تشرینی یه‌که‌م 05, 2018 07:16 Asia/Tehran
  • ڕوانگەی ڕێبەری، شکست ھێنانی بایکۆتەکان زللە وەبەرکەونێکی دیکەی لە ئەمریکایە

"حەزرەتی ئایەتوڵڵا عوزما خامەنەیی" ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران سەرلەبەیانیی ڕۆژی پێنج شەممە لە کۆبوونەوەی گەورەی دەستەڵاتی عاشورایی بەسیج و ئاپۆرەی دەیان ھەزار کەسەی بەسیجییەکان و لاوانی بەتین و شۆڕشگێڕ لە وەرزشگای سەدھەزار کەسیی ئازادیی تاران دا، وتەگەلێکی گرینگی سەبارەت بە پرسی جۆربەجۆر بە تایبەت شەڕی ئابوریی دوژمن ھێنایە ئاراوە.

"حەزرەتی ئایەتوڵڵا عوزما خامەنەیی" ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران لەم کۆبوونەوە گەورەیەدا بە دەربڕینی ئەمەی کە ھیچ چەقبەستوویی بنبەسێک لە وڵات دا بوونی نییە و لاوانی بڕوادارو شۆڕشگێر ڕێگاچارەی گرفتەکانی ئێستان، پێی داگرت:ئابووریی نیشتمانیی وڵات دەتوانێ هەرەس بێنێ بە ئابلۆقەو بەحەول و یارمەتیی کردگار، ئابلۆقەکان دەشکێنین و شکستهێنان بە گەمارۆ بەمانای شکست هێنان بە ئەمریکایەو ئەمریکا دەبێ بەو شکستەی، زلـلەیەکی دیکەی لەلایەن گەلی ئێرانەوە وێکەوێ.

ئامادە بوونی ماناداری ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران لە نێو ئاپۆڕەی سەد ھەزار کەسیی بەسیجییەکان دەربڕی ڕۆڵی کاریگەرو شوێندانەری لاوانە لە بواری جۆربەجۆردا کە نمونە ھەرەبەرچاوەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی شەڕی داسەپاو کە لاوان لە گۆڕەپانەکانی شەڕدا ئەوپەڕی ھەوڵی خۆیانیان بەکار ھێنا.

ئا لەو سەردەمەش دا "حەزرەتی ئایەتوڵڵا عوزما خامەنەیی" ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران بە ئامادە بوونی لە نێو ئاپۆڕەی لاوان لە وەرزشگای ئازادیی تاران بۆ لاوانی بڕوادارو شۆدشگێڕ قسەی کردو ئەوانیش بە چوونیان بۆ گۆڕەپانەکانی شەڕی حەق دژی بەتاڵ سەرکەوتنی  گەورەیان نەخشاند.

ئەمڕۆش ھەر دوژمنانی شۆڕشی ئیسلامی لە شەڕێکی توندوتۆڵی ئابوورین لەگەڵ نیزامی ئیسلامی دا کە لەم ناوەدا لاوان بە ئامادە بوونی کاریگەریان لە گۆڕەپانی زانست ، چالاکیی ئابووری و کارخولقاندن پیلانی دوژمنان پووچەڵ دەکەنەوە. ئەزمونی ھەشت ساڵ بەرەڤانیی پیرۆز ئەوەی دەرخست کە لە ھەر شوێنێکەوە کە لاوان خۆیانیان تێ گەیاندووەو بە کردەوە ھاتوونەتە مەیدانەوە ، بوونەتە ھۆی سەر سووڕمانی ھەموو لایەک. لە شەڕی داسەپاوی ھەشت ساڵەدا گەلی ئێران بە پشتیوانیی لاوانی شۆڕشگێڕی خۆی توانی بەرەی بەربڵاوی دوژمن تێک بشکێنێ و سەروەریی وڵاتەکەی بپارێزێت. کەوا بوو ھەر بەوجۆرەی کە گەلی ئێران لە سەردەمی بەرەڤانی پیرۆزو چل ساڵ دوای سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی بە سەربەرزی ژیاوەو سوکایەتیی قەبووڵ نەکردووە، ئەمڕۆش ھەر لە مەیدانی شەڕی ئابووری دا قەت لە بەرامبەر گوشارو تەوژمی ئەمریکادا بە چۆکدا نایەت و ناکشێتەوە. ھەر لەم چوارچێوەیەدا ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران "حەزرەتی ئایەتوڵڵا عوزما خامەنەیی" فەرموویانە: گەلی ئێران و بەرەی تازە بەوپەڕی لێبڕاوییەوە بڕیاری داوە ئیدی سوک نەکرێت و شوێن ھێزەکانی بیانی و دوژمنان نەکەوێت، بڕیاری داوە کە ئێرانی ئازیرمان بەوپەڕی شانازی و سەربەرزی بگەیەنێت و دیارە ئاوا تواناییەکی ھەیەو پێشی دەکرێت.

