ئه‌یلوول 11, 2018 17:45 Asia/Tehran
  • ڕێککەوتنی تاران ومۆسکۆ: بەرەنگاربوونەوەی کردەی دوژمنکارانەو بایکۆت وگەمارۆکانی ئەمریکا

مۆسکۆ هۆگری ئەوەیە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێران بەتایبەت لەبواری بازرگانی وئابووری زیاتر بەهێز بکات.

وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا رۆژی دووشەممە بەبڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک ڕایگەیاند، لەچوارچێوەی دانوستانی "سێرگئی ریابکۆف" جێگری وەزیری دەرەوەی ڕووسیا لەگەڵ "عەبباس عێراقچی" یاریدەری کاروباری سیاسیی وەزیری دەرەوەی ئێران لەتاران ، ڕووسیاو ئێران ڕێککەوتن لەسەر گەرەنتیی درێژەدان بەڕەوتی تیجارەتی دووقۆڵی بەمەبەستی بەرەنگاربوونەوەی کردەی دوژمنکارانەو بایکۆتەکانی ئەمریکا دژ بەئێران.

بەپێی ڕاگەیاندنی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا، لایەنی ڕووسی لەو دیدارەدا جەختی کرد لەسەر پێبەندبوونی مۆسکۆ بە ڕێککەوتنی ناڤۆکیی ئێران بەتایبەت بەسەرنجدان بە گرینگیی ئەو ڕاستییە کە ئێران پێبەندبووە بە وادەو بەڵێنیی هاوپێوەند بەو ڕێککەوتنە.

هاوکارییەکانی ئێران و ڕووسیا بابەتی جۆراوجۆری وەک بوارەکانی وزە، چێکرانی هێزگە، گەشتیاری، گواستنەوەو گەمییەوانی لەخۆدەگرێ. ئەو هاوکارییانە کارتێکەریی گرینگیان هەبووە لەسەر پەرەی پەیوەندییە ئابوورییەکانی دوو وڵات.

لەوئاراستەیەدا، بیرۆکەی وەک، پێکهاتنی یەکێتی تیجاریی نێوان ئێران و ڕووسیا، هاتووەتە ئاراوە کە لەلایەن ژووری بازرگانی و پیشەسازیی ڕووسیاو ئەنجومەنی تیجاریی ئێران-ڕووسیا پێوشوێن دەگیردرێ.

ڕێککەوتنی دوێنێی دوولایەن لەتارانیش پێشاندەری جۆرێک پەیوەستەبوونی سیاسی وئابووری لەهاریکارییە دووقۆڵییەکان و هاوکارییە ستراتژیکییەکانی نێوان ئێران و ڕووسیایە. لایەنی گرینگی ڕێککەوتنی ئێران و ڕووسیا، لێک نزیکبوونەوە لەئاراستەی بەرەنگاربوونەوەی ئابلۆقەکانی ئەمریکا لە پەیوەندییە ئابووری-تیجارییەکانی دوو وڵاتە.

عەبدوڕەسول دیوسالار، کارناسی پرسەکانی ڕووسیا لەسەر ئەو ڕایەیە، پەرەی ڕکابەرییە ناوچەییەکان و سیاسەتی کێشەسازکەری ئەمریکاو ژمارێک دەسەڵاتی ئوروپایی، گرینگیی زیاتری بەپەیوەندییەکانی ئێران و ڕووسیا داوە.

بەبڕوای شرۆڤەکارانی پرسە ئابوورییەکان، بەو پتانسێلانەی لەپەیوەندیی نێوان ئێران و ڕووسیاودا بەدیهاتووە، بەزوویی دەکرێ شایەتی پەیوەندیی جێگیر و قوڵتری نێوان دوو وڵات بین. ئێستا کاتی سوودوەرگرتن لەپتانسێل وتواناکانە.

مورتەزا خانساری کارناسی پرسە جیهانییەکان، پێی وایە، ئێران و ڕووسیا بەهۆی ئەوەی خاوەن پاشەکەوتی مەزنی وزە لەبواری نەوت و گازن، دەتوانن بەشی سەرنجڕاکێشی بەڕێوەبەرایەتی وئاسایشی وزە لەجیهان بەخۆ تەرخان بدەن و جیهان بەرەولای سیستەمی دووجەمسەریی جێی داکۆکی زۆربەی وڵاتان هیدایەت بکەن.

حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامەنەیی ڕێبەری باڵای شۆڕش، شەوی هەینیی ڕابردوو لەدیداری ڤلادیمیر پوتین سەرۆک کۆماری ڕووسیاو شاندی هاوڕێی لەتاران، بایکۆتی ئێران، ڕووسیاو تورکیا لەلایەن ئەمریکای بەخاڵێکی هاوبەشی زۆربەهیز زانی بۆ پەرەی هاوکارییەکان و فەرمووی: کۆماری ئیسلامیی ئێران و ڕووسیا دەبێ وێڕای پەرەپێدانی هاوکارییە سیاسی وئابوورییەکان، ڕێککەوتنە ئەنجامگرتووەکان لەدانیشتنی تاران شێلگیرانە پێوشوێن بگرن. بەڕێزی هەروەها جەختی کرد لەسەر ئەنجامدانی ئاڵووێر ومامەڵە ئابوورییەکان بەدەر لە چوارچێوەی دۆلاردا.

پوتینیش لەو چاوپێکەوتنەدا وتی: ئەمریکییەکان بەدانانی بەرتەسک لەبەردەم ئاڵووێرە دراڤییەکان، خەریکن هەڵەیەکی ستراتژیک ئەنجام دەدەن چونکە لەبەر دەس خستنی سەرکەوتنێکی سیاسی و کورتە ماوە، دەبنەهۆی بێمتمانەیی بە دۆلار لە کەشی جیهانی و لاوازبوونی. کۆی ئەو فەکتەرانە واپێشان ئەدا کە پەیوەندییەکانی ئێران و ڕووسیا لەبواری ئابووریدا، هاوتەریب لەگەڵ لێک نزیکبوونەوە سیاسییەکان، پەرەی سەندووە. ئەو ڕەوتە دەتوانێ ببێ بە بەستێنێکی شیاو بۆ پەرەی پەیوەندییەکانی دوو وڵات.