شوبات 08, 2019 16:21 Asia/Tehran
  • خستنەڕووی شاری موشەکی_ گەشەسەندنی ڕەھەندی بەرگریکارانەی لە تەمەنی چل ساڵانی شۆڕش دا

ھاوکات لەگەڵ گەییشتنی تەمەنی شۆڕشی ئیسلامی بە چل ساڵان، پەردە لە سەر تازەترین موشەکی ئیرانی بە ناوی موشەکی باڵستیکی زیرەکی زەوی بۆ زەویی «دزفول» ھەڵگیرا.

ئێوارەی ڕۆژی پێنج شەممە لەڕێ وڕەسمی پەردە ھەڵگرتن لە سەر  تازەترین موشەکی ئیرانی بە ناوی موشەکی باڵستیکی زیرەکی زەوی بۆ زەویی «دزفول» ، بۆ یەکەمجار کارگەی ژێر زەوینیی بەرھەمھێنانی موشەکەکانی باڵستیکی سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی پیشان درا.

سەرداری سەرلەشکر موحەممەد عەلیی جەعفەری سەرکردەی گشتیی سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران لە ڕێ و ڕەسمی پەردە ھەڵگرتن لە سەر موشەکی باڵستیکی زیرەکی زەوی بۆ زەویی «دزفول»  وتی: بەرھەمھێنانی بەرفراوانی موشەکی پێشکەوتەو زیرەک  ئەمڕۆکە لە سەر دەستی ڕۆڵەکانی گەلی ئێران لە ھێزی ھەوافەزای سپادا مسۆگەر کراوەو خستنەڕووی دامەزراوەی موشەکی لە قوڵایی زەوی دا لە ڕاستی دا وەڵامدانەوەیەکی وڕینەکانی ڕۆژئاواییەکانە کە لایان وایە بە بایکۆت و ھەڕەشە دەتوانن بەرتەسکمان کەنەوەو لە ئامانجە بەرزەکانمان بمانگێڕنەوە.

سەرکردەی گشتیی سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران وێڕای پێداگرتن لە سەر ئەمەی کە لە چلەمین ساڵی تەمەنی شۆڕشی ئیسلامی دا توانایی تۆکمەوتەواوی بەرەڤانیی خۆمان ڕادەگەیەنین، وتیشی:توانایی بەرەڤانیی ئێران بەرپەرچدەرانەیەوەو لە چوارچێوەی پاراستنی ئاسایشتی نیشتیمانی دایەو ھەر بۆیە لە بەرامبەر ھیچ شتێکدا مامەڵەو دانوستانی لە سەر ناکرێت.  بەرلە پەردە ھەڵگرتن لە سەر موشەکی باڵستیکی «دزفول» شەممەی ڕابردوو لە موشەکی کروزی دووربڕی  زەوینیی «ھوەیزە»ش پەردەی لە سەر ھەڵگیرا. موشەکی کروزی دووربڕی  زەوینیی «ھوەیزە» کە بە پێشکەوتەترین تەکنۆلۆژیای ڕۆژی جیھان و لە لایەن پسپۆڕانی ئێرانییەوە چێ کراوە، زیاتر لە ھەزارو سێسەدوپەنجا کیلومەتر دەبڕێت و بۆ پێکانی ئامانجە نەگۆڕە زەویینییەکان بەکار دێت.

ئامادە کردن و کاردانەوەی خێرا، ھاوێژرانی لە ئاستێکی نزم، وردبینیی باڵاو پێکانی ڕێکی ئامانج و ھێزی کاولکەری زۆری، لەو تایبەتمەندییە گرینگانەی موشەکی کروزی دووربڕی  زەوینیی «ھوەیزە» دێتە ئەژمار. ئینجا موشەکی باڵستیکی «خوڕڕەمشار»یش موشەکێکی باڵستیکیی دیکەی ئێرانە کە ھێزێکی کاولکەری زۆری ھەیەو تەیارە بە « سەرجەنگی»ی تازە لە چەشنی بەرزەفت ھەڵگری ھەتا کۆتایی مەودا.

