حوزه‌یران 07, 2019 17:22 Asia/Tehran
  • ھاتنە ئارای بابەتگەلی بەدەر لە ڕێککەوتنی بەرجام و ھاوتەریبیی فەرانسا لەگەڵ ئەمریکا

وتەبێژی وەزاڕەتی کاروباری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕایگەیاند: ھێنانە ئارای بابەتگەلی بەدەر لە ڕێککەوتنی بەرجام ھیچ یارمەتیی پاراستنی ڕێککەوتنەکە نادات.

«سەیید عەباس موسەوی» وتەبێژی وەزاڕەتی کاروباری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ڕۆژی ھەینی لە کاردانەوەیەک دا بەرامبەر بە ھەڵوێستی ھاوتەریبی سەرۆک کۆمارانی فەرانسا و ئەمریکا لە بارەی ڕێککەوتنی بەرجامەوە ڕایگەیاند: ھێنانە ئارای بابەتگەلی بەدەر لە ڕێککەوتنی بەرجام نەک ھەر ھیچ یارمەتییەکی ڕێککەوتنی بەرجام نادات، بەڵکو بەستێنی بێ متمانەیی زیاتر لە نێو لایەنە ھەنوکەپێبەندەکانی بەرجام ساز دەکات و یارمەتیی زۆرتری ئەمریکا دەدات بۆ گەییشتن بەئامانجی کشانەوە نایاساییەکەی لەو ڕێککەوتنە نێونەتەوەییە کە دیارە لەبەریەک ھەڵوەشانەوەی ڕێککەوتنەکە نەبێ ھیچی تر نییە.

ئێمانۆئێل مەکرۆن سەرۆک کۆماری فەرانسا کە وڵاتەکەی وەکو یەکێک لە ئەندامانی واژۆکەری بەرنامەی تۆکمەی ھەنگاوی ھاوبەش«بەرجام» ھەتا ئێستا بەڵێنەکانی خۆی بۆ ڕاپەڕاندنی ئەم ڕێککەوتنە نێونەتەوەییە جێبەجێ نەکردووە، ئێوارەی ڕۆژی پێنج شەممە لە پرێس کۆنفرانسێکی ھاوبەش لەگەڵ داناڵد ترەمپی سەرۆک کۆماری ئەمریکا لە شاری نۆرماندیی فەرانسا، ڕایگەیاند: پاریس و واشێنگتۆن ئامانجگەلێکی ھاوبەشیان لە ھەمبەر دەبێ دانوستانێکی نێونەتەوەیی تازە بۆ پەرە پێ دانی بڕگەکانی ڕێککەوتنی ناڤۆکیی بەرجام ئەنجام بگرێت.

ھەڵبەت ئەم ھەڵوێستە ھاوبەشەی فەرانسا لەگەڵ ئەمریکا بەردەوام دووپات بووەتەوەو تەنانەت پاریس لە ڕەوتی دانوستانی ناڤۆکی ڕۆڵی پۆلیسێکی خراپی گێڕاوە کە دەرەنجامەکەشی زۆرخایاندنی ئانوستانی چڕوپڕی ناڤۆکیی ئێران و شەش ھێزە گەورەکەی جیھان بووە.

ڕێککەوتنی ناڤۆکیی بەرجام تەنیا پرسی ناڤۆکیی ئێران ناگرێتەوە و بەس بۆ سەلمێندرانی نیازپاکیی ئێران لەمەڕ ئەمەی کە بەدووی چێکردنی بۆمبای ناڤۆکییەوە نییە، چووەتە واری جێبەجێ کردنەوە. بەڵام بە ھاتنە سەر کاری داناڵد ترەمپ، دەوڵەتی تازەی دەمریکا بەم بیانووەی کە گوایە بەرجام ڕێککەوتنێکی نوقسانە بە شێوەیەکی یەک لایەنە وازی لێ ھێناو کشایەوە.

لە ئێستادا بە تێپەڕینی ساڵێک بە سەر کشانەوەی نایاسایی ئەمریکا لە ڕێککەوتنی بەرجام، لایەنەکانی ئەورووپی ھێشتا نەیانتوانیوە بەڵێنەکانی خۆیان لە چوارچێوەی ڕێککەوتنەکە ڕاپەڕێنن و بۆشایی کشانەوەی ئەمریکا لەو ڕێککەوتنە پڕ کەنەوە. لە ئاوا ھەل و مەرجێکدا فەرانسا لە ئێستادا ھەڵوێستەکانی سەرۆک کۆماری ئەمریکا لە بارەی بابەتگەلێکی بەدەر لە ڕێککەوتنی بەرجام دووپات دەکاتەوەو ئەم ھەڵوێستەی پاریسیش وا دەر دەخات کە ئەورووپا لە بەرامبەر ئەمریکا بێ دەستەڵاتەو لە کردەوەدا ھیچ سەربەخۆیی و تواناییەکی لە خۆی نییە.

