کانونی دوھەم 11, 2019 16:20 Asia/Tehran
  • خەیاڵە پوچەڵەکانی پەمپێئۆ _ ئێران بە سەربەخۆیی دەمێنێتەوە

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە ڕەوتی گەشتەکەی بۆ قاھیرەی پێتەختی میسر لە درێژەی پرۆژەی ئێران ترسێن کردنەکانی، ئەوپەڕی دوژمنایەتیی خۆی لەگەڵ ئێراندا ئاشکرا کرد ھەتا لەم ڕێگایەوە بتوانێ سیاسەتە ناوچەییەکانی ئەمریکا بباتە پێشەوە.

مایک پەمپێئۆ وەزیری کاروباری دەرەوەی ئەمریکا ڕۆژی پێنج شەممە لە قاھیرەی پێتەختی میسر ڕایگەیاند: بایکۆتە ئابوورییەکانی ئەمریکا دژی ئێران سەخت و دژوارترین بایکۆتێکە کە مێژوو بە خۆیەوە بینیویەتی و لە داھاتوودا توندتریش دەبن، ھەتا ئەو کاتەی کە ئێران وەک وڵاتێکی ئاسایی ھەڵس و کەوت بکات. وەزیری دەرەوەی ئەمریکا پاشان لە توییتێکدا کە دەربڕی ئەوپەڕی مارەنگاز بوونی وڵاتەکەی لە کنەو دەست ڕۆییشتووی شوێن دانەر بوونی ئێران لە سەر ھاوکێشە ناوچەییەکانە، بانگەشەی کرد کە جیھان ھەرێمی بەربڵاوی ھەڕەشەو مەترسییەکانی ئێرانی بۆ دەرکەوتووە.

ئەم چەشنە بانگەشانەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە ڕەوتی گەشتە ناوچەییەکانی دا، بابەتێکی تازە نییە و گەلێک جار لە زمانی کاربەدەستانی ئەمریکییەوە بۆ بەرەوپێش بردنی بەرژەوەندییەکانیان لە ناوچەی ستراتژیکیی ڕۆژئاوای ئاسیا بیستراوە، ئێران وەکوو وڵاتێکی کاریگەرو شوێن دانەر لە ھاوکێشە ناوچەییەکاندا کنەو دەستڕۆییشتووییەکی جێگای سەرنجی ھەیە لە ئاستی ناوچەکەداو دیارە ئەم دەستڕوۆییشتووییەش لە خزمەتی ئاشتی و ئاسایشتی جیھانی دا بەکار دێنێ.

شێوازی ڕۆڵگێڕانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ناوچەی ڕۆژئاوای ئاسیا، ھاوکێشەکانی ئەمریکاو ھاوپەیمانەکانی تێک داوەو لە ئاوا ھەل و مەرجێکدا، بە ھەڕەشە ناسێندرانی ئێران لە لایەن کاربەدەستانی شەڕخوازی ئەمریکی، تەنیا لە چوارچێوەی دابین کرانی بەرژەوەندیی ئابووری و سیاسیی ئەمریکاو لە ئاراستەی ھاوکاری لەگەڵ ڕژێمە عەرەبییەکاندایە.

ڕۆڵگێڕانی ئێران لە ناوچەی ڕۆژئاوای ئاسیا یارمەتیی وەدی ھاتنی ئاسایشت و ئاشتیی داوە، شکست ھێنانی تاقمی تیرۆریستی داعش لە عێراق و سووریا، دەربڕی کاریگەریی سازندەو دەستڕۆییشتوویی سەقام چێکەری ئێران لە ناوچەکەدایە. ئەمەش لە حاڵێکدایە کە لێکدانەوەی مێژووی گۆڕانکارییەکانی ڕۆژئاوای ئاسیا وادەردەخات کە ئامادە بوونی ھێزی بیانی لەوانە ئەمریکییەکان بە بیانووی جۆربەجۆر لەم ناوچەیەدا ئاڵۆزی و بشێوی و دووبەرەکی نانەوە نەبێ ھیچ دەرەنجامێکی دیکەی لێ نەکەوتووەتەوە.

