نیسان 11, 2019 01:26 Asia/Tehran
  • پاشگەز بوونەوەی ئەمریکا لە بەرامبەر وشداری دانەکانی ئێران

ڕۆژێک دوای ئەوەی کە کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕایگەیاند کە، ھێزە ئەمریکییەکانی سەقامگرتووی ڕۆژئاوای ئاسیا بە تیرۆریست دادەنێن ، وەزارەتی بەرەڤانیی ئەمریکا ڕایگەیاند: ئێران ھەڕەشەیەکی دەستبەجێ بۆ ئەمریکا نایەتە ئەژمار.

«ڕبێکا ڕیباریچ» وتەبێژی وەزارەتی بەرەڤانیی ئەمریکا پێی داگرت: پێنتاگۆن ئێران بە ھەڕەشەیەکی زووبەزوو نازانێت. بەرلەم ڕادەربڕینەو دوابەدوای دانرانی ناوی سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران لە نێو پێڕستی ڕەشی تاقمە تیرۆریستەکانی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ئەمریکا، ئێران ڕایگەیاند که: لەمەو بەدوا سەرکردایەتیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا«سنتکام» و ھێزەکانی ئەمریکیی سەقامگرتووی ڕۆژئاوای ئاسیا بە تیرۆریست دادەنێت.

ئەم بڕیارە، نیگەرانی لە بارەی ھەنگاوی بەرامبەری ئێران لە ھەمبەر کردارە دەگمەنەکەی دەوڵەتی ئەمریکا لەمەڕ بە تیرۆریست ناوبردنی داڕشتی سەربازیی وڵاتێکی ئەندامی ڕێکخراوەی نەتەوەکانی لێ کەوتەوە. ئەم نیگەرانییە لەوەوە سەرچاوە دەگرێت کە بنکە سەربازییەکان و دەیان ھەزار لەشکریی ئەمریکی لە ناوچەکەدا لە بەر نیشانەو سێرەی ھێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانن و ھەر چەشنە کردەوەیەکی دوژمنکارانەی دژی سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی، وەڵامدانەوەی توندوتۆڵ و قورسی ئێرانی بەدواوە دەبێت. ئەویش لە ھەل و مەرجێکدا کە داناڵد ترەمپی سەرۆک کۆماری ئەمریکا گەلێک جار باسی تێچووی حەوت تریلیۆن دۆلاریی شەڕەکانی ئەم وڵاتە لە عێراق و ئەفغانستانی کردووەو ڕەخنەی لێ گرتووە.

ئا لەم ڕووەوە چاوەڕوانیش دەکرا کە ھەڵوێستی لێبڕاوانەو نومایشی یەکگرتنی نیشتیمانی لە ئێران بۆ پشتگری کردن لە سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی، ئەمریکییەکان چاوترسێن بکات و لە ھەڵوێستەکانی پێشوویان بیانگێڕێتەوە. لەگەڵ ئەمەش دا بەردەوامیی ناکۆکییەکان لە نێوخۆی ئەمریکادا لەو ڕادەربڕینەی ئەم دواییەی پێنتاگۆن سەبارەت بەوەی کە خۆیان وتەنی «ئێران ھەڕەشەیەکی دەستبەجێ و زوو بە زوو بۆ ئەمریکا نایەتە ئەژمار»، شوێندانەرو کاریگەر بووە.

میدیاکانی ئەمریکی بەرلەمە ڕایانگەیاند بوو کە وەزارەتی بەرەڤانیی ئەمریکا «پێنتاگۆن»و ڕێکخراوەی شۆڤاریی ئەم وڵاتە« سی ئای ئەی» ھەر لە سەرەتاوە لە بەر تۆڵەسەندنەوەی ئێران نەیاری ئەوە بوونە کە ناوی سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی بخرێتەنێو پێڕستی تاقمە تیرۆریستەکانەوە. ئینجا ئەم پەرۆشی و نەیارەتییانە وایکرد بوو ھەتا چەندین جار ھەوڵ و پەلەقاژەی کۆشکی سپی چ لە سەردەمی سەرۆک کۆمارەتیی باراک ئوباماو چ لە چاخی دەستەڵات گرتنی داناڵدترەمپ دا لەبار بچێتو ھیچ ئەنجامێکی ئەوتۆی لێ نەکەوێتەوە. بەڵام وادیارە بە گۆڕدرانی تیمی ئاسایشتی نیشتیمانیی دەوڵەتی ترەمپ و سەرھەڵدانەوەی کەسانێکی توندئاژۆو شەڕخوازی وەک مایک پەمپێئۆ وەک وەزیری کاروباری دەرەوەو جان بۆڵتۆن بەناوی ڕاوێژکاری ئاسایشتی نیشتیمانی، لە کۆتایی دا سەرۆک کۆمارە ساویلکەکەی ئەو وڵاتە پێملی ھەوڵی دژی سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی بووە.

