ته‌مووز 05, 2018 15:44 Asia/Tehran
  • عەبادی داوای کەم کرانەوەی هەژماری راوێژکارانی سەربازیی ئەمریکا لە ئێراق دەکات

حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی ئێراق لەدیداریدا لەگەڵ شاندێکی کۆنگرێسی ئەمریکا خوازیاری دابەزینی هەژماری راوێژکارانی سەربازیی ئەم وڵاتە لە ئێراقدا بوو.

هەرچەن عەرەبستانی سەعوودی گرینگترین هاوپەیمانیی عەرەبی ئەمریکا لە ناوچەی ڕۆژاوای ئاسیایە، بەڵام ئێراق بۆ ئەمریکا جێگە و پێگەیەکی تایبەتی هەیە. ئەم جێگە و پێگەیە دەگەڕێتەوە بۆ پەلاماری ساڵی ٢٠٠٣ی ئەمریکا بۆسەر ئێراق کە گۆڕدرانی حکومەتی سیاسیی ئێراق لە "دیکتاتۆرێتیی بەعسی" بۆ سیستەمی پەرلەمانی بە دواوە بوو. ئەمریکا بەنیازی ئەوە بوو ئێراق وەکوو "مۆدێل و سەرچەشنی حکومەت سازیی ئەمریکایی" لە جیهانی عەرەب پێناسە بکات. بەپێی ئەم مۆدیلەدا هاوکات لەگەڵ دامەزرانی حکومەتێکی دیموکراتیک لە ئێراق ، ئامادەبوونی ئەمریکایش لە ناوچە جۆربەجۆرەکانی ئەم وڵاتە دەبا دەستەبەر کرابایە.

بەم حاڵەشەوە، هەم دیموکراسی لە ئێراق ئەنجامی دڵخوازی ئەمریکای بە دواوە نەبووە و هەم ئەوەی کە ئێراقییەکان خوازیاری چوونەدەری هێزی سەربازیی ئەمریکا لە وڵاتەکەیان بوون. هەر بۆیە ئەمریکا ڕووی کردە خۆوەردانی نەرێنی لە کاروباری ناوخۆیی ئێراقدا. "کریستۆفێر هیڵ" باڵیۆزی پێشووی ئەمریکا لە وتارێکدا دانی نا بەوەیدا کە فەرمانبەرێتیی ئەو لە بەغدا ڕووخاندنی حکومەتی نوری مالکی بە داکۆکی لە نەیارانی ئێراقی بووە. هەروەها نووری مالکی سەرۆک وەزیرانی پێشوی ئێراق ڕایگەیاند کە ئەو دانپێدانانەی باڵیۆزی پێشووی ئەمریکا لە بەغدا نیشانەی دەستێدا بوونی واشینگتۆن لە داگیر کرانی شارەکانی ئێراق لە لایەن گرووپی تیرۆریستیی داعشەوە لە ساڵی ٢٠١٤-ە.

داخوازیی حەیدەر عەبادی بۆ کەم کرانەوەی رادەی راوێژکارانی سەربازیی ئەمریکا لە ئێراقیش بە سەرنج دانی دەستوەردانی نەرێنیی  واشینگتۆن لە کاروباری ناوخۆیی بەغدا هاتووەتە ئاراوە. ئێراق ئێستا بەرەوڕووی گێچەڵی ڕێکخستنی هاوپەیمانی زۆرینە بۆ پێکهێنانی دەوڵەت بۆتەوە. وێدەچی یەکێک لە گرینگترین هۆکارەکانی سەرهەڵدانی ئەم گێچەڵە سەرچاوەکەی بگەڕێتەوە بۆ دەستێوەردانی ئەمریکا لە کاروباری ناوخۆیی ئێراق. ئەمریکا پێش هەڵبژاردنەکانی مانگی مەیی ٢٠١٨ خوازیاری وەدواخرانی بوو، بەڵام بە سوورو پێداگر بوونی سەرۆک وەزیران، گرووپ و کۆتلە سیاسییەکان و خەڵکی ئێراق، هەڵبژاردنەکان لە کاتی دیاریکراودا بەڕێوە چوو و هەڵبەت ئەنجامی دڵخوازی ئەمریکا و هاوپەیمانە ناوچەییەکانی بەدواوە نەبوو.

بۆچوونی بەرایی ئەمریکا و هاوپەیمانە ناوچەییەکانی بەتایبەت عەرەبستانی سەعوودی ئەوە بوو کە بە سەرکەوتنی لسیتی سائرون لە هەڵبژاردنی پەرلەمانیی ئێراق، ئەگەری هاوپەیمانی کردنی لە نێوان گرووپە شیعەکان کەم دەبێتەوە و سەرۆک وەزیرانێک کە لە ڕیاز و واشینگتۆن نزێک بێ هەڵدەبژێردرێ. بە راگەیەندرانی هاوپەیمانی کردنی سائرون و ئەلفەتح، ئەوەی ئەمریکا و عەرەبستان چاوەڕێی بوون نەهاتە دی و قۆناغی نوێی دەستتێوەردانی نەرێنیی لە کاروباری ناوخۆیی ئێراق دەست پێبوو. لەم قۆناغەدا ، هەوڵ دەدرێ بۆ هەڵوەشاندنەوەی هەڵبژاردنەکان و سەر لە نوێ بەڕێوە بردنی هەڵبژاردن لە ئێراق.

بە سەرنج دانی دان پێدانانەکەی "کریستۆفر هیڵ" سەبارەت بە هەوڵ بۆ وەلانرانی نووری مالکی لە پۆستی سەرۆک وەزیرانی ئێراق، ئیستا ئیتر "حەیدەر عەبادی" ئەوەی بۆ دەرکەوتووە کە ئەمریکا لە ئاڵۆزیی سیاسیی پاش هەڵبژاردنەکانی ئێراق دەورێکی بەرچاو دەگێڕێ. ئەمریکا ئەو خۆوەردانە نەرێننیانە لە کاروباری ناوخۆیی ئێراق لە ڕێگای راوێژکارانی سەربازیی خۆیەوە لەم وڵاتەدا ئەنجام دەدات. بەم پێیە، عەبادی لە دیداری شاندێک لە کۆنگرێسی ئەمریکا خوازیاری کەم کرانەوەی هەژماری ڕاوێژکارانی سەربازیی ئەم وڵاتە لە ئێراق بووە. ئێستاکە نزیکەی ٥ هەزار چەکداری ئەمریکی لە ئێراقدان کە زۆربەیان لە ژێر دەمامکی سەربازیدا، چالاکی سیاسیش دەکەن.