May 18, 2020 07:33 Asia/Tehran
  • چاوخشانێک بەسەر روداوەکانی 72 ساڵ لە داگیرکاری و دوژمنکاری لە خاکی فەڵەستین

چاوخشانێک بەسەر روداوەکانی 72 ساڵ لە داگیرکاری و دوژمنکاری لە خاکی فەڵەستین ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست وەک خواستگەی ئایینە یەکتاپەرەستەکان و خاکی پیرۆزی فەلەستین و هەروەها بەیت المقدیس وەک قیبلەگای یەکەمی موسوڵمانان، 72 ساڵە شایەتحاڵی دوژمنکاری، داگیرکاری و ئاوارەیی گەلێک لە خاکی باوباپیرانی خۆیان و ئەڵبەت لەبەرامبەردا 72 ساڵ بەرگری و خۆڕاگری بەرامبەر داگیرکاران و قوربانی دان و لەخۆبووردەیی بۆ بەجێگەیاندنی ئامانجەکانی گەلی مەزنی فەڵەستینە.

2 ساڵ پێش ئێستا و بە پشتگیری هێزە داگیرکارەکانی جیهان، ڕژێمێکی ساختە و نایاسایی لەناو دڵی جیهانی ئیسلام دا دروست بوو. نەوەی ئەمڕۆی فەڵەستین هەڵگری هیوا و ئاواتی نەتەوەیەکە بۆ گەیشتن بە ئامانج و مافە پێشێلکراوەکانی خۆیان لە ئازادکردنی خاکی باوپاپیرانیان لە داگیرکاری، هەروەها گەشتن بە مافی حاشاهەڵنەگر و دانپیادانراوی مافی چارەی خۆنوسین و پێکهێنانی دوڵەتی سەربەخۆ و یەکپارچەی خۆی بە پایتەختی قودسی شەریفەوە.

لەم نوسینەدا، هەوڵ دەدەین وەک لێکۆڵەڕێکی سەربە لێکۆڵینەوەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و وەک چاودێرێکی بێلایەن، ڕاستیگەلێک لەسەر ئەوەی لە ماوەی ئەم 72 ساڵەدا بەسەر ناوچەکە و فەڵەستین دا تێپەڕیوە، هاوبەشی پێبکەم:

1- داگیرکاری سەرەتایی خاکی فەلەستین لە ساڵی 1948 ی زایینی، لە ڕێگەی داگیرکردنی 77% ی ئەم خاکە و ئەنجامدانی چەندین تاوانی وەک کوشتارەکانی دیریاسین، کەفەرقاسم و…هتد، ئاوارەکردنی نزیکەی 60% کۆی دانیشتوانی فەلەستین، روخاندنی ئامانجداری ماڵ و گوندەکانەوە کە ئەمڕۆکە سەلمێنەری پێشێل کردنی ڕوونی مافەکانی مرۆڤ و ڕێسا نێودەوڵەتیەکانە، ئەنجام درا.

هەموو ئەم تاوانانە سەلمێنەری تیرۆریزمێکی ڕێکخراو و دەوڵەتی بوو کە ئەمڕۆکە نە تنها لە توندییەکەی کەم نەبووەتەوە، بەڵکو بەتین تر و فراوانتریش بووە.

.2- داگیرکردنی خاکی فەڵەستین و خاکی سەرزەمینە عەرەبەکانی دیکە لە لایەن رڕژێمی زایۆنیەوە، دیاردەیەکی بەردەوام و بێ وەستان بووە.

بڕیاری دابەشکردنی 181 لە ساڵی 1947، سەرەڕای دژایەتی وڵاتە عەرەبی و ئیسلامیەکان، پەسەند کراو و 54.7 لەسەدی ڕووبەری خاکی فەڵەستین درا بە دەوڵەتی یەهودی و 44.8 لەسەدیش بە دەوڵەتی عەرەبی (فەڵەستین) درا.

بەڵام ئیسرائیل یەکسەر بە هەڵگیرسانی جەنگی 1948 و پاشان جەنگی 1967 و داگیرکردنی ناوچەگەلێکی فراوان لە کەرتی ڕۆژئاوا و کەرتی غەزە، پشکی فەڵەستینیەکانی لە خاکی خۆیان بۆ 22 لەسەد کەم کردەوە و چەند بەشێکی لەبەرچاو لەو خاکەی کە بۆ دەوڵەتی فەڵەستین دیاری کرابوو داگیرکرد و ئەم داگیرکارییە تا ئەمڕۆش هەر بەردەوامە.

3- خاکی فەڵەستین و ناوچەکە، لە ماوەی ئەم 72 ساڵەدا، ڕووبەڕووی دوو کێشەی گەورەی داگیرکاری و فراوانکردنی لەسەرخۆ و بەردەوامی ئەو داگیرکارییە و هەروەها تیرۆریزمی دامەزراوەیی و ڕێکخراو و دەوڵەتیی ڕژێمی زایۆنی لە دژی گەلی فەڵەستین و گەلانی دیکەی ناوچەکە بووەتەوە.

