێزە چەکدارەکانی ئێران، لە سەر قوڵ بوونەوەی جوڵانەوە پێشڕەوەکانی ھێزە چەکدارەکان ، دەربڕی گرینگایەتیی ھێزمەند بوونی ڕۆژلەدوای ڕۆژی تواناییەکانی ھێزی چەکداری لە ھەمبەر ھەڕەشەو گوڕەشەکانە.

ئەمیری سەرتیپ ئەمیر حاتەمی وەزیری بەرەڤانی و پشتیوانیی ھێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەم بوارەدا پێی داگرتووە: بە سەرنجدانی قوڵایی دوژمنایەتییەکان دژی ئێران ، ڕوانگەیەکی بەرزی ستراتژی لە ئێراندا پێکھاتووە کە بووەتە ھۆی دەستڕاگەییشتنی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە توانایی بەرگریکارانە.

بەسەرنجدانی ئەزمونەکانی سەردەمی بەرەڤانیی پیرۆزو ئەو ئەرکمەندییانەی کە لە ھەل و مەرجی ئێستای ناوچەکە لە ئاردایە، بەھێز کرانی فەکتەرەکانی بەرەڤانی و بەردەوامیی پێشکەوتنەکان لەم بوارەدا بووەتە پێویستییەکی ئاسایشتی. ھەر لە بەر ئەمەش جوڵانەوەی ڕوولەپێش و بەبێ وچان لەم بوارەدا دەبێ بەردەوام بکرێت. ھەڵبەت گومان لەم بابەتەش ناکرێت کە ئێران بەنیازی ھیچ جۆرە دەست درێژکاری و پاوانخوازییەک نییە،بەڵام بەردەوامیش بەڕاشکاوی پێ لە سەر ئەوە داگیراوە ھێزە چەکدارەکانی ئێران بەوپەڕی دەستەڵاتەوەو لە بانترین ئاست دا بەگژ تێکدەرانی سەقام و ئاسایشتی گشتی لە ناوچەکەدا دەچنەوە.

بە گوێرەی پێوەرەکانی بەرگریکارانەو سەربازی، کۆماری ئیسلامیی ئێران ئێستاکە دەستەڵاتی بەرپەرچدەرانەی پێویستی لە ھەمبەر ھەڕەشەو  گوڕەشەکاندا ھەیە. ئەم لە سەرھەست بوونەش بەرھەمی بەھرەوەرگرتن لە بارستایی دەروونی و ھەوڵ و چالاکیی داھێنەرانەی ھێزە بیرمەندەکان و بەتایبەت لاوان بە ورەیەکی شۆڕشگێڕانە لە بوارەکانی پیشەسازیی بەرگریکارانەو فێرکاری لە کەرتەکانی پێویستە.

ئەمەو لە لایەکی دیکەوە بە سەرنجدانی ئەو ھاواھەنگی و ڕێکخستن و ھاودڵی و پەیوەندیە بەھێزەی کە لەنێوان تەواوی دامەزراوە بەرەڤانی کارەکانی ئێران لەوانە ئەرتەش و سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی دا ھەیە،ھێزی بەرگریکارانەی ئێران لە باڵاترین ئاست دایە لە ڕووی بەرپەرچدانەوەو توانایی ھەڵمەت بردن بۆ بەرنگار بوونەوەی ھەڕەشەو مەترسییەکان. ھەر لەم ئاراستەیەش دا یەکێک لە کەرتە ھەرەگرینگەکانی بەرگریی ئێران توانایی موشەکیانەیە کە دیارە خاوەنی گرینگایەتییەکی ستراتژییە لە ڕووی بەرپەرچدانەوەو بەرەڤانییەوە.

حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی ھەر لەم پەیوەندییەدا وتوویەتی: ئێمە بۆ بەرەڤانی کردن لە خەڵک و وڵاتەکەمان ھەر چەکێکمان لە ھەر چەشنێک پێویست بێت ساز دەکەین و  لەمەڕ چێکردن و ھەمارکردنی بۆ کاتی پێویست و بەرەڤانی کردن لە خۆمان و بەکار ھێنانی قەت توشی دڕدۆنگی نابین.

بێ گومان توانایی و بارستاییە دروست کراوەکان لەم بوارەدا، کەرت و پۆتانسیەلەکانی پێکھێنەری دەستەڵاتی ھێزە چەکدارەکان لە ھەمبەر دوژمنان دێتە ئەژمار کە بە پشت بەستن بە توانایی پسپۆڕانی نێوخۆیی و بەکەڵک وەرگرتن لە زانستی نوێ و بەرەڤانی بەدەست ھاتووە. لەم ڕووەوەیە کە حەزرەتی ئایەتوڵڵا عوزما خامەنەیی ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی و سەرکردەی گشتیی ھێزە چەکدارەکانی ئێران وێڕای ستایش کردنی کارایی و ئەزمونی بە بایەخی ئەندامانی کۆنی ئەرتەش و ھیواداری دەربڕین لە بارەی داھاتووی پرشنگداری لاوانەوە، پێ لە سەر بەدەوامیی گەشەو پەرە پێ دانی توانایی ئەرتەش دادەگرن.