ئاب 03, 2018 16:21 Asia/Tehran
  • دیپلۆماسیی زەریف لە سەنگاپوور- یەکێتی ئاسێ ئان و پشتگری کردنی لە ڕێککەوتنی ناڤۆکی

وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سەنگاپوور خەریکی ڕاوێژێکی چڕوپڕەو لەگەڵ وەزیری دەرەوەو سەرۆک کۆمارو سەرۆک وەزیرانی ئەم وڵاتە و کۆمەڵێک لە وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی دیکەی بەشداری کۆبوونەوەی یەکێتیی باشووری ڕۆژھەڵاتی ئاسیا(ئاسێ ئان) دیدارو وتووێژی کردووە.

موحەممەد جەوادی زەریف کە بۆ بەشداریی لە پەنجاو یەکەمین کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندامی یەکێتیی  باشووری ڕۆژھەڵاتی ئاسیا (ئاسێ ئان) سەردانی سەنگاپووری کردووە، ڕۆژی پێنج شەممە بەرنامەیەکی چڕوپری بۆ ڕاوێژ کردن لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی جۆربەجۆر ھەبوو. ھەر لەم بوارەدا ڕۆژی ھەینیش لەگەڵ فدریکا موگرینی بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا دیدارو وتووێژی کرد.

تەوەرەی سەرەکیی دیپلۆماسیی زەریف لە باشووری ڕۆژھەڵاتی ئاسیا، ڕێککەوتنی ناڤۆکی و گرینگایەتیی پاراستنی سەرباری کشانەوەی نایاسایی ئەمڕیکا،لەم ڕێککەوتنە نێونەتەوەییە بووە. پشتگریی بەرپرسانی وڵاتانی جۆربەجۆر لە ڕێککەوتنی ناڤۆکی لە دیدار لەگەڵ زەریف، وادەر دەخات کە دنیا بەوجۆرەی کە کاربەدەستانی ئەمریکی بۆی دەچن بە دەوری ئەو وڵاتەدا ناسووڕێنەوە.

زەریف ڕۆژی پێنج شەممە لە پەراوێزی واژۆکرانی بەڵگەنامەی ئەندامەتیی ئێران لە پەیمانی برایەتی و ھاوکارییەکانی باشووری ڕۆژھەڵاتی ئاسیا(تاک) بە پەیامنێرانی وت: بە سەرنجدانی نزیک بوونەوەی کاتی ڕاپەڕێندرانی یەکەم دەستەی بایکۆتەکانی ئەمریکا، کۆمەڵێک لە وڵاتان لە کیشوەرە جۆربەجۆرەکان ئامادەی ئەوەن کە بۆ بەرنگار بوونەوەی ئەو بایکۆتانە شێوازگەلێک بدۆزنەوە بتوانن لە بەرامبەر گوشاری ئەمریکادا خۆڕاگر بن.

وەزیری دەرەوەی ئێران پێشی داگرتووە کە: تەواوی کاربەدەستانی باڵای لایەنی وتووێژ لەگەڵ ئێراندا بەرژەوەندیی خۆیان لە پاراستنی ڕێککەوتنی ناڤۆکیی بەرجام و بەردەوام کردن و پەرە پێ دانی ھاوکارییەکانیان لەگەڵ ئێراندا دەبیننەوەو لە سەر پاراستنی سەربەخۆیی خۆیان لە سیاسەتەکانی ئەمریکا لە بەرامبەر بەرجام و پاراستنی وەک دەستکەوتێکی دیپلۆماسیانە پێ دادەگرن.

