کانونی دوھەم 03, 2019 18:23 Asia/Tehran
  • کۆنگرەی رۆژنامەوانیی هاوبەشی ئەردۆغان و بەرهەم ساڵح

ئەردۆغان لە پرێس کۆنفرانسی هاوبەشی لەگەڵ هاوشانە عێراقییەکەی ڕایگەیاند: یەکگرتوویی سیاسی، یەکپارچەیی خاک و چەسپاندنی سەقام وئاسایش لە عێراق بنەمای سیاسەتی ئێمە لەهەمبەر ئەو وڵاتەیە. بەرهەم ساڵحیش پێی داگرت: عێراق و تورکیا بەدۆخی ستراتژیکی خۆیان دەتوانن هەنگاوی ئیجابی وئەرێنی هەڵبگرن.

بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی کوردپرێس بەگێڕانەوە لە رۆژنامەی ستار، "بەرهەم ساڵح" سەرۆک کۆماری عێراق کە سەردانی ئانکارای کردووە، پاش دیداری دوو قۆڵی و دیداری شاندی هاوڕێی لەگەڵ ڕەجەب تەییب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیاو ئەنجومەنی وەزیرانی ئەو وڵاتە، بەشداری کۆنگرەی ڕۆژنامەوانیی هاوبەش لەگەڵ هاوشانە تورکەکەیدا بوو.

"ڕەجەب تەییب ئەردۆغان" سەرۆک کۆماری تورکیا لەو کۆنگرە ڕۆژنامەوانییە هاوبەشەدا لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند: لەسەر پێی خۆ ڕاوەستانی عێراق بۆ سەقامی ناوچە زۆر گرینگ و زەرورە. تورکیا بۆ بنیات نانەوەو بوژاندنەوەی دووبارەی عێراق ئامادەی هەرچەشنە یارمەتییەکە. پەیوەندیی تیجاریی دوو وڵات ساڵی ڕابردوو بە١٦ملیارد دۆلار ژمارەی پێوانەیی نوێی لەبواری تیجارەتی عێراق-تورکیا تۆمار کردووە. ئێستا بەنیازین هەتا بە گەیاندنی ئەو ڕێژە پێوانەییە بە بیست ملیارد دۆلار، ڕیکۆردێکی نوێ تۆمار بکەین. سەبارەت بە پرس وبابەتی جۆراوجۆری وەک پیشەسازیی بەرگری، تیجارەت، سەربازی، ئابووری و ... لەگەڵ عێراقدا دەتوانین کاری زۆر ئەنجام بدەین. بەتایبەت لەبواری ئاسایشیدا. گرووپە ترۆریستییەکانی وەک داعش و پەکەکەو جەماعەتی گولەن هەم بۆ تورکیاو هەم بۆ عێراق وەک هەڕەشەیەک دێنە ئەژمار. لە وتووێژ لەگەڵ یەکتردا لەبارەی گرینگیی هاوکاریی دوو قۆڵیی قسەمان کرد. بە پەرەپێدانی هاوکارییە دوو قۆڵییەکان بێ هیچ بۆشاییەک لە پەیوەندیی لەگەڵ یەکتردا دەتوانین کێشەو گرفتەکانی بەردەم چارەسەر بکەین. یەکگرتوویی سیاسی، یەکپارچەیی خاک و چەسپاندنی سەقام و ئاسایش لە عێراق، بنەمای سیاسەتی ئێمە لەهەمبەر ئەو وڵاتەیە.

ئەردۆغان لەدرێژەی لێدوانەکانیدا وتی: عێراق لە بەرەنگاربوونەوەی داعشدا سەرکەوتنی بەدەست هێناوە. هەڵبەت باجی ئەو سەرکەوتنە قورس بوو. هەزاران برای عێراقی شەهید بوون و تورکیا لەو ئاراستەیەدا داکۆکی فراوانی لە عێراق کرد. ئێمە بۆ بنیات نانەوەی عێراق دەستەبەریی پێنج ملیارد دۆلارمان کردووەو بۆ مسۆگەر کرانیشی هەوڵەکانمان چڕکردۆتەوە.

بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراقیش لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند: پەیامێکی زۆر ئاشکراو ڕوون هەیە و ئەویش ئەوەیە کە عێراق لەسەروبەندی چوونە نێو قۆناخێکی نوێیە. داواکاریمان ئەوەیە کە عێراق جارێکی دیکە بە داڕشتێکی یاسایی بەهێزکراوەوە،دەورێکی کارا و گرینگ ببینێ لە ناوچەداو ئەو جێگەو شوێنەی شیاویەتی بەدەستی بێنێ. خەڵکەکەمان شیاوی ژیانێکی ئازادو سەربەرزن. ئێمە پێویستیمان بە بڕێک ناوبژیوانی دەرەکی نییە. کێشمەکێش وقەیرانەکان دەتوانین چارەسەر بکەین. عێراق و تورکیا بە لەبەرچاوگرتنی ئەو دۆخە ستراتژیکییەی هەیانە دەتوانن زۆر کار بکەن. ئەو هاوبەشییە خزمەتی هەردووک ناوچە دەکات.

ناوبراو لەدرێژەی لێدوانەکەیدا وتی: پێش هاتن بۆ ئانکارا لەگەڵ سەرۆک وەزیرانیشمان دیدارم کرد. پەیامی ناوبراویش لەئاراستەی پەرەی پەیوەندیی تورکیا-عێراقدا بوو. ئێمە چاوەڕوانی ئەوەمان لە تورکیا هەیە کە یارمەتی عێراق بدات لەبارەی بنیات نانەوەی ئەو ناوچانەی لەتیرۆر پاکتاومان کردوون.

عێراق وڵاتێکە کە لە ڕابردوودا لەبەر دیاردەی تیرۆر زیانی زۆری وێکەوتووە. بەڵام نابێ ئەوە لەبیر بکەین وڵاتانی دراوسێمانیش هەر لەو دیاردەی ترۆرە زیان و خەساری زۆریان وێکەوتووە. هەربەوجۆرەی ئەردۆغان ڕایگەیاند، هاوکاریی ئاسایشی وسەربازی دوولایەنە زۆر گرینگە کە بێ باسکردنی وردەبابەتی هاوپێوەند ، تەنیا جەخت لە گرینگیی ئەو پرسە دەکەمەوە.

سەرۆک کۆماری عێراق وتی: یەکێکی دیکە لەپرسە باسکراوەکان، پرسی سوریایە. چارەسەریی قەیرانی سوریاو دیاریکرانی چارەنووسی ئەو وڵاتە بەدەست خەڵکەکەی زۆر گرینگە. لەوبارەوە دەور و ڕۆڵی وڵاتانی دراوسێ بەتایبەت عێڕاق و تورکیا زۆر زیاترە. لەئاراستەی بەرژەوەندییە هاوبەشەکان لەگەڵ یەکتردا بە سەرۆک کۆماری تورکیاشمان ڕاگەیاند، دەبێ هەوڵی هاوبەش ئەنجام بدەین.