شوبات 09, 2019 14:44 Asia/Tehran
  • ڕوانگەی ڕێبەری، ٢٢ی ڕێبەندان نوێنگەی خواستی دوژمن بەزێنی گەلی ئێرانە

ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران حەزرەتی ئایەتوڵڵا عوزما خامەنەیی ٢٢ی ڕێبەندانی چلەمین ساڵی تەمەنی شۆڕشی ئیسلامیی لە بەر سەرەڕۆیی و قەیران چێکردنەکانی ئەمریکا بە گرینگ زانی و پێی داگرت: ٢٢ی ڕێبەندانی ئەمساڵ لە پشتی خوداو لە سای ھۆکارە مێژووسازەکان بە واتای ڕاستەقینەی وشە دەبێتە ڕۆژێکی دوژمن بەزێن.

حەزرەتی ئایەتوڵڵا عوزما خامەنەیی ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران، بەیانیی  ڕۆژی ھەینی لە دیداری فەرماندەران و سەرکردەکان و کۆمەڵێک لە کارگێڕانی ھێزی ئاسمانی و بەرگریی ئاسمانیی ئەرتەش، ڕێپێوانی ٢٢ی ڕێبەندانی وەک بابەتێکی جێگای سەرنج و سەرسوڕمان زانی و وتیشی: جێژنی ساڵانەی سەرکمەوتنی شۆڕش لەو وڵاتانەی کە شۆڕش و ڕاپەڕینیان تیادا کراوە بووەتە ڕژەو ڕێپێوانی ھێزە چەکدارەکان لە بەردەم چەند کەس، کەچی لە ئێرانی سەربەرزدا، ئەوەتا چل ساڵە خەڵک لە سەرتاسەری وڵات دەڕژێنە نێو شەقام و بازاڕەوەو جەخت لە سەر بەردەوامیی ڕێبازی شۆڕش دەکەن کە ئەمەش لەو پەرەجووە سەرسوڕھێنەرانەی شۆڕشی ئیسلامیەو دەبێ بەوپەڕی دەستەڵاتەوە بەردەوام بکرێت.

وتەکانی حەزرەتی ئایەتوڵڵا عوزما خامەنەیی ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران، لە بارەی ٢٢ی ڕێبەندانی ئەمساڵ لە چلەمین ساڵی تەمەنی شۆڕشی ئیسلامی دا لە سوچ و ڕەھەندگەلی جۆربەجۆرەوە شیاوی سەرنجدان و لێکدانەوەیە. ھەڵس و کەوتی دوژمنانی شۆڕشی ئیسلامی لەوانە ئەمریکا لە چلەمین ساڵی تەمەنی شۆڕشی ئیسلامی ، دەربڕی ئەوپەڕی ڕقەبەرایەتی و دوژمنایەتی کردنی ڕژێمی ئەمریکا لەگەڵ گەلی ئێرانە.

بەسەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران لەساڵی ١٩٧٩ دەوڵەتە جۆربەجۆرەکان لە ئەمریکا ھەتا ئێستا بە شێوازی جۆربەجۆر دژی خەڵک و نیزامی کۆماری ئیسلامیی ئێران جوڵاونەتەوەو ئەزمونی چل ساڵی ڕابردوو دەربڕی بەردەوامیی ھەڵوێست و ڕوانگەی دوژمنکارانەو توندوتیژی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەرامبەر بە ئێرانە.

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی بەرژەوەندی و قازانجەکانی لە ئێراندا لە کیش چووەو ھەر لە بەر ئەمەش بە شێوازی جۆربەجۆر لەوانە گوشاری سیاسی، ئابووری، بایکۆت، شەڕ و تێکدان و پشتگری کردن لە جوڵانەوەی تیرۆریستی لە ئێران ھەوڵی داوە، ڕێ لە پێشکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی بگرێت. بەڵام ئەو جوڵانەوەو پیلانگێڕییانەی ئەمریکا ھەموو جارێکیش لە ئەنجامی وریایی و لە سەر ھەست بوونی جەماوەرو ئامادە بوونیان لە گۆڕەپانە ھەستیارەکانی شۆڕشی ئیسلامی لەوانە ڕێپێوانی ٢٢ی ڕێبەندان، ساڵگەڕی سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی، لەگەڵ شکست و پوچەڵ بوونەوەدا بەرەوڕوو بووەتەوە.

