حوزه‌یران 19, 2018 01:38 Asia/Tehran
  • ئەمریکا، نیشتیمانی چەک و پەلەپیتکە

بە پێی توێزینەوە ئەنجام دراوەکان ٣٩٣ ملیۆن چەک بە دەستی شارومەندانی ئەمریکییەوەیە .

بەپێی توێژینەوەیەکی نوێ، لە کۆی ٨٥٧ ملیۆن چەکی دەستی هاووڵاتیانی مەدەنی لە تەواوی جیهاندا، ٣٩٣ ملیۆنیان بە دەست هاووڵاتیانی ئەمریکاوەیە، ئەمەش لەکاتێکدایە کە ئەمریکییەکان تەنیا لە سەدا چواری دانیشتووانی گۆی زەوی پێکدەهێنن.

ئەم توێژینەوەیە لەلایەن پرۆژەی (سمول ئارمز سێرڤی) کە پرۆژەیەکی توێژینەوەی سەربەخۆیەو نوسینگە سەرەکییەکەی لە شاری ژنێفە ئامادەکراوە و ئاماژە بەوە دەکات، زیاتر لە ملیاردێک چەک لە جیهاندا هەیە، کە تەنیا لە سەدا ١٥ی بە دەست هێزە یاساییەکان و سوپاکانەوەیەو لە سەدا ٨٥ی بە دەست هاووڵاتییانی مەدەنییەوەیە.

توێژینەوەکە پشتی بە ئاماری تۆماری چەک لە ١٣٣ وڵات و ڕاپرسی لە ٥٦ وڵات بەستووە.

بەگوێرەی ئەنجامی توێژینەوەکە، ژمارەی ئەو چەکانەی بە دەست هاووڵاتیانی ئەمریکییەوەن زیاترە لە کۆی چەکی دەستی هاووڵاتییانی مەدەنیی ٢٥ وڵات لەو وڵاتانەیە کە زۆرترین چەکیان تێدایە.

ئارۆن کارب یەکێک لە ئامادەکارانی توێژینەوەکە دەڵێت، هاووڵاتییانی ئاسایی لە ئەمریکا ساڵانە نزیکەی ١٤ ملیۆن پارچە چەک دەکڕن.

هەر بەپێی ئەنجامی ئەو توێژینەوەیە، لە ئەمریکا هەر سەد کەس ١٢١ چەکیان بەردەکەوێت، لە وڵاتێکی وەکو یەمەن بە ١٠٠ کەس ٥٣ چەک، لە مۆنتینیگرۆ ٣٩ چەک و لە کەنەدا ٣٥ چەک، بەڵام لە ژاپۆن و ئەندۆنیزیا کەمتر لە چەکێک بەر ١٠٠ کەس دەکەوێت.

دەست ڕ اگەییشتنی ئاسانی شارومەندانی ئەمریکی بە چەک و چۆڵ لەو ھۆکارانەی دیارەی توندوتیژی لە کۆمەڵگای ئەم وڵاتەو بە تایبەت لەنێو قوتابخانەکانی ئەم وڵاتەدایە. سەرباری ئەوەی کە بەجاران خەڵکی ئەمریکا دژی یاسای نوقسانی وڵاتەکەیان لەمەڕ کڕین و فرۆشتنی ئازادی چەک دەستیان داوەتە خۆپیشاندان ، کەچی داخوازی و سکاڵاکانیان بە شوورەی بەردینی بازرگانانی چەک دا ھەڵتەقیوە کە کۆنگرێس و سێناو فەرمانگە دەوڵەتییەکانی ئەم وڵاتەیان خستووەتە ژێر کنەو دەستەڵاتی خۆیانەوە. بەتایبەت لە کاتێکەوە کە بازرگانێکی شەڕانیی وەک ترەمپ پێی ناوەتە کۆشکی سپی و دەستەڵاتی تەمریکای بەدەستەوە گرتووە دۆخەکە خراپتریش بووە.

ئێستاکە ئەمریکا لەگەڵ شەپۆلێکی توندوتیژی ، بارمتەگرتن و ھێرشی چەکدارانەدا بەرەوڕووە.هەموو ساڵێک بە هەزاران کەس ، بە هۆی تەقەتفەنگ و پێکدادانی بە چەکی گەرم لە ناوچە جۆربەجۆرەکانی ئەمریکا دەکوژرێن و یان بریندار دەبن. بە پێی ڕاپۆرتە فەرمییەکان، پتر ٣٠٠ ملوێن چەکی گەرم لە ئەمریکادا ھەن ، واتە دەشێ بوترێت کە ھەر کەسەو زیاتر لەچەکێکی دەست دەکەوێت. ھەڵبەت نابێ ئەوەش لە بیر بکرێت کە داناڵد ترەمپی سەرۆک کۆماری ئەمریکا لەو لایەنگرە سەرەکییانەی چەک چێکەرانی ئەمریکی دێتە ئەژمار. ناوبراو ھەر لە سەرەتای دەست پێ بوونی خولی سەرۆک کۆمارەتییەکەی ڕوو لە چەک چێکەرانی ئەمریکی ڕایگەیاند بوو کە: ھەشت ساڵ پێشێلکردنی چەک چێکەرانی ئەمریکی ئیدی کۆتایی پێ ھاتووە و ئێستاکە ئەوانە پاڵپشتێکی ڕاستەقینەیان لە کۆشکی سپی دا ھەیە.

سەرپەیڤ