ڕوودانی چەندین جەنگی جیاواز لە دژی خاکی فەڵەستین و وڵاتانی عەرەبی هاوسێ لەلایەن ڕژێمی زایۆنیەوە و ئەنجامدانی تاوانگەلێکی فراوان لە فەڵەستین و لوبنان و ناوچەکانی دیکە، کارنامەیەکی ڕەشی لە پێشێل کردنی بنەما بنەڕەتیەکانی مافە نێودەوڵەتیەکان، مافەکانی مرۆڤ و مافە مرۆڤدۆستانەکان لە لایەن ڕژێمی زایۆنیەوە تۆمار کردووە.

4- ئیسرائیل بەردەوام هەوڵی داوە دیفاکتۆگەلێکی نوێ لە گۆڕەپانەکەدا بسەپێنێت. ئەم ڕژێمە لە ڕێگەی دەستبەسەراگرتنی زەوی فەڵەستینیەکان لە کەرتی ڕۆژئاوای ڕووباری ئوردون و شاری قودس و دروست کردنی شارۆچکەگەلی نوێ لە ناوچە فەڵەستینیەکان و دروست کردنی دیواری جیاکەرەوە لە کەرتی ڕۆژئاوا و… هتد. دەیەوێت دیفاکتۆگەلی نوێ بسەپێنێت.

شارۆچکە نایاساییەکان و دیوارە جیاکەرەوە دروستکراوەکان لە کەرتی ڕۆژئاوای ڕووباری ئوردون نزیکەی 40 لەسەدی ڕووبەری ئەم ناوچەیەی قوت داوە و بە جۆرێک پرژوبڵاو بوونەتەوە کە ئەگەری پێکەوە بەستنی جوگرافیایی شارەکانی فەڵەستینی بە تەواوی لەبار بردووە و ئەم شارانەی گۆڕیوە بۆ چەندین کانتۆنی لەیەک جودا.

پڕۆژەی بەناو “مامەڵەی سەدە” ش کە بەم دواییانە لە لایەن ترەمپ، سەرۆک کۆماری ئەمریکا، خرایەڕوو، شتێک نییە جگە لە جێگیرکردنی دیفاکتۆ و داگیرکارییەکانیان و بەخشینی دیاری بە ڕژێمی داگیرکار لە لایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە.

بە جێبەجێ کردنی ناوەڕۆکی مامەڵەی سەدە، پشکی فەڵەستینیەکان لە خاکی خۆیان بۆ 15 لەسەد کەم دەبێتەوە.

5- ئەزموونی نزیکەی سێ دەیە لە گفتوگۆکانی بەناو ئاشتی ئەوەی پیشان داوە کە رڕژێمی زایۆنی پابەندی تەنها یەک ڕێکەوتنی واژۆکراو لەگەڵ فەڵەستینیەکاندا نییە. رڕژێمی زایۆنی تەنانەت ئامادە نییە ڕێگە بدات لانی کەمی مافی فەڵەستینیەکان لە پێکهێنانی دەوڵەت لە سنورەکانی 1967 بێتەدی.

6- بە داخەوە ڕاستیەکی تاڵ لە میانەی ئەم گۆڕانکاریانەدا لە ماوەی زیاتر لە حەوت دەیەی ڕابردوو، بریتیە لە پشتگیری ئاشکرا و نهێنی و تاکلایەنانەی هیزە گەورەکانی جیهان و لەسەرووی هەموویانەوە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە رڕژێمی زایۆنی و بێدەنگی و بێ کرداری دەستە و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییە پەیوەندیدارەکان.

بەپێی ئەو ڕاستیانەی کە دەربارەی گۆڕەپانی فەڵەستین ئاماژەیان پێدرا، بنەما و رێکارەکان بۆ چارەسەری ڕیشەیی قەیرانی داگیرکاری فەڵەستین دەخەینەڕوو:1- تا ئەوکاتەی قەیرانی داگیرکاری فەڵەستین وەک پایەدارترین و درێژترین قەیران لە ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و گوڕەپانی نێودەوڵەتی بە شێوەی بنەڕەتی و دادپەروەرانە و لەسەر بنەمای بەجێگەیاندنی مافەکانی فەڵەستینیەکان چارەسەر نەکرێت، ناتوانین چاوەڕێی ئاشتی و سەقامگیری بەردەوام لە ناوچەکەدا بین.

پێویستە پڕۆژە پێشنیارکراوەکان بۆ ئاشتی بە شێوەی شێلگیرانە گرنگی بە کرۆکی قەیرانەکە بدات. داگیرکردنی خاکی فەڵەستین و ئاوارەبوونی ملیۆنان فەڵەستینی و بەردەوامی کردەوە توندوتیژییەکانی ڕۆژانەی رڕژێمی زایۆنی لە دژی گەلی فەڵەستین بەشێکن لە کرۆک و هۆکارەکانی بەردەوامی قەیرانی فەڵەستین.

2- کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەپاڵ گرنگیدان بە هۆکارەکانی قەیرانەکە، دەبوو بەشێوەی شێلگیرانە رێکارگەلی گونجاو بۆ ڕێگری کردن لە بەردەوامی کردەوە توندئاژۆ و تیرۆریستیە ڕێکخراو و دەوڵەتیەکانی رڕژێمی زایۆنی لەدژی فەڵەستینیەکان لەبەرچاو بگرن. تا ئەوکاتەی ئەم ڕژێمە ئەو هەستەی هەبێ کە هەرجۆرە کردەوەیەک لەدژی فەڵەستینیەکان و گەلانی ناوچەکە بێ سزا دەمێنێتەوە، هیچ گەرەنتیەک بۆ ڕاگرتنی ئەم کردەوانە بوونی نابێت.

3- بەمەبەستی گەرەنتی کردنی ڕێگەچارەیەکی دادپەروەرانە بۆ قەیرانی فەڵەستین، پێویستە ڕۆژئاوا و لەسەرووی هەموویانەوە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کۆتایی بهێنن بە پشتگیرییە تاکلایەنەکان لە ڕژێمی زایۆنی کە لە ماوەی زیاتر لە 7 دەیەیە ئەنجامی داوە.

کۆماری ئیسلامی ئێران بە درێژایی 4 دەیەی ڕابردوو، بە حوکمی ئەرکی مرۆڤدۆستی و ئیسلامی خۆی، پشتگیری کردن لە ئامانج و مافەکانی گەلی ستەملێکراوی فەڵەستین و بەرگری یاسایی ئەم گەلە لەبەرامبەر داگیرکەرانی زایۆنی کردووەتە سەردێژی سیاسەتی دەرەکی خۆی.

ڕاگەیاندنی ڕۆژی جیهانی قودس لەلایەن دامەزرێنەری کۆچکردووی کۆماری ئیسلامی، حەزرەتی ئیمام خومەینی (ڕەحمەتی خودای لەسەر بێت) بە ئامانجی ڕاکێشانی پشتگیری و پشتیوانی تەواوی موسوڵمانان و ئازادی خوازانی جیهان لە گەلی فەڵەستین ئەنجام درا. هەموو ساڵێک لە وڵاتە جیاوازەکانی جیهان بەم بۆنەیەوە مەراسیم و بەرنامەگەلێکی جیاواز ئەنجام دەدرێت.

کۆماری ئیسلامی ئێران لە چوارچێوەی چارەسەری قەیرانی داگیرکاری فەڵەستین، پڕۆژەیەکی دیموکراتی و دادپەروەرانەی بە ناوی “ئەنجامدانی گشتپرسی نیشتیمانی لە فەڵەستین” خستووەتەڕوو و لە سکرتاریەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانیش تۆمار کراوە. پڕۆژەی کۆماری ئیسلامی ئێران بەپێی بنەما دیموکراسی و مافە نێودەوڵەتیەکان کە لە لایەن تەواوی دەوڵەت و نەتەوەکانەوە پەسەند کراوە، داڕێژراوە و خراوەتەڕوو. ئەم پڕۆژەیە جێگرەوەیەکی گونجاوە بۆ پڕۆژە شکستخواردووەکانی پێشوو.

ناوەڕۆکی سەرەکی ئەم پڕۆژە چوار مادەییە بریتیە لە:1- جێبەجێ کردنی مافی گەڕانەوەی ئاوارە فەڵەستینیەکان بۆ سەرزەمینی میژوویی خۆیان.

2- ئەنجامدانی گشتپرسی نیشتیمانی لەنێوان خەڵکی ڕەسەنی فەڵەستین بە موسوڵمان، یەهودی و مەسیحیەکانەوە بەمەبەستی دیاریکردنی مافی چارەی خۆنوسین و جۆری سیستەمی سیاسی خۆیان.

3- پێکهێنانی سیستەمی سیاسی پەسەندکراو لەلایەن زۆرینەی خەڵکی فەڵەستینەوە.

4- بڕیاردان دەربارەی بارودۆخی دانیشتوانی غەیرە فەڵەستینی لەلایەن سیستەمی سیاسی هەڵبژێردراوی زۆرینەوە.بڕوام وایە گەلی فەڵەستین ئەمڕۆ لەپێش هەرکاتێکی دیکە لەماوەی 72 ساڵی ڕابردوودا پێویستیان بە یارمەتی و هاوکاری ئێمەیە و لەسەر موسوڵمانان و ئازادیخوازان فەرزە کە دەستی یارمەتی بۆ ئەم گەلە مەزڵوم و ستەملێکراوە درێژکەن.

...................

نوسینی  : مەهدی شوشتەری سەرکونسوڵی کۆماری ئیسلامی ئێران لە سلێمانی

سه رچاوه : ماڵپەڕی خەڵک