May 31, 2019 17:14 Asia/Tehran
  • رۆژی قودس؛ بەرخۆدانی لەناوبردنی گەڵاڵەی

جڤینی نێونەتەوەیی داکۆکی لە ئینتفازەی گەلی فەلەستین بەوتاردانی سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی کۆماری ئیسلامیی ئێران و داکۆکی لە موقاوەمە لەشاری غەززە بەڕێوە چوو.

جڤینی نێونەتەوەیی داکۆکیی لە ئینتفازەی گەلی فەلەستین رۆژێک پێش ڕۆژی جیهانیی قودس و بەئامانجی داکۆکیی لە موقاوەمە لەهەمبەر گەڵاڵەی ئەمریکیی"سەودای سەدە" لە غەززە بەڕێوە چوو. لەو جڤینەدا، فەرماندەرانی خۆڕاگریی فەلەستین، پەسنی داکۆکی وپاڵپشتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە موقاوەمەیان دا و ئەو پاڵپشتییەیان بەمایەی بەهێزبوونی خۆڕاگریی لەهەمبەر رژیمی زایۆنی زانی.

"یەحیا سنوار" سەرۆکی مەکتەب سیاسیی بزووتنەوەی خۆڕاگریی ئیسلامیی فەلەستین(حەماس) لە کەرتی غەززە لە جڤینی نێونەتەوەیی داکۆکیی لە ئینتفازەی گەلی فەلەستین وتی: ئەگەر پاڵپشتییەکانی ئێران نەبوایە، ئەمڕۆ موقاوەمەی ئیسلامیی فەلەستین وەها بەهێز نەدەبوو.

"عەلی شەمخانی" سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێرانیش لەو جڤینەدا وتی: کۆماری ئیسلامیی ئێران سەرباری هەموو گرفت و گەمارۆکان درێژە دەدا بە داکۆکی لە گروپە خۆڕاگرەکان بەتایبەت لە فەلەستین.

موقاوەمەی فەلەستین ئەم ڕۆژانە، تەنگی بەرژیمی زایۆنی هەڵچنیوە، بەجۆرێک کە هەمووجارێک کە شەڕێک لە کەرتی غەززە دەس پێ دەکا، ئەو رژیمە خێرا شەڕەکەی کوژاندووەتەوە.

ئێستا کارتێکەریی موقاوەمەی فەلەستین پتر لەرابردوویەو بشێویی سیاسی لە فەلەستینی داگیرکراو و لاوازیی بنیامین نەتانیاهۆ لە پێکهێنانی کابینەش لە شوێنهاتەکانی کاریگەریی موقاوەمەی فەلەستینە کە بەرە بە بەرە بەهێزکراوە.

خۆڕاگریی و پاوەجێیی گەلی فەلەستین و بەتایبەت داکۆکیی ئێران لەوان، هاوکێشەکانی بەقازانجی فەلەستینیەکان گۆڕیوە و درێژەی ئەو ڕەوتە، جێگا بە جێ بەجێ کرانی گەڵاڵەی ئەمریکیی"سەودای سەدە"ش لێژ دەکا.

ئێران پاش سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی بەناودێرکردنی دواهەینیی مانگی پیرۆزی ڕەمەزان وەک "رۆژی جیهانیی قودس" دەریخست کە لەداکۆکی کردن لە ماف و ئارمانجەکانی فەلەستین پێشەنگەو لەمەڕ پرسی فەلەستین، ئامادەی مامەڵەکردن نییە.

ئێران لەچل ساڵی ڕابردوودا هەردەم لە کۆڕ و نێوەندە سیاسی و دیپلۆماسییەکان داکۆکی کردووە لە مافەکانی گەلی فەلەستین و قودس وپاڵپشتی مەعنەوی و ماددی گرووپە خۆڕاگرە فەلەستینیەکان بووە.

هەرلەوئاراستەیەدا، سەید"عەبدولمەلیک بەدرەدین حوسی" سکرتێری گشتیی بزووتنەوەی ئەنساروڵڵای یەمەن شەوی ھەینی بەئاماژە بەوەی کە ئێران لایەنگری سەرەکیی موقاوەمەی فەلەستین و لوبنانە، وتی: ناودێرکرانی دواهەینیی مانگی پیرۆزی ڕەمەزان لەلایەن ئیمام خومەینی(ڕە) وەک رۆژی جیهانیی قودس، هەنگاوێکی ژیرانە بوو.

بەهێزکرانی تاقمە خۆڕاگرەکان، بووەتە مایەی ئەوەی بڕواکان بەهێزبکرێن لەمەڕ رزگارکرانی فەلەستین و شکست هێنان بە رژیمی زایۆنی . ئێستاش داکۆکی لە موقاوەمەی فەلەستین بە لەبەرچاوگرتنی هەوڵی ئەمریکاو ژمارێک رژیمی عەرەبی بۆ جێ بەجێ کردنی گەڵاڵەی سەودای سەدە، لەبەر سەرنج و گرینگی پێدان دایە. هەرلەوئاراستەدا، "زیاد نەخالە" سکرتێری گشتیی بزووتنەوەی جەهادی ئیسلامیی فەلەستین رۆژی پێنج شەممە لە جڤینی نێونەتەوەیی داکۆکی لە ئینتفازەی گەلی فەلەستین لە غەززە، بەپێداگریی لەسەر ئەوەی کە گەڵاڵەی "سەودای سەدە" دەسپێکێکە بۆ زاڵبوون بەسەر هەموو وڵاتانی ئیسلامیدا، وتی: لەوەها بارودۆخێکدا، خۆڕاگریی، لەسەر هەموو موسڵمانانی جیهان فەرزە.

ئەزموونی گەڵاڵەکانی ڕابردوو بۆ چارەسەریی پرسی فەلەستین دەریخستووە کە لەسای خۆڕاگریی، چاوپۆشی ناکرێ لە هیچ مافێکی گەلی فەلەستین .

بەسەرنجدان بەو ئەزموونە بەنرخە، ئێستا گەڵاڵەی سەودای سەدە کە هیچ مافێک بۆئارمانجی فەلەستین وتەنانەت ئاوارە فەلەستینیەکان لەبەرچاو ناگرێ،  خۆڕاگری و داکۆکیی هەمەلایەنە لێی، تەنیا ڕێگای بەرەنگاربوونەوەی ئەو پیلانەیە.

لە وەها بارودۆخێکدا، رۆژی جیهانیی قودسی ئەمساڵ بەدروشمی "شکست هێنان بە سەودای سەدەو چەسپاندنی ئارمانجی فەلەستین" رۆژێکی گرینگە بۆ پێشاندانی یەکدەنگیی لەمەڕ داکۆکیی کردن لە موقاوەمەی فەلەستین لە ئێرانەوە هەتا وڵاتانی دیکەی ئیسلامی و تەنانەت وڵاتانی ئوروپایی و ئەمریکی.