حوزه‌یران 26, 2018 17:20 Asia/Tehran
  • یەکێتی ئوروپاو سەرەنجام، بایکۆتی بەرپرسانی میانمار

ڕەنج ومەینەت کێشانی لەڕادەبەدەری موسڵمانانی رۆهینگیا لە میانمار، سەرەنجام سەرنجی یەکێتی ئوروپای ڕاکێشاو ئەو یەکێتییە ناچاربوو چەند بەرپرس و کەسایەتی ئەو وڵاتە بایکۆت بکات.

بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی ڕۆیتەرز، یەکێتی ئوروپا رۆژی دووشەممە ڕایگەیاند، ژمارێک بەرپرسی میانماری لەبەرپێشێلکردنی مافی مرۆڤ دژ بەموسڵمانانی رۆهینگیا لەو وڵاتە، بایکۆت دەکات.

ڕاگەیێندراوی ماڵپەڕی یەکێتی ئوروپا باس لەوە دەکا کە حەوت کەس لە بەرپرسانی سەربازیی میانماری خراونەتەنێو پێڕستی بایکۆتەکانی ئەو یەکێتییە، ئەو بایکۆتانەی کە دەبنەمایەی دەسبەسەرداگیرانی داراییەکانی ئەو کەسانەو ڕێگەیان پێ نادرێ سەردانی وڵاتانی ئوروپایی بکەن.

یەکێتی ئوروپا لەکاردانەوە بە دۆخی میانمار، باسی تاوانکارییەکان لەو وڵاتەو پێشێلکرانی جیددی مافی مرۆڤی رۆهینگیاییەکان بەدەست سەربازانی میانماری کرد لە ڕووداوەکانی نیوەی دووهەمی ساڵی٢٠١٧ی زایینیدا.

توندوتیژی دژ بە موسڵمانانی رۆهینگیا لە کۆتایی مانگی ئاگۆستی٢٠١٧ لەپارێزگای راخینی میانمار دەس پێ کرا.

ئاستی توندوتیژی بەخێرایی، ئەو پارێزگا موسڵمان نشینەی ڕۆژاوای میانماری داگرت و هێزەکانی سوپای میانمار بەهاوکاریی بوداییانی توندڕەو تاوانگەلێکی سامناکیان لەدژ موسڵمانانی بێتاوان و سیڤیل بۆ وێنە، کوشت وبڕ، دەسدرێژکاری و ئاوارەکردنی موسڵمانان لە ماڵ و حاڵیان، ئەنجام دا.

ئامارەکانی سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان واپێشان ئەدات، پتر لە١٣هەزار ژنی موسڵمانی رۆهینگیایی پاش هەڵاتن لەماڵەکانیان و بەمەبەستی گەڕان لە سەرپەنایەک و شوێنێک بۆ حەوانەوە، بەرەوڕووی توندوتیژی وئازاری جینسی بوونەتەوە.

ئێستا زانیارییەکانی سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان"یونیسێف" پێشاندەری ئەوەیە کە، ڕۆژانە نزیک بە٦٠کۆرپەلە لەئۆردوگای ئاوارەکان و لەدایکانێک دەبن کە پاش ئاوارەبوون کەوتوونەتە بەرئازاری جینسی و دەسدرێژییان کراوەتەسەر.

هێزەکانی سوپاو بودائیانی توندڕەو لە کۆتاییەکانی ئاگۆستی٢٠١٧ـەوە تائێستا، زیاتر لە٦٥٠٠موسڵمانی رۆهینگیایییان کوشتووە، هەشت هەزار کەسیان بریندار کردووەو نزیک بە یەک ملوێن کەسیان لەماڵ و شوێنی ژیانیان، ئاوارە کردووە.

هەروەها زیاتر لە٣٠٠گوندی موسڵمانانی رۆهینگیا سووتێندراوەو لەگەڵ خاکدا یەکسان کراوە، بەچەشنێک کە ئێستا زیاتر لە٩٠٠هەزار ئاوارەی رۆهینگیا لە بەنگلادش و بەشی زۆریشیان لە سەرپەنای لاستیکی بێ هەرچەشنە پتەوبوون و هێمنیەک دەژین.

چاوخشاندن بەسەر بارودۆخی رۆهینگیا لەرۆژاوای میانمار واپێشان ئەدات باری گوزەرانی ئەو کەمینە موسڵمانە لە پێنج ساڵی رابردوودا ، بە دەسدرێژکاری، کوشت وبڕ و دەسدرێژیی هێزەکانی سوپاو بودائیانی توندڕەو تێپەڕیوە.

لەوەها بارودۆخێکدا هەنگاونانی زۆردرەنگ وەخت، لاواز و هاوڕێ لەگەڵ خەمساردیی یەکێتی ئوروپا لەهەمبەر تاوانکارییەکانی میانمار، ئەوەندە یارمەتیدەر نییە بۆ چاک کردنەوەی سیمای لێڵ و خەوشداری یەکێتی ئوروپا لەبارەی موسڵمانانی رۆهینگیا، بەتایبەت ئەوەی کە رۆژاواییەکان پێشینەی داکۆکی لە"ئانگ سان سوچی" بەرپرسی باڵای دەوڵەتیی ئەو وڵاتەو دانی خەڵاتی ئاشتی نۆبێل بەناوبراویشیان لەکارنامەدا هەیە.

سەرپەیڤ