ته‌مووز 20, 2018 12:17 Asia/Tehran
  • ناڕەزایەتییەکانی عێراق لە دەرەوە ڕێبەریی دەکرێن

ناڕەزایەتییە مەدەنییەکانی خەڵکی عیراق لەم دواییانەدا بەرەو ئاژاوە و توندوتیژی چووە و نیشانەکان دەری دەخەن کە ئەم ئاژاوە لە دەرەوەی وڵاتی عێراقەوە ڕێبەریی دەکرێت.

هەزاران عێراقی لە پارێزگاکانی بەسرە، زیقار، نەجەف، بابل، کەربەلا، میسان و دیوانیە لە دژی ئاستی خواری خزمەتگوزاری ، کەمبوونی کارەبا و ئاو و بێکاریی لاوان، خۆپیشاندانیان بەڕێوە برد، بەڵام لە درێژەدا بە پاڵپشتیی دەرەکی و تەنانەت تۆمەت دان لە ئێران سەبارەت بە داخستنی کارەبا لە سەر عێراق، نارەزایەتییەکان هەنگاویان نایە قۆناغێکی نوێیەوە.

جاسم محەمەد جەعفەر نوێنەری پێشووی پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێکدا جەختی کرد کە نارەزایەتییەکانی پارێزگاکانی باشووری عێراق بەرهەمی هەوڵی دامودەزگاکانی هەواڵگریی سعوود و رێبەرانی حزبی هەڵوەشاوەی بەعس بۆ سیاسی کردنەوەیەتی. ناوبراو وتیشی کە شارەکانی باشووری و لەوان بەسرە و پاش ئەو هەندێک پارێزگای وەک زیقار، کەربەلا و نەجەف شایەدی ناڕەزایەتی کۆمەڵایەتی خەڵکی بوون کە بە هەڵمەتی تێکدەرانە و بشێوی و زیانگەیاندن بە دارایی گشتی درێژەی پێ‌درا.

جاسم جەعفەر ئاشکرای کرد کە پلان دارشتنەکانی دامودەزگای هەواڵگریی سعوودی بە چرا سەوزی ئەمریکاییەکان ئەنجام دراوە و جێبەجێ کراوە. خۆپیشاندانی کۆمەڵایەتی بە شێوەی خۆڕسکانە دەستی پێکرد، بەڵام خێرا سیاسی بۆوە و بەرەو سووتاندنی بارەگا و نووسینگەی حزبە سیاسییەکان و داراییە گشتییەکان و داخرانی ڕەوتی ئابووری لە پارێزگاگەلی باشووری چوو. تەواو رێبەرانی بەعس لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئەو هەڵمەتە توندوتیژانەیان ستایش کرد و جەژنیان گرت.

فالح خەزعەلی ئەندامی باڵای هاوپەیمانی فەتح-یش سەبارەت بە جموجۆڵی لایەنە بیانییەکان لە وڵاتدا لە سای درێژەی ناڕەزایەتیی خەڵکی هۆشداری دا و وتی: لایەنە بیانییەکان لە ساڵی ٢٠٠٣ەوە کە گۆڕانکارییە دیموکراتیکەکان لە وڵاتدا سەری هەڵدا، بۆ بەهرەمەند بوونی دزێوانە لە گردبوونەوەی ئاشتی‌ خوازانە لە پێناو بشێوی و نائارامی سازدان لە عێراقدا هەوڵ دەدەن. خۆپیشاندانی خەڵکی لە ڕاستیدا نیشاندەری ئەو ڕەنجانەیە کە لە گەڵیدا بەرەوڕوون.

شارە جۆراوجۆرەکانی عێراق بۆ چەند رۆژێک دەچێت کە شایەدی بەڕێوەچوونی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیگەلێکە کە زیاتر لە ناوچە هەستیار و گرینگەکانی نزیک کێڵگە نەوتییەکانی قەرنە لە باکووری بەسرە چڕ بۆتەوە. سەفەری ئەم دواییەی حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ بەسرە نەبووە هۆی ئارام بوونەوەی دۆخەکە لەو ناوچەیە و پێدەچێت کە ئەو ناڕەزایەتیانە لە لایەن گرووپگەلی دەرەکی و بە مەبەستی تەشەنەدان بە دۆخەکە لە یەکێک لە دەوڵەمەندترین ناوچە نەوتییەکانی عێراق، ئیدارە دەکرێت.