سەرۆک کۆماری ئەمریکا لە ماوەی ڕۆژانی ئەم دواییە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، ناوی سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامیی ئێرانی خستووەتە نێو پێڕستی تاقمە تیرۆریستییەکانی ئەمریکاوە. ئەو کردارە ناژیرانەیەی ترەمپ لە ھەل و مەرجێکدایە کە سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ڕۆڵێکی ھەرەکاراو گرینگی لە خەبات و بەرپەرچدانەوەی تاقمە تیرۆریستییەکانی سەربە ئەمریکا لە ناوچەکەو بە تایبەت دوو وڵاتی دۆست و دراوسێی عێراق و سووریادا ھەبووەو بە پێی داخوازیی فەرمیانەی ھەردووک وڵاتەکە، یارمەتیی موستەشارانەی داونەتێ کە ئەمەش لەو ھەنگاوانەیە کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا قەت حەزی پێ نەکردووەو ناشیکات.

سەرباری ھەموو ئەمانە ھەڵوێستە ناژیرانەو دژی ئاسایشتییەکەی ئەم دواییەی سەرۆک کۆماری ساویلکەو کەم ئەزمونی ئەمریکا تەنانەت لە نێوخۆی وڵاتەکەشی بەرەوڕووی ڕەخنەو نەیارەتیی بووەتەوەو کۆمەڵێک لە کاربەدەستانی ئەمریکی بە ڕاشکاوی ڕەخنەیان لێ گرتووە.

ھێزە ھێرشبەرە سەربازی و ھەواڵگرییە ئەمریکیەکانی سەقامگرتووی ناوچەکەو سەرکردەو سەرۆکەکانیان لە واشێنگتۆن زیاتر لە سەرۆک کۆمارو یان ڕاوێژکارە توندئاژۆکانی کە بە نیازی قۆستنەوەی سیاسیانەی ئەم بابەتەو بەکار ھێنانی بۆ ھەڵبژاردنەکان بوون، مەترسییەکانی وەھا بڕیارێکی گەمژانەیان ھەست پێ کردووە. ئا لەم ڕووەوە لەوانەیە لە ڕاپەڕاندنی بەیاننامەکەی ئەم دواییەی کۆشکی سپی ھێندێک خاوتر بجوڵێنەوەو یان لانیکەم ھەوڵی ئەوە بدەن کە بە کۆمەڵێک ڕادەربڕین ئەو کەشە ئاڵۆزە دامرکێننەوەو لە ھەگەری پێکەوە ھەڵشاخانی ئێران و ئەمریکا کەم کەنەوە. چونکو وەک ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران حەزرەتی ئایەتوڵڵا عوزما خامەنەییش فەرموویەتی: سەردەمی « دەست وەشاندن و ھەڵاتن» بەسەر چووەو ھەر ھەنگاوێکی دوژمنکارانەی ئەمریکییەکان لەگەڵ ھەنگاوی لێبڕاوانەو تۆڵەسەندنەوەی ئێراندا بەرەوڕوو دەبێتەوە.

وەندی شیرمەن جێگری وەزیری کاروباری دەرەوەی ئەمریکا لە دەوڵەتی باراک ئوبامای سەرۆک کۆماری پێشووی ئەو وڵاتەش وێڕای پێداگرتن لە سەر ئاوا ڕاستییەک، باسی ئەوەی کردووە کە: بە ناساندنی ئەرتەشێکی بیانی وەک ڕێکخراوەیەکی تیرۆریستی، لە ڕاستی دا ئێمە ھێزەکانی خۆمان لە عێراق و لە تەنیشتی ئێراندا دەخەینە مەترسییەوە.

 

سەرپەیڤ