ئاب 27, 2018 08:20 Asia/Tehran
  • مۆتەکەی داعش لە ئوروپاش بەرۆکی کچانی ئێزدی بەرنادات

کەناڵی ئەلجەزیرە راپۆرێکی بڵاوکردووەتەوە لەسەر ژیانی کچان و ژنانی ئێزدی لە کەمپێکی وڵاتی ئاڵمانیا و وێڕای دیمانە لە گەڵ چەند کچێکی ئێزدی ، ئەم راسیتە ئاشکرا دەکات کە ئوروپا شوێنێکی ئەمن و بێ مەترسی نیە بۆ ئەو پەنابەرانەی قوربانیی دەستی داعش و لەوێش ئەو داعشیانەی گەڕاونەوە ئوروپا هەڕەشە و مەترسین بۆسەر ئەو کچ و ژنە ئێزدیانە .

ئەشواق حاجی کە کچێکی ئێزیدیە، دووجار کەوتوەتە ژێر مەترسی داعش، جاری یەکەم کاتێک چەکدارانی داعش بەدیل گرتیان لە 2014 و لە بازاڕی کۆیلەفرۆشان فرۆشتیان بە ئەندامێکی داعش، جاری دووەمیش کاتێک لە ئەڵمانیا هەمان ئەندامی داعش دەیبینێتەوە و هەڕەشەی لێدەکات، ئەشواق توشی شۆک دەبێت.

ئەشواق دەلێت "ساڵی 2014 چەکدارانی داعش منیان بە دیل گرت، لە بازاڕی کۆیلەفرۆشان فرۆشتمیان بە چەکدارێکی خۆیان، ئەو زۆر خراپ بوو لەگەڵم و لێیدەدام و دەستدرێژی کردە سەرم بۆماوەی چەند مانگ".

هەرچەندە  ئەشواق توانی لەژێر دەستی داعش هەڵێت و خۆی بگەیەنێتە ئەڵمانیا، بەڵام ئەڵمانیا نەبووە پەناگەیەکی ئارام تا تێیدا بحەوێتەوە، بەڵکو لە ویلایەتی (بادن فۆتمبەرگ) لە ناوەڕاستی ئەڵمانیا رۆژێک لە یەکێک لە شەقامەکان چاوی دەکەوێت بەهەمان پیاو (چەکداری داعش)، بەم هەڵوێستە ئەشواق ترس دایدەگرێت و توشی شۆک دەبێت، پیاوەکە هەڕەشە لە ئەشواق دەکات و پێی دەڵێت "هەموو شتێک دەربارەی ژیانت لە ئەڵمانیا دەزانم".

چیرۆکی ئەشواق وای لە ژمارەیەک کچە ئێزیدی کردوە نەخوازن بگەڕێنەوە ئەڵمانیا یان بچنە ئەو وڵاتە و ببنە پەنابەر لێی، چونکە بەلای ئەوانەوە ئەو وڵاتە ئیتر ناوچەیەکی ئارام نییە بۆ کچانی ئێزیدی.

نەسرین سەعدۆ موراد کچێکی ئیزییە و دەڵێت "داعش ستەمی زۆری لە من کرد، بیستو هەشت جار کڕین و فرۆشتنم پێوەکراوە، دووجار هەوڵمدا خۆم بکوژم بەڵام سەرکەوتو نەبووم". نەسرین لە ئێستادا لە کەمپێکی ئاوارە ئێزیدیەکان دەژی و باس لەوە دەکات کە" پلانێک هەیە بۆ ناردنی رزگاربووانی دەستی داعش بۆ ئەڵمانیا، من پێویستیم بە چارەسەری دەورنی و جەستەیی هەیە، بۆیە بڕیارمداوە بچم بۆ ئەوێ چونکە دەرفەتێکە و دووبارە نابێتەوە"، بەڵام دوای ئەوەی نەسرین گوێبیستی چیرۆکی ئەشواق بووە، دودڵە لەوەی بچێت بۆ ئەڵمانیا.

هینا عەباس کچە هەرزەکارێکی ئیزیدیە و باس لەوە دەکات ساڵی 2014 لە لایەن داعشەوە رفێنراوە و دوای چەند مانگێک رزگارکراوە لە دەستی داعش، ئەو هاوڕێی ئەشواق بووە و وەک خۆ دەڵێت پێکەوە لەژێر دەستی داعش دیل بوون، ئێستا کە گوێبیستی چیرۆکی ئەشواق دەبێت تووشی دڵەڕاوکێ بووە، هەرچەندە دایک و باوکی لە ئەڵمانیا دەژین بەڵام رەتیدەکاتەوە بچێتە ئەو وڵاتە، تەنانەت وەک خۆی دەڵێت ئەگەر لە عێراق رووبەڕوی مەرگیش ببێتەوە.

هینا دەشڵێت "ژمارەیەکی بەرچاوی چەکدارانی داعش هەڵگری رەگەزنامەی ئەوروپی بوون، بۆیە شتێکی ئاساییە دوای شکستی داعش دەگەڕێنەوە وڵاتەکانیان، بەمەش دەبنە مەترسی بۆسەر ئافرەتانی ئێزیدی". هینا باسی لەوەش کرد کە ئەشواق پێی راگەیاندووە ناگەڕێتەوە ئەڵمانیا و ئەمیش لەسەر ئەو بڕیارەی هانیداوە.

حەنان موراد کچێکی تری ئیزیدیە لە دەیەی سێیەمی تەمەنیەتی و دەڵێت "بەر لە دووساڵ لە شارەکەی خۆم لە ئەلمانیا ئەو داعشەم بینیەوە کە دەستدرێژی کردە سەرم کاتێک کەنیزەک بووم لە شاری رەقەی سوریا لەبەردەستیدا".

حەنا پۆلیسی ئەڵمانی لەو رووداوە ئاگادارکردووە، بەڵام پۆلیس پییان وتووە "ناتوانین لێپرسینەوە لە کەسێک بکەین لە وڵاتەکەمان تاوانی نەکردوە و لە وڵاتی خۆی داعش بووە". بەڵام پۆلیسی ئەڵمانیا چەند پاسەوانێکی بۆ ناوبراو دانا و تا ئێستاش پارێزگاری لێدەکەن. حەنان ئیستا بە سەردان لە کوردستانە و سەبارەت بە گەڕانەوەی بۆ ئەلمانیا دەڵێت "هەرچەندە دەترسم، بەڵام لەبەر خێزانەکەم دەگەڕێمەوە ئەڵمانیا، ژیان لە کەمپەکان ناڕەحەت و سەختە، لەوی پۆلیس پاسەوانیمان دەکەن".

شریهان رەشۆ کچێکی ئێزیدی تەمەن نۆزدە ساڵە و دەڵێت "بەچاوی خۆم ئەشکەنجەی داعشم بینی، هەرکەس دەیهەوێت بزانێت داعش چ مەترسییەکن بۆسەر مرۆڤایەتی با بێت پرسیار لە ئێمەی کچە ئێزیدی بکات".

چیرۆکی نەهامەتیەکانی کچانی ئێزیدی کە لەسەر دەستی داعش تووشیان بوو زۆرتر و زیاترە لەوەی لەم راپۆرتەدا بخرێتەڕوو، ئەوەش کە ئاماژەی پێدرا لایەنێکی بچووکی نەهامەتیەکانە و دەیان دیوی شاراوەی چیرۆکەکان هێشتا لە ناخی خودی ئەو کچانەدایە کە بوونە قوربانی هێزێکی وەکو داعش.