خۆپیشاندەرانی عێراقی ڕایانگەیاندبوو کە ئامانج لەو خۆپیشاندانانە نیشان دانی ناڕەزایەتیان لە دژی بێکاری و نالەباری دۆخی بژێو و مەعاشە، بەڵام زۆر زوو ناڕەزایەتییەکان داخستنی رێگەکان بە ئاگردانی لاستیکی ئۆتۆمبیلی بە دواوە بوو و زۆر کەس دەستیان دایە سووتاندنی بنکە و بارەگا سیاسییەکانی وڵات. لێکدانەوەی کۆی گۆڕانکاری و ڕووداوەکان لەو ماوەیەدا نیشان دەدا کە ئامانج لەو نائارمی و بشێویانە شتێکی جیا لە ئامانجە ڕاگەیێندراوەکان بووە.

دەوڵەتی عێراق بە دەرکردنی ڕاگەیێندراوێک وێرای ڕێزگرتن لە مافی خۆپیشاندان لە لایەن هاوولاتیانەوە، ڕایگەیاند کە هەندێک باڵی دەستڕۆیشتوو لە پشت ناڕەزایەتییەکان هەوڵی بشێوی و ئاژاوە دەدەن. ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییەی عێراق بیرهێنەرەوەی ناڕەزایەتییەکانی ئەمانی پایتەختی ئۆردۆن لە دژی ماڵیات و بەرزبوونەوەی نرخەکانە کە لەو خۆپیشاندانانەشدا داراییە گشتییەکان زیانیان پێ گەیشت و دروشمگەلێک لە دژی دەسەڵات و زەروورەتی دەست لە کار کێشانەوەی پادشای ئەو وڵاتە دەرکرا و لە ئاکامدا شرۆڤەکاران بەو ئەنجامە گەیشتن کە سعوودییەکان و زایۆنییەکان بە ئاشکرا دەستیان لە بشێوییەکاندا بووە.

ئەوەی کە هەر هاووڵاتییەکی جیهانی و لەوان لە عێراقدا بە پێی دەستوور مافی بەڕێوەبردنی خۆپیشاندانی هەیە، پرسێکی ڕوون و ئاشکرایە، بەڵام توندوتیژی لێ کەوتنەوە و زیان گەیاندن بە داراییە گشتییەکان و تێکدانی دۆخی ئیدارەی وڵات، ناچنە ناو چوارچێوەی ئەو مافەوە.

ناڕەزایەتییەکانی بەسرە سەرەتا گردبوونەوەیەکی خۆڕسک بوو کە لە دژی دۆخی مەعاش و بژێوی خەڵکیدا هاتبوویە ئاراوە، بەڵام لە درێژەدا ئاستی داخوازیی خەڵکی لە پرسی ئاو و کارەبا و بێکاری بۆ ڕووخاندنی دەسەڵاتی زاڵ و تێهەڵچوون لە گەڵ هێزە ئەمنییەکان بەرزبۆوە، بە چەشنێک کە بارەگا دەوڵەتی و سیاسییەکان و کۆمپانیاگەلی دەرەکیی هاوپەیوەند بە کێڵگە نەوتییەکانی بەسرە کرانە ئامانج و سنووری شەلەمچە کە لە گەڵ ئێراندا هاوبەشە، داخرا. لە کاتێکدا کە سنووری سەفوان کە لە گەڵ کویت هاوبەش، هیچ زیانێکی پێ نەگەیشت.

کاتی دەسپێکی ئەو ناڕەزایەتیانە جێی سەرنجە، چونکە ناڕەزایەتییەکان کاتێک دەستی پێکرد کە تەنیا چەند رۆژ لە تەمەنی دەوڵەتی ئێستای عێراق ماوە و بە کردەوە چاوەروانی هەڵمەتێکی شلگێرانە بۆ جارەسەریی پرس و کێشەی مەعاشی لێ ناکرێت.

ئاژاوە و بشێوییەکانی عێراق بۆتە هۆی زیادبوونی قەیرانێکی دیکە بەو قەیرانانەی کە بەغدا پێوەیان دەناڵێت. عێراق لەمدواییەدا لە شەڕێکی هەمە لایەنە و دژوار لە گەڵ گرووپی تیرۆریستی داعش و لایەنگرانی نێودەوڵەتیی دەرباز بووە و ئەزموونی بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانیی تێپەڕاندووە، بە چەشنێک کە هێشتا ئەنجامی بەرایی ئەو هەڵبژاردنانە بە تەواوی و پاش بژاردنەوەی دەستیی دەنگەکان یەکلا نەبۆتەوە.

