ئادار 06, 2020 17:08 Asia/Tehran
  • ڕێککەوتنی ڕووسیاو تورکیا لە بارەی ئیدلەب، پاشەکشەی ئاشکرای ئەردوغان

پێشڕەوییەکانی سوپای سووریا و ھاوپەیمانەکانی لە پارێزگای ئیدلەب کە لە ژانویەی ٢٠٢٠ەوە دەستی پێکراوە، کاردانەوەی سەربازیی تورکیا بۆ پشتگری کردن لە تاقمە تیرۆریستەکانی سەقامگرتووی ئەم ناوچەیەی لێکەوتەوە. سەرباری ئەمەش بە چەقبەستوویی گەییشتنی تورکیا لە ئیدلەب، ڕەجەب تەیب ئەردوغانی سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتەی ناچار کرد ھەتا بە سەردانی مۆسکۆی و دانوستانی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ڤلادیمیر پوتینی سەرۆک کۆماری ڕووسیا ڕێگایەک بۆ دەرباز بوون لەو گێچەڵە خۆکردەی بدۆزێتەوە.

ڕۆژی پێنج شەممە پێنجەمی مارس دوای وتووێژی چڕوپڕی پوتین و ئەردوغان، سەرۆک کۆماری ڕووسیا ڕایگەیاند لەگەڵ ھاوتا تورکەکەی لە بارەی چەساندنی ئاگربڕ لە ئیدلەبی سووریا ڕێککەوتوون. وەزیرانی دەرەوەی ڕووسیاو تورکیاش بەیاننامەی ھاوبەشی ھەردووک وڵاتیان لە بارەی ئیدلەبەوە خوێندەوە. بە پێی ئەم ڕێککەوتنە مۆسکۆ و ئانکارا لە سەر پارێزرانی سەروەریی خاکی سووریاو پێشگرتن بە سەرھەڵدانی قەیران جەختیان کردووەو بەڵێنمەندی ئەوە بوونە کە بەبێ ھیچ جۆرە ھەڵاواردنێک یارمەتیی خەڵکی سڤیل بدرێت. ئانکاراو مۆسکۆ ھەروەھا لە سەر ئەوەش ڕێککەوتوون کە کە بۆ چاودێری کردنی ناوچەی کەم ئاڵۆزی لە شارۆچکەکانی نزیکی ئیدلەب بە ھابەشی گەشت لێ بدەن.  ئاگربڕی لە ئیدلەب دا لە کلتژێمێر یەکی نیوەشەوی ڕابردوو بەدرێژایی ھێڵی پەیوەندییەکانی ناوچەی کەم ئاڵۆزی لە ئیدلەب دەستی پێکردووە. بە قسەی سێرگێئی لاڤرۆف وەزیری دەرەوەی ڕووسیا لەشکریانی ڕووسی و تورک لە جوتسایدی «ئێم _چوار»ی سووریا بە ھاوبەشی گەشت لێ دەدەن. چاووش ئوغلو وەزیری دەرەوەی تورکیاش وتوویەتی بە درێژایی جوتسایدی «ئێم _ چوار» ڕێڕەوێکی ئاسایشتی بەدرێژایی شەش کیلومەتر ھەم لە باکوور و ھەم لە باشووردا دروست دەکرێت و لە بارەی بابەتەکانی دیکەشەوە لە ماوەی حەوت ڕۆژی داھاتوو بڕیار دەدرێت. ھەڵبەت ئەردوغان لە وتەگەلێکی ھەڕەشاوی دا جەختی لەوە کردووەتەوە کە تورکیا مافی وەڵامئدانەوەی ھەرچەشنە ھێرشێکی دەیێت.

ڕووسیا گەلێک جار تورکیای لە بەر جێبەجێ نەکردنی بەڵێنەکانی لە چوارچێوەی ڕێککەوتنەکەی سوچی لە سپتامبەری ٢٠١٨ بە بەرپرسی ڕەوشتی ئێستای ئیدلەب زانیوە. بە قسەی «ئیگۆر کناشینکۆف» وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ڕووسیا، دەرەنجامی تێپەڕینی ساڵێک و نیو بەسەر ڕێککەوتنەکەی سوچی لەگەڵ تورکیا بۆ چارەسەریی کێشەی ئیدلەب، تێکەڵ بوونی کەرەستەو تفاقی تیرۆریستان لە ئیدلەب لەگەڵ بازگەکانی تورکیادا بووە.

لە ئێستادا بە ڕێککەوتنی پوتین و ئەردوغان لە بارەی ئاگریڕی ئیدلەب، ئانکارا بە ئاشکراو لە کردەوەدا ناچارە لە زۆرێک لە داخوازی و بانگەشەو ھەڕەشەوگوڕەشەکانی ڕابردووی بکشێتەوە.

