تشرینی دووه‌م 09, 2018 16:40 Asia/Tehran
  • دڵخۆشبوونی پەمپێئۆ بە بایکۆتەکان

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا سێ ڕۆژ دوای دەست پێ بوونی خۆلی دووهەمی بایکۆتەکانی دژی ئێران وتی: ئامانج لەم بایکۆتانە ، دانوستان لەگەڵ ئێران نییە، بەڵکو گۆڕینی شێوە هەڵس و کەوتی ئێرانە.

مایک پەمپێئۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕۆژی پێنج شەممە لەوتووێژێکدا لەگەڵ کەناڵی بی بی سی لە سیمایەکی چەواشەکارانەدا بە دەربڕینی ئەمەی کە بایکۆتەکانی ئەمریکا سێرەی بۆ جەماوەری ئێران نەگرتووە، بانگەشەی کرد: ئامانجی ئەو گوشارانە ڕاگرتنی دەستەڵاتی تێکدەرانەی ئێران لە ناوچەکەو هەڵمەتی تیرۆر لە ئەورووپاو پشتکری کردنی لە حیزبوڵڵایە.

ئامادە بوونی ناوچەیی ئێران چقڵی چاوی کاربەدەستانی ئەمریکییە و چەواشەکاری و بانگەشە بێ بنەماکانی ئەمریکییەکان دژی ئێران و کەسایەتییە کاریگەرەکانی ئێران لە ناوچەکە، هەر لەم چوارچێوەیەدا دێتە ئەژمار. ئەمریکا لە هەر ڕێگایەکەوە بەدووی کەم کردنەوەی کنەو دەستەڵات و گۆڕینی شێوە هەڵس و کەوتی ئێرانە لە ناوچەکەدا، بەڵام کۆماری ئیسلامیی ئێران وڵاتێکی سەربەخۆو خاوەنی فەکتەرگەلی دەستەڵاتە کە بەرەوپێش بردنی سیاسەتی دەرەوەیی خۆی لە ئاراستەی هاوتەریب بوون لەگەڵ وڵاتێکی تایبەتی دا ڕێک ناخات.

فەکتەرە دەستەڵات چێکەرەکانی ئێران، خۆجێییەو بە پاڵپشتێکی جەماوەرییەوە کە هەر ئەم دڵنیاییەش وایکردووە کە ئێران ببێت بە دەورگێڕێکی چالاک و سەربەخۆ و بۆ دابین کردنی پێداویستییە ستراتژییەکانی، لەوانە ئاسایشت خۆی بە لایەنێکەوە نەبەستێتەوە.

دۆش دامانی ئەمریکا لە بەرامبەر ئێراندا بووەتە هۆی ئەوەی کە کاربەدەستانی ئەمریکی بەشێوازگەلی جۆربەجۆرلەوانە بایکۆتی ئابووری، گوشاری سیاسی و هێنانە ئارای بانگەشەی پڕوپوچ بە نیازی گۆڕینی هەڵس و کەوتی ئێران بێت. ئێران وەکوو بڕێک لە وڵاتانی عەرەبی ژیانی خۆی لە گرێوی پشتگری کردن لە ئەمریکادا نابینێتەوەو دەستەڵات و دەستڕۆییشتوویی شوێن دانەری ئێران سەرچاوەیەکی جەماوەریی هەیە.

بانگەشە پڕوپوچەکانی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە بارەی پشتگریی ئێران لە تیرۆریزم و ڕۆڵی تێکدەرانەی لە ناوچەی ڕۆژئاوای ئاسیا، هاوتەریبە لەگەڵ بانگەشەکانی ئەم دواییەی دەوڵەتی دانیمارک دا کە دیارە ئەمەش پەیوەندییەکی قوڵی لەگەڵ شکست هێنانی سیاسەتەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەو هەروەها ئەو ڕۆڵەدا هەیە کە بۆ وڵاتانێکی وەک عەرەبستانی سەعودی دیاری کراوە.