هاوپەیمانییە پێکهاتووەکان لە پاش هەڵبژاردنەکانبی عێراق و هاوپەیمانیی ڕەوتی سائێرۆن لە گەڵ فەتح کە سەر بە حەشدی شەعبیە، بۆتە هۆی تووڕەیی عەرەبستان. چونکە ئەو ئەنجامە وەک سەرکەوتنی ئێران دەزانێت، بە تایبەت کە ئەو هەڵبژاردنانە لە پاش هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانیی لوبنان بەڕێوە چوو و لە هەڵبژاردنەکانی لوبنانیشدا حزبوڵڵا و بەرەی بەرخۆدانی ئەو وڵاتە سەرکەوت.

پرسی بەرچاو لە ناڕەزایەتییەکاندا ئەوەیە کە کەناڵ و ماڵپەڕەکانی سەر بە عەرەبستان و هەروەها ماڵپەڕی بی بی سی عەرەبی بە تەرکیز لە سەر هێرشی ئاژاوەگەران بۆ سەر بارەگا و نووسینگەی ئەو حزبانەی کە بە وتەی ئەوان سەر بە ئێرانن، بە خۆشحاڵییەوە هەوڵی خەت دان بە ناڕەزایەتییەکان دەدەن و پێداگری لە زەروورەتی ڕووخاندن و هەڵوەشاندنەوەی دەسەڵات لەو وڵاتەدا دەکەن.

بشێوی و هەلومەرجی ئاژاوەی عێراق بۆتە هۆی وەخۆکەوتن و هەڵقۆستنەوەی ئەو کەسانەی کە چاویان لە تەشەنەسەندنی دۆخی ئەمنیی ئەو وڵاتەیە. هێزە بە جێ ماوە و خۆهەشارداوەی گرووپی تیرۆریستیی داعش لە ناوچەگەلی جۆراوجۆری عێراق لە هەلێکی ئاوا دەگرێن بۆ سەرهەڵدانەوە و دەست پێکردنەوەی جەنایەتەکانیان بۆ ئەوەی بتوانن لەشی مردووی گرووپەکەیان ببووژێننەوە.

کەسانی سەر بە حزبی بەعس-یش لە هەر ڕووداو و هەلومەرجێکی خراپ لە عێراق بۆ ئامانجە سیاسییەکانی خۆیان و گەڕانەوەیان بۆ بەستێنی سیاسی لە قەوارەی ڕەخنە لە هەلومەرجی ئێستا و دڵسۆزی بۆ خەڵکی بەهرە دەبەن. هەروەها ئەو سیاسەتوانانەی کە لە خولەکانی پێشووی عێراقدا هەرکام پۆست و پێگەیەکیان بووە، بە هاندان و تەشەنەدان بە ئاگری خۆپیشاندانەکان و بە لارێدا بردنی لە ڕەوتی سەرەکیی خۆی، تێدەکۆشن بۆ ئەوەی ئامانج تاکەسی و حزبیی خۆیان دەستەبەر بکەن.

گۆڕانکارییەکانی عێراق بۆتە هۆی ئەوەی کە نیگەرانییەکانی کویت لە دراوسێتی عێراق هەمبەر بە دۆخی ئەمنیی سنوورە باشوورییەکان بەرزتر بێتەوە، بە چەشنێک کە کویت لە ئامادەیی هێزە سەربازییەکانی خۆی بۆ بەرەڕووبوونەوەی هەر جۆرە هەڵمەتێک هەواڵی داوە. کویت نیگەرانە کە ناڕەزایەتییەکانی عێراق پارێزگاکانی دیکەی ئەو ولاتە تێوەگلێنێت و دەولەتی ناوەندی نەتوانێت کۆنتڕۆڵی دۆخەکە بە دەستەوە بگرێت و ئاسایشی سنوورە باکوورییەکانی ئەو وڵاتە بکەوێتە مەترسییەوە.

پێدەچێت کە دەسپێکی ئەو ناڕەزایەتیانە و درێژە و هەروەها توندوتیژی لێ کەوتنەوەی خۆپیشاندانەکانی جەماوەری لە عێراق ئاماژەیەک بێت بە سەرهەڵدانی ئاژاوەیەکی دیکە لەو وڵاتەدا، کە بەرەنگاربوونەوە و تاراندنی بەڕێوەبەرانی دەرەکیی ئەو ئاژاوە پێویستی بە هۆشیاری و ئاگاداریی خەڵکی عێراق هەمبەر بە دۆخی هەستیاری وڵاتەکەیان لە قۆناغی ئێستادایە.