حوزه‌یران 15, 2018 17:42 Asia/Tehran
  • شکست ھێنانی دووھەمی عەرەبستان_ عێراق لە سەروبەندی پێکھاتنی ھاوپەیمانییەکی تازەدایە

موقتەدا سەدر ڕابەری ڕەوتی سەدر و ھادی عامری سەرکردەی ھاوپەیمانیی فەتح پێیان داگرت کە بۆ پێکھێنانی ھاوپەیمانییەکی گەورە لە پەرلەمانی عێراق دا پێکەوە ڕێک کەوتوون.

ھەڵبژاردنی پەرلەمانیی عێراق لە دوانزەی مای ٢٠١٨ دا بەرپا کرا. مانگێک دوای بەرپاکرانی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و لە حاڵێکدا کە پیلانێک بۆ ئاژاوەنانەوەی نێوخۆیی و یان لانیکەم تووشی چەقبەستوویی کردنی ڕەوتی سیاسیی ئەم وڵاتە لە ئاردا بوو، ھاوپەیمانیی سائیرۆن بە ڕابەرایەتیی موقتەدا سەدرو ئەلفەتح بە سەرکردایەتیی ھادی عامری بۆ پێکھێنانی فراکسیۆنی زۆرینە لە پەرلەماندا یەکیان گرتووەو ئا بەمجۆرە ھەتا ڕادەیەکی زۆر لە جم و جوڵی سیاسیی ئەم وڵاتە کەم دەبێتەوە.

دەشێ بڵێین کە لە عێراق دا ململانێی سیاسیی ھەڵبژاردن دوو قۆناغی پێش و پاش بەڕێوە چوونی ھەڵبژاردنی ھەیە . بەر لە ھەڵبژاردن لایەن و کۆتلەو پێڕستەکان بۆ سەرکەوتن لە ھەڵبژاردن و بەدەست ھێنانی کورسیی زیاتر پێکەوە ڕکابەری دەکەن کە لەم قۆناغەدا (زۆرینەی ڕادەیی) بەسە . لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانیی ٢٠١٨ دا ھاوپەیمانیی سائیروون توانی زۆرینەی ڕادەیی ھەڵبژاردنەکان دەست خات. بەڵام لەگەڵ ئەمەش دا بەدەست ھێنانی زۆرینەی ڕادەیی بۆ پێکھێنانی دەوڵەت لە عێراق دا بەس نییە، چونکو دامەزراندنی دەوڵەت وا ھەڵدەگرێت کە زۆرینەی ڕەھای پەنجا کۆ یەک بەدەست بێنێ. لەم ڕووەوە لێکۆڵەرگەلێکی زۆر لەو باوەڕەدان کە ڕکابەرییەکانی دوای ھەڵبژاردن لە عێراق دا تەنانەت لە ڕکابەرییەکانی بەرلە ھەڵبژاردن گرینگترە.

