May 01, 2018 10:42 Asia/Tehran
  • بەردەام بوونی بانگەشە گاڵتەجاڕەکانی نەتانیاهوو دژ بە ئێران

نەتانیاهوو شەوی ڕابردوو لە شانۆگەرییەکی گاڵتەجاڕانەی دیکەیدا دژ بە ئێران ژمارێک وێنە، سی دی و کاغەزی لە بەر کامێرای تەلەڤزیۆندا نیشان داو بانگەشەی کرد کە بەڵگەی جێی بڕواو حاشاهەڵنەگری زۆری هەیە کە دەسەلمێنێ ئێران پلانێکی نهێنی هەیە بۆ ساز کردنی چەکی ئەتۆمی.

سەرۆک وەزیرانی ڕژێمی زایۆنی بە بێ ئاماژە بە بوونی سەدان کڵاڤۆکی ئەتۆمی لەجبەخانە ئەتۆمییەکانی ئەم ڕژێمەدا ، بانگەشەی کرد ئێران بەرنامەی ساز کردنی چەک و کەرەستەی جەنگیی زیاتر پەرە پێداوە.

ئەم شانۆگرییە گاڵتەجاڕانەیەی نەتانیاهوو لە کاتێکدا وەڕێ کەوتووە کە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی تا ئێستا چەندین جار جەختی کردووە لە سەر ئاشتیانە بوونی چالاکیە ئەتۆمییەکانی ئێران.

"بەهرام قاسمی" وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران سەر بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە شانۆ گاڵتەجاڕانەکەی بنیامین نەتانیاهوو"ی سەرۆک وەزیرانی ڕژێمی زایۆنی سەبارەت بە ئێرانی بە پەلەقاژەی بێ دەسکەوتی هەڵشکاوێکی درۆزن و بێ ئابڕو زانی کە جیا لە درۆ و دۆلەسەنانەوە و دەخەڵبازی هیچ هونەرێکی دیکەی نەبووە و نییەتی.

"بەهرام قاسمی"بە پێداگری لە سەر ئەوەی کە سەرانی ڕژێمی زایۆنی مانەوەی ڕژێمی نایاسایی خۆیان بەستۆتەوە بە هەڕەشە و گوڕەشە کردن و ڕوو کردنە شارلەتانیزمێکی ڕزیوی پەک کەوتووی سەردەمی جاهلییەت، ڕاشکاوانە ڕایگەیاند: نەتانیاهوو  و ڕژێمی منداڵکوژی زایۆنی دەبێ گەیشتبن بەو ئاستە لە تێگەیشتن کە خەڵکی جیهان بە ڕادەی پێویست خاوەنی عەقڵ و ئاوەز و تێبینیین.

سەید عەبباس عەراقچی" جێگری وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ بەشی سیاسیی، بەڵگەکانی نەتانیاهووی بە ساختە و درۆینە زانی و ڕاشکاوانە رایگەیاند؛ ئەم کردەوەیەی سەرۆک وەزیرانی ڕژێمی زایۆنی شانۆیەکی لە پێشەوە داڕێژراو بوو بۆ ئەوەی کاریگەری دانێتە سەر بڕیای "دۆناڵد ترەمپ"ی سەرۆک کۆماری ئەمریکا سەبارەت بە ڕێککەوتنی ئەتۆمیی نێوان ئێران و وڵاتانی ئەندامی پێنج کۆ یەک (ئەمریکا، فەرانسا، بەریتانیا، ڕووسیا، چین و ئەڵمان).

ئەم بانگەشەیەی نەتانیاهوو دووپات کراوەی هەر ئەو بانگەشانەیە کە پێشتر لە ژێر ناوی چالاکیی ئەتۆمیی ڕابردووی ئێران ناسراو بە pmd وەڕێیان خستبوو و لە ڕێککەوتنی ئەتۆمیی نێوان ئێران و وڵاتانی پێنج کۆ یەکدا ئەو دۆسییەیە لە لایەن ئاژانسەوە داخرا.

"فدریکا موگرینی" ڕێکخەری سیاسەتی دەرەوەی  یەکێتیی ئەورووپا شەوی سێشەممە لە کاردانەوە بەو شانۆگەرییەی نەتانیاهوو  بە پێداگری لە سەر ئەوەی کە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی تا ئیستا لە ١٠ ڕاپۆرتی خۆیدا پێبەند بوونی ئێران بە ڕێککەوتنی ئەتۆمیی لەگەڵ وڵاتانی پێنج کۆ یەکی پشت ڕاست کردۆتەوە، راشکاوانە رایگەیاند؛ نەتانیاهوو هیچ بەڵگەیەکی بە دەستەوە نییە کە بسەلمێنێ ئێران بەرنامەی تۆکمەی هەنگاوی هاوبەشی بنپێ کردووە.

ئەو بانگەشەیەی نەتانیاهوو دەسبەجێ پاش سەفەری "مایک پۆمپێئۆ" ی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ فەلەستینی داگیرکراو هاتە ئاراوە و نیشانی دا ترەمپ هیچی بە دەستەوە نییە و بۆ چوونەدەر لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی لە دووی بڕ و بیانوو دەگەڕێ.

هەروەها "محەممەد جەواد زەریف" وەزیری دەرەوەی ئێران لە کاردانەوە بە قسە پڕچەواشەکارییەکانی نەتانیاهوو لە پەیامێکی تویتەریی نوێ دا وتی: کەیف خۆش بوونەکەی ترەمپ پەردەی لە سەر هەموو شتێک لادا. شوانە درۆزنەکە ئەم بانگەشەو درۆو دەلەسانەی بۆ چەن ڕۆژ پێش ١٢ی مانگی مەی هەواهەنگ کردبوو.

"دۆناڵد ترەمپ" پێشتر ڕایگەیاندبوو تا ١٢ی مانگی مەی سەبارەت بە مانەوە یان چوونەدەری ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی دوابڕیاری خۆی دەدات.

نەتانیاهوو شەش ساڵ لەمەوبەریش لە نەتەوە یەکگرتووەکاندا بە نیشان دانی نیگارێک بانگەشەی کردبوو ئێران خەریکە دەگاتە هێڵی سووری دەسڕاگەیشتن بە بۆمبی ئەتۆمی.

"دۆناڵدترەمپ"ی سەرۆک کۆماری ئەمریکا بەردەوام بەپێچەوانەی هەڵوێستی لایەنەکانی دیکەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی ، بەرنامەی تۆکمەی هەنگاوی هاوبەشی بە ڕێککەوتنێکی نالەبار ناو بردووە و خوازیاری هەڵوەشانەوەیەتی، نەتانیاهوویش داکۆکی لە ترەمپ دەکات بەڵام جیهان نەیاری ئەو کردەوە دوژمنکارانەیەی سەرۆک کۆماری ئەمریکایە.

 

سەرپەیڤ