ئه‌یلوول 05, 2019 17:36 Asia/Tehran
  • ئامانجی گەشتەکەی سەرۆک کۆمارو سەرۆک وەزیرانی ڕژێمی زایونی بۆ ئەلخەلیل

بنیامین ناتانیاھۆ سەرۆک وەزیرانی ڕژێمی زایونی دوێنێ چوارەمی سپتامبەر بۆ یەکەمجار خۆی گەیاندە ئەلخەلیل لە کەرتی ڕۆژئاوای چۆمی ئەردەن و چووە مزگەوتی ئیبراھیمییەوە.

بنیامین ناتانیاھۆ سەرۆک وەزیرانی ڕژێمی زایونی دوێنێ چوارەمی سپتامبەر بۆ یەکەمجار خۆی گەیاندە ئەلخەلیل لە کەرتی ڕۆژئاوای چۆمی ئەردەن و چووە مزگەوتی ئیبراھیمییەوە. بەرلەو سەردانەی ناتانیاھۆ، پێشتر «ڕووین ڕیۆلین»ی سەرۆکی ڕژێمی زایونیش چوو بووە ئەلخەلیل و سەردانی مزگەوتی ئیبراھیمیی کرد بوو.

شاری ئەلخەلیل لە کەرتی ڕۆژئاوای چۆمی ئەردەن ھەڵکەوتووەو گرینگایەتییەکی مێژوویی و ئایینیی زۆری بۆ فەلەستینییەکان ھەیە. ئەم شارە کە شوێنەواری مێژوویی و کۆنی زۆری تیادایە ناوی لە پێڕستی ئاسەوارە کەوناراییەکان و کەلەپووری یۆنێشکۆدایە. ناتانیاھۆ لەکاتی گەییشتنی بە شاری ئەلخەلیل وتی: جولەکەکان لە ئەلخەلیل دا نامۆ نین و بۆ ھەتاھەتایە تێشی دا دەمێننەوە.

ئەم بانگەشەیەی ناتانیاھۆ لە کاتێکدایە کە لە شاری ئەلخەلیل پتر لە دووسەدھەزار فەلەستینی و سەدان جولەکە دەژین، کەچی ڕژێمی زایونی لە درێژەی داگیرکارییەکانی لە سەرزەوینی فەلەستین لە ھەوڵی ئەوەدایە ھەتا شاری ئەلخەلیلیش بە تەواوی داگیر بکات.

بە سەرنجدانی ئەم شێوازەی دیمۆگرافیاو پێکھاتەی حەشیمەتی شاری ئەلخەلیل، گەشتەکەی سەرۆک کۆمارو سەرۆک وەزیرانی ڕژێمی زایونی بۆ ئەم شارە لەگەڵ کاردانەوەی جەماوەری فەلەستین دا بەرەوڕوو بووەوە. جەماوەری فەلەستین بۆ ناڕەزامەندی دەربڕین بەرامبەر بە چوونی سەرۆک وەزیرانی ڕژێمی زایونی بۆ شاری ئەلخەلیل دەستیان دایە خۆپیشاندان و وێنەکانی ناوبراویان سوتاند.

بانگەشەی نتانیاھۆ لەمەڕ بوونی ھەتاھەتایی جولەکەکان لە شاری ئەلخەلیلیش لەگەڵ کاردانەوەی «نەبیل ئەبوڕدێنە» وتەبێژی فەرمیی پێکھاتەی خۆبەڕێوەبەری فەلەستین دا بەرەوڕوو بووەوەو ناوبراو جەختی کرد کە، ئەوەی وا بۆ ھەتاھەتایە دەمێنێتەوە پیرۆزایەتییەکانی فەلەستینە.