ئاڵ و گۆڕەکانی دوای ھەڵبژادنی ئەم دواییەی پەرلەمان بە ئاشکرا دەربڕی گرینگایەتیی کێبەرکێ و ھاوپەیمانی چێکردنی دوای ھەڵبژاردنە لە عێراق دا. ھاوپەیمانیی سائیرۆن بە ڕابەرایەتیی موقتەدا سەدر  وێڕای دەست خستنی ٥٤ کورسی بووبە خاوەنی زۆرینەی ڕادەیی لە ھەڵبژاردنەکانی مانگی مای ٢٠١٨، بەڵام بۆ پێکھێنانی دەوڵەتی تازەی ئەم وڵاتە پێویستی بە دەست خستنی ١٦٥ دەنگی پەرلەمانە. بڕێک لە وڵاتانی بیانی سەرکەوتنی سائیروونیان وەک سەرەتایەک بۆ لەبەریەک ھەڵوەشانەوەی ڕیزی شێعەکانی عێراق لێک دەدایەوە، چونکو لەو باوەڕەدا بوون کە سائیروون کە ھەتا ڕادەیەکی زۆر لە لایەن عەرەبستانی سەعودییەوە پشتیوانی لێ دەکرا لەگەڵ تاقمە شێعەکانی دیکەدا ناکۆکە. ھەر لە بەر ئەمەش ھێندێک ھەوڵ درا بۆ دروست کردنی ھاوپەیمانی لەنێوان سائیروون و ڕەوتە ناشێعەکان و تەنانەت باسی ھەگەر تێوەگلانی عێراق بە شەڕێکی نێوخۆییش دەکرا.  ڕاگەیەندرانی یەکگرتنی ھاوپەیمانیی سائیرۆن بە ڕابەرایەتیی موقتەدا سەدرو ئەلفەتح بە سەرکردایەتیی ھادی عامری کە ھێندێک وایان لێک دەدایەوە کە گوایە دوو تاقمی سەرەکیی شێعەی لەسەداسەد نەیاری یەکترن ، دەربڕی شکست ھێنانی پیلانەکانی دژی عێراقە. جەعفەرموسەوی وتەبێژی ڕەوتی سەدر لەم بارەیەوە وتوویەتی : ئەم یەکگرتنە گریمانەی شەڕی نێوخۆیی کە سەرنەکەوتووانی ھەڵبژاردنەکەی عێراق بەدوایەوە بوون،بەتاڵ کردەوە.

بە یەکگرتنی ھاوپەیمانیی سائیرۆن بە ڕابەرایەتیی موقتەدا سەدرو ئەلفەتح بە سەرکردایەتیی ھادی عامری و بەشداریی ڕەوتی حیکمەت بە ڕابەرایەتیی عەممار حەکیم لەو ھاوپەیمانییەدا، بەرەبەرە ڕێگا بۆ پێکھاتنی زۆرینەی پەرلەمانی لە عێراق دا خۆش دەکرێت ، چونکو سائیروون  ٥٤ کورسی، ئەلفەتح  ٤٧ کورسی و  ڕەوتی حیکمەتیش ٢٠ کورسییان لە  پەرلەمانی داھاتووی عێراق دا بە خۆیان تەرخان داوەو بە تێکڕایی دەبن بە ١٢١ کورسی کە ھێشتاش ھەر بە پێکھێنانی زۆرینەی پەرلەمان کەم دێنن. ھەر لە بەر ئەمە ھێندێک ھەوڵ دان لە ئارادایە بۆ پەیوەست بوونی دوو ھاوپەیمانیی دیکەی شێعەکان واتە ھاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتیی  نوری مالکی و ئەلنەسر بە سەرۆکایەتیی حەیدەر عەبادی بە سێ کوچکەی سائیروون و فەتح و ڕەوتی حیکمەت . ھەر لەم ئاراستەیەدا موحەممەد عەکیلی لە ڕێبەرانی ھاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا ڕایگەیاندووە کە ھەگەری پێکھاتنی ھاوپەیمانیی نیشتیمانی بە داڕشتێکی تازە لە ئاردایە.

پێکھاتنی ھاوپەیمانیی تازە بە واتای یەکگرتنی تاقمە شێعەکان و شکست ھێنانی پیلانەکانی بیانی بە تایبەت پیلانی عەرەبستان بۆ لە بەریەک ھەڵوەشاندنەوەی ڕیزی شێعەکانی عێراقە. ھەر لەم بارەیەوە ڕۆژنامەی دەنگی کەنداو بە گێڕانەوە لە سەرچاوە ئاگادارە بەرپرسەکان لە عەرەبستانەوە نووسیویەتی: کاربەدەستانی سەعودی  لەم ئاڵ و گۆڕە تازانەی عێراق لە بواری سیاسی و یەکگرتنی سەدرو عامری بەتەواوی توڕەن و وەک دووھەمین شکست ھێنانیان لە پاش لوبنان و سەرکەوتنی بەرچاوی حیزبوڵڵاو ھاوپەیمانەکانی دەزانن.