حوزه‌یران 24, 2018 09:26 Asia/Tehran
  • لە ھەڵبژاردنەکانی تورکیادا شەست  ملیۆن کەس مافى دەنگدانیان هەیە

لە هەڵبژاردنى ئەمجارەى پەرلەمانى تورکیادا، دوو هاوپەیمانى و سێ حزب بەشدارن و بەپێی یاساى هەڵبژاردنەکان هەر حزب و هاوپەیمانییەک نەتوانێت لە سەدا ١٠ى دەنگەکان بەدەست بهێنێت، ناتوانێت بچێتە پەرلەمانەوە و دەنگەکانى بۆ حزبە بەرەوەکان دەچێت.

ئەمڕۆ بنکەکانى دەنگدان لە سەرتاسەرى تورکیا و ناوچە کوردنشینەکانی ئەم وڵاتە بەڕووى ملیۆنان دەنگدەردا بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنى پێشوەختەى سەرۆکایەتى و پەرلەمانیدا کە بە دوو هەڵبژاردنى چارەنوسساز دادەنرێن لە مێژووى ئەو وڵاتەدا ، دەکرێنەوە.

لە هەڵبژاردنەکانى تورکیادا لە کۆى نزیکەى ٨٢ ملیۆن هاوڵاتى ئەو وڵاتە نزیکەى ٦٠ ملیۆن کەس مافى دەنگدانیان هەیە، کە دەنگ دەدەن بۆ هەڵبژاردنى سەرۆک کۆمار و هەڵبژاردنى ٦٠٠ ئەندام بۆ پەرلەمانى تورکیا.

لە ناوخۆى تورکیادا ٥٦ ملیۆن و ٣٢٢ هەزار  و ٦٣٢ هاوڵاتى مافى دەنگدانیان هەیە و لەو ڕێژەیە ژنان نیوەى زیاترى دەنگدەرانى تورکیا پێک دەهێنن کە دەکاتە لە سەدا ٥٠ و پۆینت ٧٦، هەروەها ١٨٠ هەزار و ١٩٦ بنکەى دەنگدان لە سەرتاسەرى ئەو وڵاتەدا بەڕووى دەنگدەراندا دەکرێنەوە.

لە دەرەوەى ئەو وڵاتەش سێ ملیۆن و ٤٧ هەزار و ٣٢٨ کەس مافى دەنگدانیان هەبوو کە ملیۆنێک و ٤٨٦ هەزار کەسیان لە ڕۆژانى ٧ تا ١٩ى ئەم مانگە بەشدارییان لە هەڵبژاردندا کرد کە دەکاتە لە سەدا ٤٨ى دەنگدەرانى دەرەوە.

لە هەڵبژاردنى پەرلەماندا هەشت پارتى سەرەکى بەشدارییان کردووە لەگەڵ ٦٨ کاندیدى سەربەخۆ، هەروەها چوار هەزار و ٨٠٠ کاندیدى سەرجەم حزبەکان کە ٩٧٧ کاندیدیان ژنن کێبڕکێ لەسەر ٦٠٠ کورسى پەرلەمانى دەکەن.

لە هەڵبژاردنى سەرۆک کۆمارەتیی تورکیاشدا، شەش کاندید کێبڕکێى گەیشتن بە کۆشکى سەرۆکایەتی  دەکەن.

تورکیا لە ٨١ پارێزگا پێک هاتووە و دابەشکراوە بەسەر ٨٧ بازنەدا و هەریەک لە ئەستەنبوڵ و ئەنقەرە سێ بازنە و ئیزمیر و بۆرسە لە دوو بازنە و  پارێزگاکانى تر هەریەکەیان بازنەیەکیان بۆ دانراوە.

هەروەها زۆرترین دەنگدەر دابەشبووە بەسەر شارە گەورەکانى ئەستەنبوڵ کە ١٠ ملیۆن و ٥٥٩ هەزار و ٦٨٦ دەنگدەرى تێدایە و ٩٧ کورسی پەرلەمان پێک دەهێنێت، ئەنقەرەى پایتەختى ئەو وڵاتەش سێ ملیۆن و ٩٠٤ هەزار و ٥٨٥ دەنگدەرى تێدایە کە دەکاتە ٣٦ کورسی پەرلەمان، هەروەها لە پارێزگاى ئیزمیر سێ ملیۆن و ٢٢٧ هەزار و ٣٢ کەس دەنگدەدەن کە ٢٨ کورسی دەکات.

لەسەر ئاستى شارەکانى کوردستانی تورکیایش کە پێکەوە ١٣١ کورسی پەرلەمانیان بۆ دانراوە، دیلۆک و ڕوحا و ئامەد زۆرترین ڕێژەى کورسی پەرلەمانیان بۆ دیاریکراوە، کە دیلۆک و ڕوحا هەریەکەیان ١٤ کورسییان بۆ دانراوە و ئامەدیش کە ملیۆنێک و ٢٣ هەزار و ٣٨٩ دەنگدەر لەخۆدەگرێت ١٢ کورسی پەرلەمانى بۆ دانراوە.

لە هەڵبژاردنى ئەمجارەى پەرلەمانى تورکیادا، دوو هاوپەیمانى و سێ حزب بەشدارن و بەپێی یاساى هەڵبژاردنەکان هەر حزب و هاوپەیمانییەک کە نەتوانێت لە سەدا ١٠ى دەنگەکان بەدەست بهێنێت، ناتوانێت بچێتە پەرلەمانەوە و دەنگەکانى بۆ حزبە بەرەوەکان دەچێت.

لە هەڵبژاردنى سەرۆک کۆماریشدا کە شەش کاندید کێبڕکێ دەکەن، ئەگەر هیچکام لە کاندیدەکان نەتوانن لە خولى یەکەمدا زیاتر لەسەدا ٥٠ى دەنگەکان بەدەست بهێنن، هەڵبژاردنەکە دەکەوێتە خولى دووەمەوە و ئەو کاندیدەى زۆرترین دەنگ بهێنێت سەرکەوتن بەدەست دێنێ.

هەڵبژاردنەکانى تورکیا لەژێر چاودێرى چاودێرانى نێودەوڵەتیدا بەڕێوەدەچێت کە ژمارەیان ٤٠٠ کەس دەبێت و هاوکات ٦٣٥ ڕۆژنامەنووسی بیانى لە ٣٤ وڵاتى جیاوازەوە ڕووماڵى هەڵبژاردنەکان دەکەن.

جێگای ئاماژەیە لە ھەڵبژاردنەکانی ئەمڕۆی تورکیادا سەلاحەدین دەمیرتاشیش یەکێکە لەکاندیدەکانی سەرۆکایەتی تورکیا کە کاندیدی هەدەپەیە و لەزیندانەوە بانگەشەی هەڵبژاردن دەکات.

 

سەرپەیڤ