دۆشینی عەرەبستان بەو بیانووەی کەهەبوونی قەرزاری پشتگرییە سیاسی و سەربازییەکانی ئەمریکایە، ڕۆڵێکی دیاری کراوە بۆ ڕژێمی عەرەبستانی سەعودی کە دەربڕی سوک کردنیەتی وەکوو ڕژێمێکی گوێ لە مست و پێوەبەستراو. ئینجا وا دیارە لە چوارچێوەی ئاوا ڕۆڵێکیش دا جێگای ئەو کەسانەی کە تیرۆریزم پەروەردە دەکەن و ئەوانەی کە دەبنە قوربانیی ئەم دیاردە نەگریسە، دەگۆڕدرێت.

عەرەبستان بە شایەتیی دنیا سەرچاوەی تیرۆریزمە لە ناوچەکەو جیهاندا، کەچی ئەمریکا بە گوێرەی ئەو ڕۆڵە تێکدەرانەیەی کە بۆ عەرەبستانی دیاریی کردووە، سیاسەتی دەرەوەیی خۆی بە قازانجی لایەنگرانی تیرۆریزم هەڕاج کردووە. لەم بوارەدا، ڕۆژنامەی ئەمریکیی (بۆستۆن گلوپ-The Boston Globe)) لەم دواییەدا وێڕای ڕەخنەگرتن لە لە سیاسەتەکانی دووفاقانەی واشێنگتۆن لە هەمبەر تیرۆریزم ،نووسیویەتی: تەواوی لێکۆڵینەوەکان لە بارەی تیرۆریزمی جیهانییەوە دەربڕی ئەوەیە کە زۆربەی ئەو پارەو بارەبووەی کە خەرجی تاقمگەلێکی ڕەشەکوژی وەک ئەلقاعیدەو تالیبان و داغش و تاقمە تیرۆریستییەکانی دیکە دەکرێت، لە لایەن عەرەبستانەوە دابین دەبێت.

ئەم ڕۆژنامە ئەمریکییە لە درێژەی باسەکەی دا وێڕای ئاماژە کردن بە بوختانەکانی ئەمریکاو هێندێک لە هاوپەیمانە ڕۆژئاوایی و عەرەبییەکانی لە بارەی خۆیان وتەنی پشتیوانیی ئێران لە تیرۆریزم، دەنووسێت: تەنیا ڕێگای تۆمەتبار کردنی ئێران بە پشتیوانی کردن لە تیرۆریزم ئەمەیە کە ئەم دیاردەیە وەک دژایەتی کردن لەگەڵ ئەمریکا لێک بدرێتەوە، چونکو ئەمەیە تەنیا تاوانی ئێران.

«ڕەند پاول» Rand Paul سێناتۆری کۆماری خوازی ئیالەتی کۆنتاکیی ئەمریکاش لەم دواییەدا وێڕای ڕەخنەگرتن لە هەڵس و کەوتی ناشایستی عەرەبستانی سەعودی، ئەم وڵاتەی وەک پاڵپشتی سەرەکیی عەرەبستانی سەعودی ناوبردو وتی : ئەمریکا ئیدی ناتوانێت چاوپۆشی لە هەڵس و کەوتی ناشایستی عەرەبستانی سەعودی بکات، سەعودییەکان دەستیان هەیە لە شەڕی یەمەن دا کە دەیان هەزار کەس لە خەڵکی سڤیلی تیادا کوژراوە.

ئەم ڕاستییانەی کە هەر هەموو لە سەرتاسەری جیهان و لە هەر سوچ و قوژبنێکدا دەیزانن، بە پیلانی ئێران ترسێن کردن و دوژمنایەتیی کەسانێکی وەک مایک پەمپێئۆی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە گەڵ ئێراندا ناگۆڕدرێت.

ئەمڕۆکە ئەوە بۆ هەموو خەڵکانی جیهان سەلمێندراوە کە سیاسەتەکانی ئێستای ئەمریکا و عەرەبستانی سەعودی لە ناوچەی ڕۆژئاوای ئاسیا، هەڕەشەو گوڕەشەیەکی دژی ئاسایشتە کە دیارە هیچ بایەخێکیش بۆ گیانی مرۆڤە بێ دەرەتانەکان لە فەلەستین و یەمەن و وڵاتانی دیکە دانانێن.

 

سەرپەیڤ