ھەر لەم بوارەدا موحەممەد جەوادی زەریف وەزیری کاروباری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە وەڵامی بانگەشەکانی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە قاھیرە جەختی کرد: ھەر کاتێک و لە ھەر شوێنێکدا کە ئەمریکا خۆی تێ گەیاندووە، بەس بشێوی و داپڵۆساندن و توڕەیی و دەمارگرژیی بەدوای خۆی دا ھێناوە.

ستیفان واڵت مامۆستای پەیوەندییە نێونەتەوەییەکانی زانکۆی ھارواردیش لەم دواییەدا لە گۆڤاری ئەمریکیی فارێن پاڵیسی نووسیویەتی: ئامادە بوونی ئەمریکا لەناوچەکەدا بەزۆری دەرەنجامی نگەتیڤ و نەرێنیی لێ کەوتووەتەوەو سەرھەڵدانی داعش و ھەزاران کوژراو لە ڕاستی دا دەرەنجامی شاڵاوەکەی ساڵی ٢٠٠٣ی ئەمریکا بۆ سەر عێراقە.

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جیا لە ناساندنی ئێران وەک ھەڕەشەو مەترسی، خەیاڵێکی بەتاڵیشی ھەمیسان لە قاھیرەدا باس کرد کە لە ماوەی چل ساڵی ڕابردوودا کاربەدەستانی ئەمریکی بۆ مسۆگەر کردنی ھەرچەشنە پەلەقاژەیەکیان کردووە، کەچی بە شوورەیەکی پۆڵایین دا ھەڵتەقیون. گۆڕدرانی ھەڵس و کەوتی ئێران و گۆڕینەوەی کۆماری ئیسلامی بە حکومەتێکی سیاسی کە لە خزمەتی ئەمریکادا بێت، ئەمە ئەو خەونە ئاشێوپاشێوەیە کە لە ماوەی چل ساڵ تەمەنی شۆڕشی ئیسلامیش دا ھەر وەدی نەھاتووەو ھەر ئەمەش ئەمریکییەکانی شێتگیرو مارەنگاز کردووە.

دەوڵەتی داناڵد ترەمپی سەرۆک کۆماری ئەمریکا ھەوڵی ئەوەدەدات کە ھەر جۆرێک بووە ئێران بەوە قایل کات کە لە ئاراستەیەک دا ھەنگاو ھەڵگرێت کە دڵخوازی ئەمریکییەکان بێت، بەڵام ئەزمونی چل ساڵی ڕابردووی شۆڕشی ئیسلامیی ئەوەی سەلماندووە کە گەلی ئێران قەت سوکایەتیی پێ قەبووڵ ناکرێت. وەک زەریفی وەزیری دەرەوەی ئێرانیش وتوویەتی: ئەو ڕۆژە قەت نایەتە دی کە ئێران ببێتە وڵاتێکی ئاسایی و  بە لاسایی دەوڵەتەکانی دەستنیای ئەمریکاومودیلە مافی مرۆڤییەکانی جێی سەرنجی پەمپئێو، بجوڵێتەوە.

ھەر لەم حاڵەدا حەزرەتی ئایەتوڵڵا عوزما خامەنەیی ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران سێ مانگ لەمەوپێش لە نێو ئاپۆڕەی سەدان ھەزار کەس لە بەسیجییان لە یاریگای ئازادیی تاران فەرموویان: بێ گومان گەلی ئێران و بە تایبەت بەرەی نوێ بڕیاریان داوە کە ئیدی سوک نەکرێن و شوێنی ھێزەکانی بیانی و دوژمنان نەکەون، بڕیاریان داوە کە ئێرانی خۆشەویست بگەیەننە لوتکەی شانازی و دیارە ئەم کارەشیان پێ دەکرێت.

سەرپەیڤ