تەوەرەی وتووێژەکانی کاربەدەستانی جۆربەجۆر لە دیدار لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران نومایشێکی چەند لایەنە خوازیی لە سەنگاپوور پیشان داو ئەوەی دەرخست کە، جیھان ھێشتاش ھەر لایەنگری ھاریکاریی بەرامبەرەو یەک لایەنەخوازییەکانی داناڵد ترەمپی سەرۆک کۆماری ئەمریکا لە جیھانی ئەمڕۆدا ھیچ کڕیارێکی نییە. خاڵی گرینگی ڕاوێژەکانی زەریف لە سەنگاپووردا پێداگرتن لە سەر پارێزرانی ڕێککەوتنی ناڤۆکیی بەرجام لە لایەن بەرپرسانی وڵاتانی جۆربەجۆر بووەو ئەمەش ئەوە دەر دەخات کە سەربەخۆیی لە ھەڵوێست و بۆچوون و بڕیاردانی وڵاتان بەدەر لە حەزو ویستی ئەمریکایە. جەختی بەردەوامی ترەمپ لە سەر ئەمەی کە ڕێککەوتنی بەرجام ڕێککەوتنێکی ترسناکە و ھەر بۆیە ئەمریکا وازی لێ ھێناوە، لە باشووری ڕۆژھەڵاتی ئاسیادا ھیچ کڕیارێکی نییە.

ئاسێ ئان وەکوو پێنجەمین ئوردوگای بەھێزی ئابووریی جیھان لە باشووری ڕۆژھەڵاتی ئاسیا، ئەکتەرێکی سەربەخۆیە و ھەوڵ دەدات بە خۆڕاگری و داھێنان، ھەڵس و کەوتی ئابووریی خۆی لەگەڵ وڵاتانی دیکە لەوانە ئێران بەھێز بکات تەنانەت لە سەردەمی بایکۆتەکانی ئەمریکاش دا. ئەم ھەڵوێستە شکستێکە بۆ سیاسەتەکانی یەکلایەنەی ئەمریکا بە مەبەستی تێکدانی یەکجاریی ڕێککەوتنی بەرجام. نیازپاکیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕاپەڕاندنی بەڵێنەکانی خۆی و ھەوڵی ڕاستبێژانەی بۆ دامەزراندنی ئاشتی و ئاسایشتی جیھانی، بووەتە ھۆی ئەوەی کە کۆمەڵگای جیھانی متمانە بە ئێران بکات و ئەمەش گرینگترین فەکتەرە بۆ بەردەوام کران و پارێزرانی پەیوەندییە دوو یاخود چەند قۆڵییەکان.ھەر ئەم ڕوانگەو ھەڵوێستەش ڕێ لەوە دەگرێت کە سیاسەتی بە سیفر گەیاندنی ئاستی ناردەی نەوتی ئێران لە لایەن ئەمریکاوە بچێتە واری جێبەجێ کردنەوە. ڕاوەستانی ھیند لە بەرامبەر ئەمریکا و جەخت کردن لە سەر ئەم خاڵەی کە نیودلھی لە بایکۆتەکانی یەک لایەنەی ئەمریکا  دژی ئێران پشتگری ناکات، سەربەخۆ بوونی کردارو ھەڵس و کەوتەکانی ھیند پیشان دەدات.

پێداگریی کاربەدەستانی وڵاتانی جۆربەجۆر لە ڕەوتی ڕاوێژەکانیان لەگەڵ زەریف لە سەنگاپوور لە سەر پاراستنی سەربەخۆیی و ڕوانگەی جیاواز لەگەڵ سیاسەتەکانی ئەمریکایان لە بەرامبەر ڕێککەوتنی ناڤۆکیی بەرجام، گرینگایەتیی ڕۆڵی دیپلۆماسی لە جیھاندا دەر دەخات و بەم پێیە ڕێککەوتنی بەرجام نومنەیەکی دیاری دیپلۆماسیی سەرکەوتووە لە جیھاندا.

پشتگریی جیھانی لە ڕێککەوتنی ناڤۆکی کە لەم ڕۆژانەدئا لە باشووری ڕۆژھەڵاتی ئاسیا دەرکەوتووە، جارێکی تر تەریک خرانەوەی ئەمریکای دەرخست و ئەوەی نیشان دا کە سیاسەتی فەرمان دان لە دنیای ھاوتەریبی و ھاوپشتی و یەکسانی دا بە ھیچ ئەنجامێک ناگات.

سەرپەیڤ