دانوستان لە بارەی بەرنامەی موشەکی و ئامادە بوون و ڕۆڵگێڕانی  ناوچەیی  ئێران دوو داخوازیی بەدەر لە بەرجامی ئەمریکایە، کە دیارە ھیچ پەیوەندییەکیان بە ڕێککەوتنەکەوە نییەو ھێنانە ئارای وەھا بابەتگەلێک ھەر لە بنەڕەت دا دەستوەردان و خۆ تێ ھەڵقورتاندن لە پرسگەلی نێوخۆیی و سێرە گرتن بۆ فەکتەرە ھێزمەند کەرەکانی ئێران دێتە ئەژمار.

بێ گومان ھیچ وڵاتێکی سەربەخۆ لە بارەی توانایی بەرگریکارانەو ھێزکەمەندکەری خۆیەوە لەگەڵ کەس دانوستان ناکات و ئینجا ھاوتەریب بوونی فەرانسا لەگەڵ ئەو وڵاتەش، بەرتەسک کردنەوەی دەستەڵاتی کارای کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ناوچەی ڕۆژئاوای ئاسیا دێتە ئەژمار. بەرپرسانی باڵای بواری سیاسی و سەربازیی کۆماری ئیسلامیی ئێران گەلێک جار پێیان لە سەر ئەوە داگرتووە کە خۆیان لە قەرەی  دانوستانی تازە لە بارەی ڕێککەوتنی بەرجامەوە نادەن و ھەر لە بنەڕەت دا بابەتی بەرگریکارانەی ئێران بەھیچ کلوجێک وتووێژی و دانوستان ھەڵناگرێت.

ھەر لەم پەیوەندییەدا حەزرەتی ئایەتوڵڵا عوزما خامەنەیی ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران، لەم دواییەدا لە دیداری کۆمەڵێک لە مامۆستایان و ئەندامانی کۆڕگەلی زانیاریی زانکۆکان ، وێڕای پێداگرتن لە سەر ئەمەی کە پرسی سەرەکی لە دانوستاندا دیاری کردنی تەوەری دانوستانەکەیە، جەختی کرد: ئێمە لە بارەی ھەر بابەتێکەوە دانوستان ناکەین و بابەتگەلی ناموسی و بنەمایی شۆڕش لەوانە بەرەڤانی لە وڵات ناتوانێ تەوەرەی وتووێژو دانوستان بێت. ئەم ھەڵوێستە لێبڕاوانەیەی حەزرەتی ئایەتوڵڵا عوزما خامەنەیی ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران، وا دەر دەخات کە ئێران قەت لە بارەی پرسی بەرەڤانی و ھێزمەندکەری خۆی لەگەڵ کەس سات و سەودا ناکات، چونکو دانوستان بە واتای سات و سەوداو کشانەوە لە ھێندێک بواردایە.

بێ گومان ھەڵوێستی ئەم دواییەی سەرۆک کۆماری فەرانساش ھیچ شوێنێک لە سەر ویستی لێبڕاوانەو سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دانانێت. ھەر چۆن ئێران لە یەکەم ھەنگاوو لە ساڵگەڕی کشانەوەکەی ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ناڤۆکیی بەرجام لە ھەشتەمی مای ٢٠١٩ لە چوارچێوەی ئەم ڕێککەوتنەدا دوو بەڵێنی خۆی ھەڵپەسارد، لە کۆتایی دەرفەتە شەست ڕۆژەکەش دا ھەنگاوگەلێکی بەبڕشتانەی دیکەو ھاوتەریب لەگەڵ سیاسیەتەکانی ئەورووپا ھەڵدەگرێت.

کشانەوەو وازڤێنان لە ڕێککەوتنی بەرجام دوایین بژاردەی کۆماری ئیسلامیی ئێران نییە، بەڵام تاران ھاوتەریب لەگەڵ بەڵێنە بەرجامییەکانی ئەورووپا، ھێندێک سیاسەتی لە بەرنامەدایە و ھەوڵ دەدات ھاوسەنگییەک لە بەڵێنەکانی ھەردووک لای ڕێککەوتنەکە بەدی بێنێ.

لەم ئاراستەیەدا تاکە ڕێگای پاراستنی ڕێککەوتنی بەرجام و کاراکردنەوەی، جێبەجێکرانی بەڵێنەکانی لایەنی ئەورووپییە لە چوارچێوەی ڕێککەوتنەکەیان لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێرانداو ھەوڵی فەرانساو لایەنە ئەورووپییەکانی دیکە بۆ ھێنانەئارای بابەتگەلی تازە، ئێران بە یارییەکی تازەوە تێوە ناگلێنێ.

سەرپەیڤ