ته‌مووز 09, 2018 21:22 Asia/Tehran
  • بڵاوبوونەوەی ڕاپۆرێکی جێی نیگەرانی لەمەڕ ڕەوشی مافی مرۆڤ لە عەفرین

نووسینگەی کۆمیسێری باڵای مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوەکان بەبڵاوکردنەوەی ڕاپۆرێک، بارودۆخی ناوچەکانی ژێرکۆنترۆڵی تورکیا لەباکووری سووریای بەجێی نیگەرانی زانی و لەمەڕ بەتاڵانبرانی سامان و داراییەکان و کوژرانی خەڵکانی سیڤیل لەو ناوچانە، وشداری داوە.

بەپێی راپۆری هەواڵدەریی کوردپرێس بەگێڕانەوە لە ماڵپەڕی ڕێکخراوی نەتەوەکان، نووسینگەی کۆمیسێری باڵای مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوەکان لە ڕاپۆرێکی یانزە لاپەڕیی دۆخی ناوچەکانی باکووری سووریا لەوان؛ ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی سوپای تورکیاو هێزە سەرهەڵداوەکانی سەربە تورکیا لەسووریای، بەجێی نیگەرانی زانیوە.

ئەو نووسینگە داوای لە تورکیا کردووە، گرووپە سەرهەڵداوەکانی نزیک لەو وڵاتە کە کۆنترۆڵی ناوچەکانی باکووری سووریایان لەدەست دایە، بۆ لەبەرچاوگرتنی مافی مرۆڤ لەو ناوچانە هەوڵ بدەن چونکە ژیانی کەسانی سیڤیل لەو ناوچانە دژوار بووەو چەند حاڵەتێکی پێشێلکرانی مافی مرۆڤ دیتراوە.

ڕاپۆری ناوبراو هەروەها ئاماژە دەکا بە ڕوودانی تاوانی توندوتیژانە لە ناوچەی عەفرین کەلە کۆنترۆڵی هێزەکانی تورکیاو سوپای ئازاد دایە. هەروەها چەند هەواڵ و ڕاپۆرێک سەبارەت بە کوژران و ئازاردرانی کەسانی سیڤیل لە عەفرین و ناوچەکانی دیکەی باکووری سووریا کە لەژێر کۆنترۆڵی سوپای تورکیا دان ، گەیشتووەتە نووسینگەی کۆمیسیاریای باڵای مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوەکان.

ئەو ڕێکخراوە هەروەها ڕاپۆرە بڵاوکراوەکان لەمەڕ بەتاڵان برانی سامان ودارایی کەسانی سیڤیل و داگیرکرانی ماڵەکانیان لەلایەن سەرهەڵداوانی سەربە تورکیای، پشت ڕاست کردۆتەوە.

لەو ڕاپۆرەدا ئاماژە بەوە کراوە کە هەزاران ئاوارەی سووری لەناوچەی غوتەی ڕۆژهەڵاتی و ناوچەکانی دیکەی سووریا لەماڵی دانیشتووانی سەرەکیی شاری عەفرین پاش ئاوارەبوونیان بەهۆی پەلاماری تورکیا ، نیشتەجێ بوون و کوردەکانی عەفرین لەکاتی گەڕانەوە لەگەڵ داگیرکرانی ماڵەکانیان بەرەوڕووبوون.

کۆمیساریای مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوەکان نیشتەجێبوونی ئاوارەی عەرەب لەماڵی کوردانی عەفرینی بەنموویەک لە پاکتاوکرانی ڕەگەزیی و گۆڕانی دیموگرافیای حەشیمەتی لەو ناوچەیە زانیوە.

هەروەها داوا لە تورکیاو سەرهەڵداوانی سەر بەو وڵاتە کراوە، ڕێز بگرن لەمافی ئاوارە کوردەکانی عەفرین و بوار خۆش بکەن بۆ گەڕانەوەیان بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.