ئەردوغان گەلێک جار بە پڕوپاگەندەو ھەراوھوریای زۆر ھەڕەشەی ئەوەی کردووە کە گوایە ئەگەر سوپای سووریا ھەتا کۆتایی فڤریەی ٢٠٢٠ نەگەڕێتەوە بۆ بنکەکانی بەرلە دەست پێکردنی ھەڵمەتەکانی ئەم دواییەی لە ئیدلەب، ئەوا ھێرشێکی ھەمەلایەنە دژی سووریا ئەنجام دەدات، کەچی ئەم ڕێککەوتنەی ئێستا سەرکەوتن و پێشڕەوییەکانی سوپای سووریا چەسپاندو لە لایەکی دیکەوە شکست ھێنانێکی قورسی لەپاش شکستە سەربازی و مەیدانییەکانی لە ئیدلەب بۆ ئەردوغان تۆمار کرد.

ئەمەو لە لایەکی دیکەوە ئەم ڕێککەوتنە ئەوەی دەرخست کە ئەردوغان سەرباری پشتگریی سەرزارەکیی ڕۆژئاوا لە ھەنگاوەکانی، کەچی پاڵپشت و توانایی سەربازی و سیاسی و نێونەتەوەیی پێویستی بۆ دەست درێژکارییە سەربازییەکانی لە سووریا بۆ وەدی ھێنانی ئامانجەکانی پاوانخوازانەی نییە. سەرباری گوشارھێنانی دەگمەنی ئەردوغان بۆ ئەورووپا لە مەڕ کردنەوەی سنوورەکانی لە ڕووی پەناخوازان و نادرنی ھەزاران کەسی پەناخواز بۆ ئەورووپا، بۆ ناچار کردنی ئەورووپییەکان لەمەڕ پشتگری کردن لە دەستوەردانەکانی لە سووریاو ھەوڵی بەردەوامی ئەردوغان بۆ تێوەگلاندنی ناتۆو بەرپاکردنی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشت و ھەنگاوەکانی دیکەی، قەت نەیتوانیوە بچوکترین لایەنگریی کاریگەری ڕۆژئاواو نێونەتەوەیی بەدەست بێنێ و بە ناچاری ملکەچی ڕێککەوتن لەگەڵ پوتین بووە.

خاڵێکی گرینگی دیکە لەم ڕێککەوتنەدا ئەمەیە کە تاقمی تیرۆریستی تەحریرۆششام کە ھەمان بەرەی نوسرەی پێشووە لەم ئاگربڕە وەلانراوەو سوپای سووریا ھەرکاتێک کە بیھەوێ دەتوانێ پەلاماری بدات. ئەمە جیا لەوەی کە ھەشت بازگەی سوپای تورکیا لە ناوچەی ڕزگارکراو دوای ھەڵمەتەکانی ئەم دواییەش وەک خۆیان دەمێننەوە. ئەمەش بەو واتایەیە کە بنکەو لەشکریانی تورکیا لە ناخی ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی سوپای سووریادا دەبن و بە ئاشکرا وەک بارمتەیان لێ دێت.

لە بواری مەیدانیش دا ئەم ڕێککەوتنە دەستکەوتی باشی بۆ سووریاو ھاوپەیمانەکانی دەبێت کە لەو نمونە گرینگانەی، چەسپێندرانی ئازاد بوونی دوو ڕێڕەوی ستراتژیکیی «حەڵەب» بۆ «دیمەشق» و «حەڵەب» بۆ «لازقیە»یە. لە ڕاستی دا گرینگترین ئامانجی ھەڵمەتەکانی ئەم دواییەی سوپای سووریا لە ڕۆژھەڵاتی ئیدلەب و باشووری حەڵەب ئەمە بوو کە ھەردووک جوتسایدی «ئێم چوار» و «ئێم پێنج» لەژێر ڕکێفی تاقمە تیرۆریستەکان ڕزگار بکرێت.

لە ئێستادا بە گوێرەی ڕێککەوتنەکەی ئاگربڕ، گەورەڕێی حەڵەب بۆ لازقییە واتە «ئێم پێنج» لە بوونی تیرۆریستنان پاکتاو دەکرێت. ئەمە جیا لەوەی کە دابین کردنی ئاسایشتی ڕێڕەوی سەراقیب بۆ لازقییە کە لە شارگەلێکی گرینگی وەک «جسرۆششغور» تێدەپەڕێت بە واتای دروست بوونی کەلێن و بۆشایی لە قوڵایی ناوچەی ژێر دەستەڵاتی ئەو تیرۆریستانەیە کە چەند ساڵ لەمەوپێش ناوچەکەیان داگیر کردبوو.

سەرپەیڤ