کانونی یه‌که‌م 28, 2018 17:59 Asia/Tehran
  • ھێزەکانی سوپای سووریا بەربەستێک لە نێوان ناوچە کوردنشینەکان و سوپای تورکیا دروست دەکەن

ئەردوغان لە ھەڵوێستێکی مارەنگازانەدا ڕایگەیاند: هەڵکرانى ئاڵا لە مەنبەج تەنیا شەڕى دەروونییەو ئێمە سورین لەسەر وەشاندنى گورز ەکانمان

ڕێکخراوەی ڕوانگەى سوری بۆ مافەکانى مرۆڤ ڕایگەیاندووە: هێزەکانی سوپای سوریا  دەستیانکردووە بە بڵاوبوونەوە لە ناوچەکانی دەوروبەری منبجدا و چوونەتە هێڵەکانی پێشەوەی پێکەوە ھەڵتەقینی  هێزەکانی سووریا دیموکرات و هێزە تایبەتەکانی تورکیا و گروپە تیرۆریستییەکانی ھاوپەیمانی.

بە قسەی ئەم ڕێکخراوەیە،، سوپای سوریا  جگە لەو ناوچانە لە «عەون دادات» و  ناوچەى «جەرابلوس» و دەوروبەریشی بڵاوبوونەتەوە و لە بەرامبەر سوپای تورکیادا وەستاون.

دواى بڕیارەکەى ئەمریکا بۆ کشانەوەى هێزەکانى لە سوریا، سەرکردەکانى تاقمە کوردییەکانی سووریا لە ھەنگاوێکی ژیرانەو ستراتژی دا هانى روسیا و سوریا دەدەن بۆ ئەوەی هێزەکانیان بنێرنە سەر سنورى سوریا بۆ پاراستنى خەڵکی سنوورنشین  لە مەترسیی هێرشەکانى تورکیا.

لەم دواییەش دا ئاڵدار خەلیل لێپرسراوی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی کۆمەڵگەی دیموکراسی لە کوردستانی سووریا ڕاگەیاند، هەفتەى ڕابردوو شاندێک چونەتە مۆسکۆ و بەم نزیکانەش سەردانێکى دیکە دەکەن بۆ ئەو وڵاتە و هیوایان هەیە روسیا فشار بخاتە سەر دیمەشق بۆ ئەوەى بەئەرکەکانى خۆى هەڵبستێت و سەروەرىی خاکەکەى بپارێزێت.

لە تازەترین گۆڕانکارییەکان لە سووریاش دا ئاڵای نیشتیمانیی ئەم وڵاتە لە شاری منبەج ھەڵکراو ئەم ھەنگاوەش وەک ئاڵ و گۆڕێکی ئەرێنی لە لایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لێک دراوەتەوەو لەم پەیوەندییەدا بەھرام قاسمی وتەبێژی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ئێران، وێڕای ئاماژە کردن بە چوونی ھێزەکانی سووریا بۆ شاری منبەج جەختی کردووە: ئێران وێڕای پێداگرتن لە سەر پێویستیی ڕێزگیران لە سەروەریی نیشتیمانی و خاکی سووریا،ھەڵکرانی ئاڵای نیشتیمانیی سووریا لە شاری منبەج بە ھەنگاوێکی گرینگ لە ئاراستەی چەسپێندرانی دەستەڵاتی دەوڵەتی یاسایی سووریا لە سەرتاسەری خاکی ئەم وڵاتە و ھەنگاوێکی گرینگتریش لە بواری چارەسەریی قەیرانی سووریا دەزانێت.

بەڵام لە بەرامبەر ئەم ھەڵوێستە نیازپاکانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران کەچی دەوڵەتی تورکیا وەک لایەنێکی دانوستانەکانی ئاستانە بەرگەی ئەو گۆڕانکارییە پۆزیتیڤەی سووریای لە ئاراستەی چارەسەر کرانی کێشەو قەیرانی سووریا نەگرتووەو لە تازەترین کاردانەوەدا ڕەجەب تەیب ئەردوغانی سەرۆک کۆماری ئەم وڵاتە ڕایگەیاندووە:هەڵکردنى ئاڵاى سوریا لە مەنبەج شەڕێکى دەروونییە کە لە دژى تورکیا وەڕێ خراوە، دیارە ئێمەش بەم نومایشانە ھەڵناخەڵەتێین و لە سەر وەشاندنى گورزەکانمان بۆ پاراستنى ناوچەکانمان لە "تیرۆریستان" بەردەوام دەبین.

ئەردوغان لەبارەى رادەستکرانى شارى منبەج بە سوپاى سوریا لەلایەن یەکینەکانى پاراستنى گەلەوە پێی داگرتووە:" سوپاى سوریا بە هەڵکردنى ئاڵا لە منبەج دەیەوێت شەڕى دەروونى لەگەڵ تورکیا ئەنجام بدات.

باسی رادەستکرانى شارى منبەج بە سوپاى سوریا  لە ھەل و مەرجێکدا گەرم داگەڕاوە کە ساڵح موسلیم ئەندامی کۆمیته‌ی دیپلۆماسیی پارتی یه‌کێتی دیموکراتیک (په‌یه‌ده‌) ھێشتا باسی ڕێککەوتنی فەرمیانە لەگەڵ دەوڵەتی سووریای لەم پەیوەندییەدا پشتڕاست نەکردووەتەوەو لە وتووێژێکدا لەگەڵ میدیاکانی ھەرێمی کوردستانی عێراق ڕایگەیاندووە: ھیچ ڕێککەوتنێکی فەرمی لەم بارەیەوە لەگەڵ دەوڵەتی سووریا نەکراوەوکشانەوەى هێزەکانى پاراستنى گەل و رادەستکردنى مەنبەج بە سوپاى سوریا بە ئاگادارى روسیا بووە.

لە ئەگەرى هێرشى سوپاى تورکیا بۆ سەر شارى مەنبەجیش موسلیم رایگەیاند: ئەگەر سوپاى تورکیا هێرش بکاتە سەر مەنبەج، بەرخۆدانى گەورە لەلایەن دانیشتوانى شارەکەو هێزەکانى سوریا لە دژى ئەنجام دەدرێت، بۆیە بڕوام وا نییە وا بە ئاسانى تورکیا هێرش بکات.  ناوبرا لەبارەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکاشەوە پێی داگرتووە: لە ئێستادا  هیچ چاوەڕوانییەک لە ئەمریکا ناکەن و پشت بەخۆیان دەبەستن.

ڕووسیاش وەکوو لایەنێکی دیکەی چارەسەری قەیرانی سووریا پێشوازی لە گۆڕانکارییە نوێکانی سووریا کردووەو لەم بارەیەوە کۆشکى کرملین خۆشحاڵى خۆى بە رادەستکردنى مەنبەج بە سوپاى سوریا دەربڕى.دیمیترى بیسکۆف وتەبێژى کۆشکى کرملین لە لێدوانێکى رۆژنامەنووسیدا راگەیاندوە، رادەستکردنى مەنبەج بە سوپاى سوریا و هەڵکردنى ئاڵاى دەوڵەتى سوریا هۆکارێکى گرنگ دەبێت بۆ سەرلەنوێ گەڕانەوەى سەقامگیرى بۆ ناوچەکە.