ھەر ئەم ھەرەس ھێنان و بەزینە پەیتاپەیتایەی ئەمریکا لە بەرامبەر ئێران بووەتە ھۆی ئەوەی کە ھەڵس و کەوتی کاربەدەستانی ئێستای ئەمریکا لەگەڵ گەلی ئێران، ھەڵس و کەوتێکی ئاوێتەی توندوتیژی و چەپەڵی بێت. بەرپرسگەلێکی توندوتیژخوازی وەک داناڵد ترەمپ، جان بۆڵتۆن و مایک پەمپێئۆ ئەوپەڕی ھەوڵ و تێکۆشانی خۆیانیان بەکار ھێناوە ھەتا لە ڕێگای پیلانگێڕانەوە خەڵکی ئێران بەرامبەربە شۆڕش و نیزامی ئیسلامی ڕەش بین و ھیوابڕاو بکەن.

بەڵام ئەزمونی چل ساڵی ڕابردوو وا دەر دەخات کە، بەردەوام خەونی ئەمریکیەکان نەھاتووەتە دی و ڕژێمی ئەمریکا کە ھێمای توندوتیژی و سەرەڕۆییە لە جیھاندا، لە ڕوانگەی جەماوەری ئێرانەوە، دوژمنی ژمارە یەکیانەو ھەر لە بەر ئەمەش لە تەواوی بۆنە نیشتیمانی و مێژووسازەکاندا، بەو پەڕی وریاییەوە دروشمی نەمان بۆ ئەمریکا ھەڵدەدەن.

لەم بوارەدا حەزرەتی ئایەتوڵڵا عوزما خامەنەیی ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران، ڕژێمی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای وەک ھێمای سەرەڕۆیی، توندوتیژی ، قەیران چێکردن و شەڕھەڵایساندن ناساندووەو وتوویەتی: بەرپرسانی ڕژێمی ئەمریکا وێڕای سوکایەتی کردن بە گەلی ئێران دەڵێن: بۆچی دروشمی نەمان بۆ ئەمریکا ھەڵدەدەن، بۆ ڕوون بوونەوەی زەینی کاربەدەستانی ئەمریکی جەخت لەوە دەکەمەوە کە ئێمە کارمان بە گەلی ئەمریکاوە نەداوەو نەمان بۆ ئەمریکا بە واتای نەمان بۆ دەستەڵاتدارانی ئەمریکایە کە لەم سەردەمەدا ترەمپ و بۆڵتۆن و پەمپێئۆ دەگرێتەوە.

بەسەرنجدانی ھەڵس و کەوت و ڕەفتاری کاربەدەستانی ئێستای ئەمریکا لە بەرامبەر گەلی ئێران کە دەربڕی ئەوپەڕی دوژمنایەتی و ڕق و کینەی ھەرەکۆنیان بەرامبەر بە گەلێکە کە نایھەوێت شوناس و سەربەخۆیی خوازیی خۆی لە چوارچێوەی خواستی و ڕوانگەکانی ئەمریکادا شرۆڤە بکات، لە ٢٢ی ڕێبەندانی ئەمساڵ دا ئەم گەلە ئامادە بوونێکی حەماسی و شکۆمەندتری دەبێت و ھاودەنگ و ھاوڕەنگ دروشمی نەمان بۆ ئەمریکا بەرزتر لە ھەرساڵێکی تر ھەڵدەدەن.

ھەر بەوجۆرەی کە حەزرەتی ئایەتوڵڵا عوزما خامەنەیی ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران، وتوویەتی: ئامادە بوون و بەشداریی بەرفراوانی خەڵک لە ڕێپێوانی ٢٢ی ڕێبەندان ساڵگەڕی سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران « دوژمن بەزێن و توقێنەر» و نیشانەی لە سەرھەست بوونی گەل و ئامادە بوونی لەگۆڕەپان ونوێنگەی ویستی لێبڕاوانەویەکگرتنی نیشتیمانی دەبێت و دیارە ئاوا ئامادە بوون و بەشدارییەکیش جارێکی تر ئەوە دەسەلمێنێ کە گەلی چاونەترس و پاڵەوانی ئێران لە ماوەی چل ساڵی ڕابردووداڕێبازی دروستی خۆی ھەڵبژاردووەوسەرەڕۆیی کەسانێکی وەک ترەمپ و بۆڵتۆن و پەمپێئۆش قەت ورەی بەرزی گەلی ئێران دانابەزێنێ و ھەروا وەک پاڵپشتێکی پتەو بۆ شۆڕش و نیزامی ئیسلامیی ئێران دەمێننەوە و دیارە ھەتا کاتێک کە ڕژێمی ئەمریکا لە سەر بنەمای سەرەڕۆیی ، خۆھەڵقورتاندن و چەپەڵی و ناپاکی بجوڵێتەوە، دروشمی نەمان بۆ ئەمریکاش ھەر لە زمانی گەلی ھێزمەندی ئێران ناکەوێت.