 گەشتەکەی سەرۆک کۆمارو سەرۆک وەزیرانی ڕژێمی زایونی بۆ شاری ئەلخەلیل لە ئاراستەی پێ و شوێن گرتنی سیاسەتی بەجولەکەکردنی ناوچە داگیرکراوەکان و پیرۆزگەکانی فەلەستین ئەنجامی گرتووە. ئەمە لە لایەکی دیکەوە وادیارە ئەم گەشتە بە پیلانی ئەمریکیی «سەودای سەدە»شەوە گرێ دراوەو ناتانیاھۆ پەلەقاژەی ئەوەیەتی کە بە یارمەتیی ئەمریکا ئەلخەلیلیش بە سەرزەوییە داگیرکراوەکانەوە بنووسێنێ، ھەر چۆن بانگەشەی خودانەتی و دەستەڵاتی تۆکمەوتەواوی بە سەر قودس دا دەکات.

سەرباری ئەمەش، کاتی گەشتەکەی ناتانیاھۆ بۆ ئەلخەلیل گرینگایەتییەکی تایبەتیی ھەیە، چونکو ئەم گەشتە لە مەودای کەمتر لە دوو حەوتە ھەتا بەرپاکرانی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی ئیسرائیل ئەنجام دەگرێت. ئا لەم ڕووەوە ئامانجگەلی ھەڵبژاردن و دەستخستنی دەنگی ڕاست لایەنە توندئاژۆکان گرینگترین ھۆکارو ئامانجی ئەم گەشتەی ناتانیاھۆ بۆ شاری ئەلخەلیل لە کەرتی ڕۆژئاوا دێتە ئەژمار.

«حفزی ئەبو سەنینە» بەڕێوەبەری گڵکۆی ئیبراھیمی لەم بارەیەوە وتوویەتی: ئامانجی ناتانیاھۆ لەم گەشتەی بەدەست ھێنانی دەنگی ڕاست لایەنە توندئاژۆکانە بە سەرنجدانی نزیک بوونەوەی کاتی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی ڕژێمی زایونی ھەتا لەم ڕێگایەوە لای توندئاژۆکان وابنوێنێ کە گوایە ئەم شوێنە تایبەتی جولەکەکانەو پێ لە سەر بەدەستەوەگرتنی دەستەڵاتی ئەم شارەش دابگرێت.

لە ڕاستی دا ناتانیاھۆ لە گەشتەکەی ئەلخەلیلی ئامانجی پڕوپاگەندانەی ھەیەو بە دانی بەڵێنگەلێکی وەک پەرە پێ دانی شارۆچکەسازی لە ئەلخەلیل و پشتیوانی کردن لە جولەکەکانی ئەم شارە ھەوڵ دەدات ھەتا دەنگەکانیا بۆ ئەو ھەڵبژاردنەی کە بڕیارە ڕۆژی ١٧ی سپتامبەر بەڕێوە بچێت بۆ پارتەکەی مسۆگەر کات. ئەم پەلەقاژەیەی ناتانیاھۆ لە کاتێکدایە کە ناوبراو بە پەلاماردانی حەشدی شەعبی لە عێراق و بنکەوبارەگاکانی سوپای سووریا لە دیمەشق و بەزاندنی سەروەری و دەستەڵاتی لوبنان بە تەما بوو جێ و شوێنی خۆی و پارتی لیکود لە ھەڵبژاردن دا بەھێز بکات، کەچی ھەڵمەتی یەکشەممەی ڕابردووی حیزبوڵڵا وۆ سعر ئیسرائیل و لەنێو سەرزەوینە داگیرکراوەکانەوە، ئەم ھەوڵەی ناتانیاھۆی پوچەڵ کردەوە. بەم پێیە «حازم قاسم» وتەبێژی بزوتنەوەی خۆڕاگریی ئیسلامیی حەماس بە ڕاگەیاندنی ئەمەی کە ناتانیاھۆ بەزیوو ھیوابڕاوە، جەختی کردووە کە ، سەرۆک وەزیرانی ڕژێمی زایونی لە ھەوڵ ئەوەدایە کە جێ و شوێنی خۆی لە ڕێگای دەست درێژکاری بۆ سەر شاری ئەلخەلیل پتەو کاتەوە.