بێ گومان توانایی باڵای موشەکیانەی ئێران لە چلەمین ساڵی تەمەنی شۆڕشی ئیسلامی بەو پەڕی پێشکەوتن و لێھاتوویی گەییشتووەو ئەمەش دەربڕی ھەمەچەشنە بوونی زانستی پیشەسازیی بەرگریکارانەی ئەم وڵاتەیە. ئەم سەرکەوتنە لە ھەل و مەرجێکدا مسۆگەر کراوە کە ئێران دەستبەجێ لەگەڵ سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی دا لەگەڵ ھەموو جۆرە بایکۆت و گەمارۆیەکی ڕۆژئاواو بە تایبەت ئەمریکادا بەرەو ڕوو بووە.

ئەمڕۆکە بە واتای ڕاستەقینەی خۆی دروشمی « پێمان دەکرێ و دەتوانین» لە پیشەسازیی بەرگریکارانەی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا مسۆگەر کراوەو لە ئاوا ھەل و مەرجێکدا، بایکۆت و گوشارەکانی دژی ئێران ڕێگر نییە لە بەردەم سەرکەوتن و پێشکەوتەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بواری بەرەڤانی دا.

بە خۆماڵی کردن و ھەمەچەشنە بەخشین بە زانستی پیشەسازیی بەرگریکارانەی ئێران، ئەم پیشەسازییەی کردووەبە بابەتێکی بایکۆت ھەڵنەگرو ئینجا پیشان دان و نومایش کردنی کارگەی دامەزراوەی ژێرزەوینیی بەرھەمھێنانی موشەکی باڵستیکی خاڵپێکی سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی، ھەڵگری پەیامێکە بۆ ئەورووپاو ئەمریکاو ئەویش ئەوەیە کە ئێران لە لە ئاراستەی ھێزمەند کردنی دەستەڵاتی بەرگریکارانەی خۆی فەرمان لەکەس وەرناگرێت.

سەداری سەرتیپی پاسدار « حسەین سەلامی»ش جێگری سەرکردەی گشتیی سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران، شەممەی ڕابردوو لە بارەی توانایی موشەکیانەی ئێرانەوە ڕایگەیاند: ئێران ئێستاکە لە ڕووی گەشە پێدانی موشەکییەوە لەگەڵ ھیچ جۆرە لەمپەرێکی تەکنیکی دا بەرەوڕوو نییە و لە وردبینیی موشەکەکان و سوتەمەنی و پێشکەوتن و «سەرجەنگی» و ھێزی کاولکاری و لە ڕادارھەڵاتنیاندا ھیچ گرفتێکی تەکنیکییان نییە.

دەستەڵاتی بەرگریکارانەی ئێران لە سای ھەمەچەشنە بوونی موشەکە خۆماڵی و باڵستیکە خاڵپێکەکانی لە چوارچێوەی بەرنامەو دکتۆرینی بەرەڤانیی کۆماری ئیسلامیی ئێران چەمک و مانا پەیدا دەکات. ھەنگاوەکانی ھێزە چەکدارەکانی ئێران لە ماوەی چل ساڵی ڕابردوو لە چوارچێوەی بەرەڤانییەکی ڕەواو پاراستنی جێ و شوێنی بەرپەرچئەرانە لە ھەمبەر ھەڕەشەوگوڕەشەی دوژمناندا بووە.

ئەم ھەڵوێستە لەئێستاش دا بە سەرنجدانی ھەڕەشەو گوڕەشەکانی دوژمنان پێ و شوێن دەگیردرێت و بەدوادا چوونی بۆ دەکرێت و دیارە کۆماری ئیسلامیی ئێران قەت لە بواری چالاکیی بەرگریکارانەی خۆی لەگەڵ وڵاتانی دیکەدا وتووێژو دانوستان ناکات. توانایی موشەکی و بەرگریکارانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران پەیامی ئاشتی و دۆستایەتیی بۆ ھۆگرانی کۆماری ئیسلامی و وڵاتانی ناوچەکەو دراوسێکانی ئێرانی ئیسلامی پێیە.