نیسان 26, 2019 16:32 Asia/Tehran
  • ھاوکاریی سازندەو کارای ئێران و ڕووسیا لەدەرەوەی بازنەی دەستەڵاتی ئەمریکایە

وەزیری بەرەڤانی و پشتیوانیی ھێزەچەکدارەکانی ئێران ڕایگەیاند: تاران و مۆسکۆ لەبەر ڕۆڵی سەربەخۆیان کەوتوونەتە بەر شاڵاوی ئەمریکا.

ئەمیری سەرتیپ « ئەمیر خاتەمی» وەزیری بەرەڤانی و پشتیوانیی ھێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕۆژی پێنج شەممە لە وتووێژی لەگەڵ کەناڵی ھەواڵدەریی ڕووسیی «ڕاسا تودەی» وتی: ئێران و ڕووسیا لە بەر ئەو ڕۆڵە سەربەخۆیەی کە بۆ پشتگری لە سەقام و ئۆقرەیی ناوچەکە و بەرنگار بوونەوەی ملھوڕایەتیی ئەمریکا دەیگێڕن، کەوتوونەتە بەر شاڵاوەکانی ئەو وڵاتە.

ناوبراو جەختی کردووە : ئێران و ڕووسیا زیاتر لە وڵاتانی دیکە وەبەر شاڵاوی کێشە و گرفتەکانی "دۆناڵد ترەمپ" ی سەرۆک کۆماری ئەمریکا کەوتوون، بەڵام با ئەوەشمان لەبیر نەچێت کە هەموو جیهان بە لەونێ بەرەوڕووی ئەم کێشە و گرفتانە بووەتەوە.

ئێران و ڕووسیا وەک دوو وڵاتی سەربەخۆ لە ھاوکێشەکانی ناوچەکەو جیھان ڕۆڵێکی کاراو گرینگ دەگێڕن. ھاوکالرییەکانی ئێران و ڕووسیا شوێن دانانی ھەردووکیانی وەک دوو وڵاتی ھاوپەیمان و یەک گرتوو زیاتر کردووە.

ئەزمونی ھاوکاریی ئێران و ڕووسیا لە سووریا، ھاوکێشە سیاسی و مەیدانییەکانی لەو وڵاتەدا بە قازانجی دەوڵەتی دیمەشق و بە زیانی ئەمریکاو ھاوپەیمانەکانی شکاندووەتەوە. شکست ھێنانی ئەمریکا لە سووریا بووەتە ھۆی ئەوەی کە واشێنگتۆن ھاواری ھەڵاتن و کشاندنەوەی ھێزەکانی لە سووریا بەرز کاتەوە.

خەباتی بەبڕشتانەو ڕاستەقینەی ئێران و ڕووسیا لە دژی تیرۆریزم لە سووریا، ئەم دوو وڵاتەی کردووە بە ڕۆڵێگێڕی سەرەکیی گۆڕەپانی سیاسی و مەیدانیی سووریا. زاڵ بوونی سەقام و پاوەجێیی و ئاسایشتی ئێستا لە سووریادا، دەرەنجامی ھاوکاریی ھاوبەشی ئێران و ڕووسیایە و گەشتەکەی بەشار ئەسەدی سەرۆک کۆماری سووریاش بۆ مۆسکۆو تاران ھەر لەم چوارچێوەیەدا مانا دەکرێتەوە.

کاریگەریی ئامادەبوون و ڕۆڵی ڕووسیاو ئێران لە ھاوکێشەکانی  ناوچەکە، ئەمریکا ناچار کردووە ھەتا لە بەرامبەر ئەم دوو وڵاتە گرینگەدا ھەڵوێست وەربگرێت. شاڵاوەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران و ڕووسیاش ھەر لەبەر ئەوەیە کە ئەم دوو وڵاتە لە چەقی گۆڕەپانی گۆڕانکارییە سیاسی و ئاسایشتییەکانی ناوچەی ستراتژی و گرینگی ڕۆژئاوای ئاسیادان.

ھاوکاریی سازندەو کارای تاران و مۆسکۆ یارمەتیی دامەزرانی ئاشتی و ئاسایشتی لە ناوچەکەدا داوەو بازنەی ئەم ھاوکارییانەش بەس جوگرافیای سووریا نییە. ھاتوچۆی یەکبین و بەردەوامی دیپلۆمات و لەشکریان و بەرپرسانی باڵای ئێران و ڕووسیا بۆ پێتەختەکانی یەکتر دەربڕی ئاستی باڵای ھاوکاریی سیاسی و سەربازیی ھەردووک وڵاتە.

ھەر لەم پەیوەندییەدا «سێرگێئی شایگۆ» وەزیری بەرەڤانیی ڕووسیا، سەوی پێنج شەممەی ڕابردوو لە دیداری ئەمیری سەرتیپ «ئەمیر خاتەمی» وەزیری بەرەڤانی و پشتیوانیی ھێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە پەراوێزی بەرپاکرانی ھەشتەمین کۆنفرانسی ئاسایشتیی مۆسکۆ وتی: ھاوکارییە سەربازییەکانی نێوان ئێران و ڕووسیا گەییشتووەتە ئاستێکی باڵا.

بەردەوامی و بەرز کرانەوەی ئاستی ھاوکارییەکانی ئێران و ڕووسیا ئەنجامی ھۆگری و خواستی سەرکردەکانی ھەردوک وڵاتەو لەم چوارچێوەیەدا، سەرۆک کۆمارانی ئێران و ڕووسیا بە ھاوتەریبیی تورکیاو ناوەندایەتیی سووریا چوار خولی دانوستانی ستراتژی و کارایان وەپشت سەر ناوە.

سەرباری ئەو بەرتەسکیانەی کە دەوڵەتی «داناڵد ترەمپ»ی سەرۆک کۆماری ئەمریکا دژی ئێران و ڕووسیا دروستی کردووە، کەچی ھەردووک وڵاتەکە لە ئاراستەی پەرە پێ دانی ھاوکارییەکانیان ھەنگاو ھەڵدەگرن.

ھەر لەم پەیوەندییەدا «ماریا زاخارۆڤا» وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا ڕۆژی پێنجشەممە لە پرێس کۆنفرانسی حەوتانەی خۆیدا جەختی کرد: هەڵوێستی ڕووسیا بەرامبەر بە ئێران، نەگۆڕە و پێوەندییەکانی تاران - مۆسکۆ هەر ڕووی لە پەرە دەبێ.

چەشنی ھاوکارییەکانی نێوان ئێران و ڕووسیا کە لە سای متمانەی بەرامبەر گەییشتووەتە ئاستێکی باڵا، بەو شاڵاوانەی ئەمریکا تووشی کێشە نابێت. ڕوانگەی ھاوبەشی ئێران و ڕووسیا بەرامبەر بە دامەزراوە نێونەتەوەییەکان و ڕێزنانیان لە پرسی چەند لایەنە خوازی و دیپلۆماسی لە پێناوی ئاشتی، جێگای پەسەندی کۆمەڵگای جیھانیشە.

لە ئاوا ھەل و مەرجێکدا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە جوڵانەوەی دەست نەپارێزانەو ھەڵوێستی یەک لایەنەخوازانەو سەرەڕۆیانەی ناتوانێت ھاوکارییەکانی نێوان ئێران و ڕووسیا کە لە چوارچێوەی داب و نەریتی دامەزراوە نێونەتەوەییەکاندا مانا دەبەخشێت، بخاتەژێر گوشارەوە.

سەرپەیڤ