دوژمنانی ئێرانی ئیسلامی بەدرێژایی چوار دەیەی سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی دا ھەموو ڕێگایەکیان تاقی کردووەتەوە ھەتا گەلی ئێران بەچۆکدا بھێنن و سەری پێ دانوێنن، کەچی تەواوی ئەو ڕێگایانەیان لە سەر داخراوەو ھیچیان بە ھیچ نەکردووە. ئێستاکە بێجگە لە بایکۆت و گەمارۆی ئابووری ڕێگایەکی تر لە بەردەم دوژمناندا نەماوەو ھیچی تریان پێ شک نایەت، بەڵام وەک ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران "حەزرەتی ئایەتوڵڵا عوزما خامەنەیی"ش ئاماژەیان پێ کردووە بایکۆت و گەمارۆی ئابووری لە ئابووریی نیشتیمانیی ئێران سستەک ترو کەم ھازترە. ھەڵبەت بەڕێزی ھۆکاری ئەم نەبەزین و پاوەجێییەش ھەر بۆ بەرەکەت و متفەڕک بوونی ئایینی پیرۆزو ئاسمانیی ئیسلام دەگێڕێتەوەو دەفەرموێت: لەشکان نەهاتوویی گەلی ئێران بەهۆی بەرەکەتی ئیسلامی ئازیزەو ئەو لەشکان نەهاتووییەش دەتوانرێ لە سەرکەوتنی ئەو گەلە مەزنە لە شۆڕشی ئیسلامی و بەرەڤانی پیرۆز و هەروەها خۆراگریی لەهەمبەر هەموو پیلانگێڕییەکانی چل ساڵی ڕابردووی دوژمنان، بەدی بکرێت.

سەردەمی ژیانی شۆڕشی ئیسلامی ھەڵگری سێ فەکتەری گرینگ و ھەستیاری « مەزنایەتیی ئێران، دەستەڵاتی کۆماری ئیسلامی و بەچۆکدا نەھاتنی گەلی ئێران»ە . ئەم ڕاستییە حاشا ھەڵنەگرەش دوژمنانی توڕەو مارەنگاز کردووە و لە ھەر ڕێگایەکەوەو بە ھەر شێوازێک ھەوڵی ئەوە دەدەن کە کۆماری ئیسلامیی ئێران تووشی گرفت و تەنگژە بکەن.

ئەم سێ فەکتەرەی دەستەڵات ئێستاکە لە پاش تێپەڕینی چل ساڵ لە تەمەنی شۆڕشی ئیسلامی بەوپەڕی خۆی گەییشتووەو ھەر لە بەر ئەمەش ئێران لەنێو گەلانی ناوچەکەدا ڕێزێکی تایبەتیی ھەیەو ڕێزو ستایشی سیاسەتڤانانی ھەڵکەوتەی جیھانیشی بەدوای خۆیدا ھێناوە. ھەر لەم پەیوەندییەدا ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران "حەزرەتی ئایەتوڵڵا عوزما خامەنەیی" ڕاپسکانی ئێران لەژێر ڕکێفی ستەمکارانەی بریتانیاو ئەمریکایان بۆ سەلماندنی دەستەڵاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە بەس زانیوەو پێیان داگرتووە کە: دەرباز بوونی وڵات و نیشتیمان لە شەڕی حکومەتی ملھوڕو پاشایەتیی میراتگرانە، خۆڕاگرتن لە بەرامبەر تەواوی پیلانەکان بە درێژایی چل ساڵی ڕابردوو و ھەڵکشانی ئاستی بڕوامەندی و جێ و شوێن و ڕێزمەندیی ئێران لە ناوچەکەو جیھان لەو نمونانەی دیکەی دەستەڵاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران دێنە ئەژمار.

 

سەرپەیڤ