ئاب 04, 2018 19:07 Asia/Tehran
  • هەوڵی ئوروپا بۆ پاراستنی ڕێککەوتنی ئەتۆمی

محەممەد جەوادی زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێ: سەبارەت بە پێویستی ئەنجامدرانی هەوڵی هاواهەنگ بۆ پاراستنی ڕێککەوتنی ئەتگۆمی کۆدەنگی جیهانی هەیە.

زەریف لەگەڕانەوەی لە سەفەر بۆ سەنگاپور وئامادەبوون لە کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندامی یەکێتی وڵاتانی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا(ئا سێ ئان) هەروەها بەئاماژە بە دیدارەکەی لەگەڵ فدریکا مۆگرینی بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەیی یەکێتی ئوروپا وتی: دوولایەن لەو چاوپێکەوتنەدا وردەبابەتی هاوپێوەند بە کردەو هەنگاوەکانی یەکێتی ئوروپاو وڵاتانی دیکە بۆ دڵنیابوون لە سوودوەرگرتنی ئابووریی جەماوەری ئێران لە ڕێککەوتنی ئەتۆمییان تاووتوێ کرد.

فدریا مۆگرینی بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەیی یەکێتی ئوروپاش رۆژی هەینی لەوتاردانەکەی لە زانکۆی "نانیانگ"ی سەنگاپور پێی داگرت: "ئێمە هەروا درێژە دەدەین بەهاوکاری کردنی هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانمان لەسەرانسەری جیهان هەتا تیجارەتی یاسایی لەگەڵ ئێران درێژەی بێت. ئێمە دەسپێشخەریی ئەنجام دەدەین چونکە ئەو ڕێککەوتنە بۆ ئاسایشی گشتیی ئێمەو ئاسایشی یەکێتی ئوروپا بەسوودە."

ناوبراو وتی: ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان لەکاتی ئیمزاکردندا دەبێ لەلایەن هەمووانەوە ڕێزیان لێ بگیردرێ.

ئەو لێدوانانە پێشاندەری گرینگیی پاراستنی ڕێککەوتنی ئەتۆمی بۆ ئوروپایە. پاراستنی ڕێککەوتنی ئەتۆمی بەمانای بەرەڤانی لە پلەوپێگەی سیاسی ئوروپا لە پرۆسەی دانوستانەکانی هاوپێوەند بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی و گەیشتن بەڕێککەوتنی ناڤۆکییە.

ئێستا دەسەڵاتە ئوروپاییەکان هیوادارن کە ستراتژیای دیپلۆماتیکی ئەوان بتوانێ لەکێشەی چوونەدەری ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ئەتۆمیش سەرکەوتووانە تێپەڕێ. ئەگەرچی ئەو کارە دژوار دێتەبەرچاو. بەبۆچوونی مۆگرینی، ئامرازی بەهێزی ئابووریی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەبەردەمی ئەوان دایە، بەڵام خولیا و ئارمانجی ئوروپا بۆ پاراستنی ڕێککەوتنی ئەتۆمی جێی سەرنجە.

هەرلەو پەیوەندییەدا وەزیری دەرەوەی پێشووی ئاڵمان، زیگمار گابریێل دەڵێ: "ئێمە دەمانەوێ ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەهەمبەر هەرچەشنە بڕیارێک کە ڕەنگە ببێتەمایەی لەناوچوون و هەڵوەشانی، بپارێزین. چونکە هەڵوەشانی، هەڵگری پەیامێکی زۆرمەترسیدار دەبێ بۆ باقی وڵاتانی جیهان."

ئوروپا باش ئاگاداری ئەوەیە کە بەدیلێکی دیکەی بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی نییە. لەبواری ئابووریشەوە دەبێ بگوترێ کە؛ وڵاتانی ئوروپایی لەدامەزرانی پەیوەندیی بازرگانی لەگەڵ ئێران لەئاستێکی باڵادا سوودمەند بوون.

بێگومان ئوروپا ڕێگایەکی دژواری لەمەڕ درێژەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران لەبەردەم دایە، بەڵام سەرباری گشت دژوارییەکان، ئاگاداری ئاستی خۆڕاگریی لەهەمبەر گوشاری ئەمریکایە. بەو حاڵەشەوە، دەبێ بگوترێ، پرۆسەی چاوەڕوانی ئێران، بەرتەسک نییە کە هەتا هەمیشە درێژەی بێت. لەوڕووەوە دوو خاڵ لە شیکردنەوەی ئەو ڕەوتە گرینگە:

خاڵی یەکەم خرانەڕووی دەستەبەریی پتەو و شەفاف لەلایەن ئوروپاوە لەمەڕ جێ بەجێ کرانی ڕێککەوتنی ئەتۆمی بێ ئەمریکایە.

خاڵی دووهەم گرینگیدان بە فەکتەری زەمانە، هەم ماوەی دانوستانەکان و هەم کاتی هەرەقەتی جێ بەجێ کرانی بەڵێنیەکان، ئێستا بەشێک لە چالاکییە ئابوورییەکانی ئێران، ماتەڵی ئەنجامی دانوستانەکان ماوە. لە وەها بارودۆخێک لێدوانەکانی مۆگرینی دەتوانێ دوولایەنە بێ. یەک لایەنی، بەرەڤانی ئوروپا لە درێژەی یەکجاریی هاوکارییەکان لەگەڵ ئێرانە، بەڵام لایەنی تری، ئەگەری پەیڕەوی کردنی ئوروپا لە ئەمریکایە ، کە ئەنجامەکەی کات بەفیڕۆدان لەهاوکاری کردنی ئێرانە. هەڵبژاردنی ئەو بژارە بێگومان بەقازانجی ئوروپا نابێ.