ئادار 27, 2019 19:24 Asia/Tehran
  • ترەمپ و بە فەرمی ناسینی سەروەریی ئیسرائیل بە سەر جۆلانی سووریادا

ڕژێمی زایونیی ئیسرائیل پێشینەیەکی دوورودرێژی ھەیە لە بواری داگیرکردنی سەرزەوینی وڵاتانی ناوچەکە. ئەم ڕژێمە لە ڕەوتی شەڕی شەش ڕۆژە لە ژوئەنی ١٩٦٧، بەرزاییەکانی جۆلانی داگیرکرد.

ڕژێمی زایونی لە ساڵی ١٩٦٧ ، نزیکەی ھەزارو دووسەد کیلومەتری چوارگۆشە لە خاکی سووریای لە بەرزاییەکانی جۆلان داگیر کردو دوای ماوەیەک ئەم ناوچەیەی نووساند بە سەرزەوییە داگیرکراوەکانەوە، کەچی کۆمەڵگای نێونەتەوەیی قەت ئەم داگیرکارییەی بە فەرمی نەناسیوە. سەرباری ئەمەش کنیست واتە پەرلەمانی ڕژێمی زایونی لە دیسامبەری ساڵی ١٩٨١ بە بیانووی دەستەبەرو ھێزمەند کردنی سنوورەکانی و پەرە پێ دانی شارۆچکەسازی،لەپەسەند کراوەیەکدا لکاندنی ئەم ناوچەیەی بە سەرزەوییەکانی خۆی تێپەڕاند. ئەم پەسەند کراوەیەش قەت لە لایەن ڕێکخراوەی نەتەوەکان و کۆمەڵگای جیھانییەوە پشتگریی لێ نەکرا. ئەم ھەنگاوەی ڕژێمی زایونی بە تەواوی بە پێچەوانەی یاساوڕێسا نێونەتەوەییەکان و ھەروەھا بڕیارنامەی ٢٤٢ی ئەنجومەنی ئاسایشتی ڕێکخراوەی نەتەوەکانە کە ڕاشکاوانە جولانی وەک ناوچەیەکی داگیرکراو ناساندووەو خوازیاری کشانەوەی ئیسرائیل لەم ناوچەیەو گەڕاندنەوەی بۆ سووریا بووە. ئەنجومەنی ئاسایشت ھەروەھا بە دەرکردنی بڕیارنامەی ٤٩٧ لە دیسامبەری ١٩٨١ نەیارەتیی کرد لەگەڵ داگیرکرانی بەرزاییەکانی جۆلان لە لایەن ئیسرائیلەوەو ڕایگەیاند: بڕیاری ئیسرائیل بۆ زاڵ بوونی و سەپاندنی یاساوڕێسای خۆی بە سەر بەرزاییەکانی جۆلان پوچەڵ و بێ بنەمایەو لە ڕووی نێونەتەوەییەوە ھیچ بایەخێکی نییە.

داناڵد ترەمپی سەرۆک کۆماری ئەمریکا لە ئاراستەی ڕاپەڕاندنی بڕیارەکەی خۆی لەمەڕ بەفەرمی ناسینی سەروەریی ئیسرائیل بە سەر بەرزاییەکانی جۆلاندا سەرەنجام ڕۆژی دووشەممە ٢٥ی مارس لە ھەنگاوێکی دژبە یاساوڕێسا نێونەتەوەییەکان و وێڕای پێشێلکردنی پەیماننامەکانی ئەنجومەنی ئاسایشت، بڕیارێکی واژۆ کرد کە بە گوێرەیەوە واشێنگتۆن دەستەڵاتی ڕژێمی زایونی بە سەر بەرزاییە داگیرکراوەکانی جۆلانی سووریا بە فەرمی دەناسێت. ئینجا بنیامین ناتانیاھۆی سەرۆک وەزیزانی ڕژێمی زایونیش ھاوکات لەگەڵ واژۆ کرانی ئەم بڕیارەدا ڕایگەیاند: تەلەبیب قەت لە بەرزاییەکانی جۆلان کە لە شەڕی شەش ڕۆژەدا داگیری کردووە ناکشێتەوە.

بێ گومان ئەم ھەنگاوەی داناڵد ترەمپی سەرۆک کۆماری ئەمریکا بە تەواوی بە پێچەوانەی یاساوڕێسا و مافە جیھانییەکان و ھەروەھا بڕیارنامەکانی ئەنجومەنی ئاسایشتی ڕێکخراوەی نەتەوەکانە سەبارەت بە بەرزاییەکانی جۆلان و بەس لە ئاراستەی پشتگریی بێ ئەرێ و نەرێی واشێنگتۆن لە تەلەبیب ئەنجامی گرتووە و دەربڕی گوێڕایەڵ بوونی دەوڵەتی ترەمپ لە ھەمبەر زایونییەکانە.

داناڵد ترەمپی سەرۆک کۆماری ئەمریکا شەشەمی دیسامبەری ساڵی ٢٠١٧ی زایینی شاری داگیرکراوی قودسیشی وەکوو پێتەختی ڕژێمی ساختەی ئیسرائیل ناساندو باسی  گواستنەوەی باڵوێزخانەی ئەمریکا لە تەلەبیبەوە بۆ قودسی داگیر کراوی کرد کە سەرەنجام ڕۆژی دووشەممە ١٤ی مای ٢٠١٨ لە سای لێنەھاتوویی و خەمساردیی ڕێکخراوەکانی بانگەشەکەری مافی مرۆڤ و ڕێکخراوەی نەتەوەکان ، ئەو بڕیارەی خۆی جێبەجێ کردو باڵوێزخانەی خۆی لە تەلەبیبەوە گواستەوە بۆ قودسی داگیرکراو. ئەم  کردەوە یەک لایەنەی سەرۆک کۆماری ئەمریکا  دژی قودسیش شەپۆلی ئیدانەکردن و ناڕەزامەندیی جەماوەریی لە جیهانی ئیسلام ، ئەورووپاو تەنانەت لەنێوخۆی ئەمریکاش دا هەڵایساند.

سووریا لە یەکەم کاردانەوەی بەرامبەر بە واژۆکرانی بڕیاری بە فەرمی ناسینی سەروەریی ئیسرائیل بە سەر بەرزاییەکانی جۆلان لە لایەن سەرۆک کۆماری ئەمریکاوە، ئیدانەی کردو وەک ھەڵوێستێک لە ئاراستەی «بەزاندنی ئاشکرای» سەروەری و سنوورەکانی سووریا لێکی دایەوە.

خاڵی گرینگ لێرەدا ئەمەیە کە تەواوی ھێزە نێونەتەوەییەکان لەوانە ڕووسیاو چین و تەنانەت یەکێتیی ئەورووپاش کە ھاوبەش و ھاریکاری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دێتە ئەژمار، نەک ھەر سەروەریی ڕژێمی زایونی بە سەر جۆلاندا بە فەرمی ناناسن، بەڵکو خوازیاری  جێبەجێکرانی بڕیارنامەکانی ئەنجومەنی ئاسایشتی ڕێکخراوەی نەتەوەکانیشن لە بواری گەڕاندنەوەی جۆلان بۆ سووریا.