ئاب 03, 2018 18:18 Asia/Tehran
  • ناکۆکیی سیاسیی نێوان تورکیا و ئەمریکا

پەیوەندییەکانی ئانکارا- واشێنگتۆن لە ژێر کاریگەریی بایکۆت کرانی دوو ئەندامی کابینەی تورکیا.

دەمەقڕەی بەرامبەر بە یەک و مشت و مڕی نێوان کاربەد ەستانی باڵای ھەردووک وڵاتی تورکیاو ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە بیانووی جۆربەجۆر، ھەر ڕۆژە توندوتیژ تر دەبێت. ئەمریکا وەکوو گەورەترین ئەندامی ناتۆ، وەزیرانی نێوخۆو دادی تورکیای بایکۆت کردووە. بیانووی ئەمریکا بۆ بایکۆت کردنی دوو وەزیری کابینەی تورکیا دەست ھەبوونیان لە دەستبەسەر کرانی و دادگایی کردنی قەسەیەکی ئەمریکی ڕاگەیەندراوە. ڕیشەی ناکۆکییەکانی ئەم دوو وڵاتە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە  دادگەیەک لە تورکیادا ڕۆژی سێ شەممەی ڕابردوو داخوازیی ئازاد کرانی قەشەکەی ئەمریکای لە دەستبەسەر کرانی نێو ماڵی ڕەت کردەوە.

دەوڵەتی تورکیا"ئەندرو برانسێن" ی ئۆکتۆبری٢٠١٦ زایینی بەتۆمەتی سیخوڕی کردن، ئەنجامدانی هەوڵی تیرۆریستی و پەیوەندی گرتن بە ڕێکخراوی فەتحوڵڵا گولەن قۆڵبەست کرد. کەچی لە بەر نەخۆشی دیوانی باڵای تورکیا بڕیاری دەستبەسەر کرانی نێو ماڵی بۆ دەرکرد. ئەم بڕیارەی ئانکارا بووەتە ھۆی ڕ ق ھەستانی داناڵد ترەمپی سەرۆک کۆماری ئەمریکا و ناوبراو ھەڕەشەی کردووە کە ئەگەر بێتوو تورکەکان ئەو قەشە ئەمریکییە بەر نەدەن ئەوسا ھێندێک بایکۆت بە سەر تورکیادا دەسەپێنێ. ئینجا دوای ئەمە بە پێی فەرمانێکی ترەمپ وەزارەتی خەزێنەداریی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا عه‌بدولحه‌مید گول وه‌زیری داد و سوله‌یمان سۆیلۆ وه‌زیری ناوخۆی تورکیای لە بەر ڕەت کردنەوەی داخوازیی ئازاد کردنی قەشە ئاندرۆ برێنسۆنی ئەمریکی و دەست ھەبوونیان لە دەستبەسەر کرانی ناوبراو لە ساڵی ٢٠١٦ دا بایکۆت کرد. ئینجا لە بەرامبەردا مەولوود چاووش ئوغلو وەزیری دەرەوەی تورکیاش لە کاردانەوەیەک دا بەرامبەر بەو کارەی ئەمریکا سەبارەت بە بایکۆت کردنی دوو وەزیری وڵاتەکەی وشداری دا کە: دیارە ئەو کارەی ئەمریکا بێ تۆڵەکردنەوە نابێت و ئانکارا  لە بارەی ئەو بایکۆتانەی لە لایەن واشێنگتۆنەوە بەسەر وەزیرەکانی دا سەپێنداروە، کاردانەوەی پێویست لە خۆی پیشان دەدات.

