حوزه‌یران 01, 2019 16:31 Asia/Tehran
  • ئەمەریکییەکان چۆن نەیانهێشت ئەبوبەکر بەغدادی بکەوێتە دەست هێزە کوردییەکان؟

رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی باس لەوە دەکات، کە هێزەکانی ئەمەریکا رەتیانکردووەتەوە یەکێک لەو ماڵانە بەئامانج بگیرێت، کە بروا وابوو ئەبوبەکر بەغدادی ڕێبەری ڕێکخراوی داعشی تێدا بێت ، ئەوەش لەسەر بنەمای زانیارییەکی هەواڵگری، کە دەستگیرکراوێک لەسەر ئەو ماڵە دابووی.

رۆژنامەکە راپۆرتێکی تێروتەسلی لەلاپەرەی سەرەکی خۆی بەناونیشانی "ڕۆڵی ژنە بەندییەکی داعش لە بەدواکەوتنی بەغدادی لەلایەن هەواڵگری ئەمەریکاوە"، بڵاوکردووەتەوە ، کە هی مارتین شۆلۆفی پەیامنێرەکەیانە لە شاری هەولێر.

بەپێی راپۆرتەکە، کە "بی بی سی " چەند بەشێکی لێهەڵبژاردووە و بڵاویکردووەتەوە، ژنە دەستگیرکراوەکانی داعش رۆلێکی گرنگییان هەبوو لەدەواکەوتنی ئەبوبەکر بەغدادی ، یارمەتیدەر بوون لەدیاریکردنی شوێنی خۆشرادنەوەی ، تەنانەت هەندێ جار دیاریکردنی جێگاکەی بەتەواوەتی لە موسڵ.شۆلۆف نوسەری راپۆرتەکە دەڵێت: یەکەم چاوپێکەوتن لەگەڵ نەسرین ئەسعەد ئیبراهیم، کە ناسراوە بە "ئوم سەییاف" سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچووە و  بە گرنگترین دیلی ڕێکخراوی داعش وەسف دەکرێت .

ئوم سەییاف لەساڵی ٢٠١٥ دا و لە پرۆسەیەکی هێزە تایبەتەکانی ئەمەریکا و لە کێڵگەیەکی نەوتی لە دێرەزووری سوریا دەستگیر کرا ، کە تێیدا هاوسەرەکەی فەتحی بن عەون بن جەلیدی مرد تونسی ناسراو بە ئەبی سەییاف کوژرا کە وەزیری نەوتی داعش بوو لەناو ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش و یەکێک بوو لە کەسە نزیکەکانی بەغدادی .بەرپرسە کوردەکان بە رۆژنامەکەیان رایگەیاندووە، ئوم سەییافی تەمەن ٢٩ ساڵ سەرەتا رەتیکردۆتەوە هاوکاری لەگەڵ لێکۆڵەرەوەکان بکات ، بەڵام لەسەرەتای ساڵی ٢٠١٦ دەستی کرد بە ئاشکراکردنی زانیاری نهێنی و هەستیار بۆ ئاژانسی هەواڵگری ناوەندی ئەمەریکی CIA و هەواڵگری کوردی لەسەر ڕێکخراوی داعش و ڕێبەرەکەی ، کە ئەو زانیاریانە یارمەتیدەر بوون بۆ بەدواکەوتنی بەغدادی.

بەرپرسە کوردەکان گوتوویانە لە شوباتی ساڵی ٢٠١٦ خەریک بوون بەغدادی دەستگیر بکەن ، بەهۆی ئەوەی ئوم سەییاف ماڵێکی لە موسڵ ئاشکرا کرد گومان دەبرا بەغدادی لەوێدا بێت ، بەڵام ئەمەریکییەکان رازی نەبوون ئەو ماڵە بکرێتە ئامانج .

نووسەری راپۆرتەکە دەشڵێت: ئوم سەییاف بۆ هەواڵگری ئەمەریکا و هەواڵگری کوردەکان سەرچاوەیەکی گرنگی زانیاری دەستکەوتن بوو لەسەر کەسایەتی بەغدادی ، ئوم سەییاف بە رۆژنامەکەی گوتووە کە ئەو چەندین جار چاوی بە بەغدادی کەوتووە لەبەر ئەوەی مێردەکەی یەکێک بووە لە کەسایەتیە هەرە گرنگەکانی ناو داعش .

ئوم سەییاف پێیوابووە، کە ئەگەری زۆرە بەغدادی ئێستا لە عێراق بێت ، لەبەر ئەوەی بەردەوام لە عێراق هەست بە ئەمان و پارێزراوی خۆی دەکات بەپێچەوانەی سوریاوە .

شۆلۆف ئەوەش دەڵێت: ئوم سەییاف لە چەندین تاوانی دڕندانە تێوەگلاوە ، لەوانە رفاندنی کچان و ژنانی ئێزیدی و رفاندنی کایلا مۆلەر ژنە فەرمانبەری فریاکەوتنی ئەمەریکی و لاقەکردنیان لەلایەن بەغدادی و ئەمیر و فەرماندەکانی تری داعش.( سەرچاوە : شارپرێس)