ھەڵبەت ئاشکرایە ئەو ئاڵۆزییانەی ئەمڕۆی نێوان واشێنگتۆن و ئەمریکا تەنیا بە دەستبەسەر کرانی قەشەیەکی ئەمریکییەوە بەرتەسک نابێتەوە. بەڵکو ڕەجەب تەیب ئەردوغان کە لەم دواییەدا بە گۆڕدرانی یاسای بنەڕەتی دەستەڵاتێکی زیاتری گرتووەتە دەست، نیگەرانی ئەوەیە کە پشتگرییە ئاشکراو نھێنییەکانی ئەمریکییەکان لە گوێلەن لە ئەنجام دا ئاڵ و گۆڕێکی قوڵی سیاسیی لەو وڵاتەدا لێ بکەوێتەوەو ڕەوتە سەرنەگرتووەکەی کودەتای ساڵی ٢٠١٦  بە ئەنجام بگات. ئینجا لە بەرامبەردا ئەمریکییەکان بە توندی لە بەھێز بوونی پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ ڕووسیاو ئێران نیگەرانن و ھاوتەریبیی ئەم سێ وڵاتە بە پێچەوانەی بەرنامەکانی درێژماوەی خۆیان لە ناوچەی ڕۆژئاوای ئاسیادا دەزانن بە تایبەت لە پەیوەندی لەگەڵ شەڕی نێوخۆیی سووریا. ھەر لە بەر ئەمەش کۆنگرێسی ئه‌مه‌ریکا لە کاتی پەسەند کردنی بودجه‌ی سه‌ربازیی ساڵی ٢٠١٩ وڵاتەکەی فرۆشتنی فڕۆکه‌ی سه‌ربازیی جۆری ئێف_٣٥ ی ئەمریکا به‌تورکیای قه‌ده‌غه‌کرد. ئەم بڕیارە کاتێک درا کە ئەردوغان بە بێ بەھەند گرتنی وشداری دانەکانی ئەمریکا پەیمانی کڕینی سیستێمی موشەکیی ئێس چوارسەدی لەگەڵ ڕووسەکاندا واژۆ دەکرد.

ئاڵ و گۆڕەکانی چەند ساڵی ئەم دواییە بە تایبەت پاش دەستەڵات گرتنی داناڵد ترەمپ لە ئەمریکادا، نیگەرانیی ھاوپەیمانە سیاسی- سەربازییەکانی ئەمریکای لە بارەی جێگای متمانە نەبوونی واشێنگتۆن پەرە پێ داوە. لەگەڵ ئەمەش دا ھەر ئەم ئاڵ و گۆڕانە ئەوەشی دەرخستووە کە لە بەر گرتنی سیاسەتی مستی ئاسنین لە لایەن ئەمریکاوە نەک ھەر لە بەرامبەر خەنیم و دوژمنانی ئەو وڵاتە کاریگەر نەبووە، بەڵکو بە زۆری لە لایەن ھاوپەیمانە نەریتییەکانی واشێنگتۆنیشەوە بە ھەند ناگیردرێت.

گوێ نەدانی ئانکارا بە داخوازیی ئەمریکا لەمەڕ ئازاد کردنی خێراو دەستبەجێی "ئەندرو برانسێن"ی قەشەی ئەمریکی کە بە تۆمەتی سیخوڕی کردن و ئەنجامدانی هەوڵی تیرۆریستی و پەیوەندی گرتن بە ڕێکخراوی فەتحوڵڵا گوێلەن لە ئۆکتۆبری٢٠١٦ زایینیەوە دەستبەسەرەو ھەروەھا ھەڕەشەی توڵەسەندنەوەی بایکۆت کرانی دوو ئەندامی ئەنجومەنی وەزیرانی تورکیا لە لایەن دەوڵەتی واشێنگتۆنەوە،  دەبڕی ئاڵۆزتر بوونی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیاو ئەمریکایە.ئەمەش ھەمان ڕەوتە کە ئەگەر بەدەوام بکرێت دیارە زەبری قورسی دیکە لە ھاوکارییەکانی دوو ئەندامی کارای ناتۆ لە ناوچەی تێکچڕژاوی ڕۆژئاوای ئاسیادا دەوەشێنێ.