May 22, 2020 16:56 Asia/Tehran
  • وتەکانی ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی لە بارەی ڕۆژی جیھانیی قودسەوە

ئەوەی ڕاستی بێت پرسێک بە مەزنایەتی و گەورەیی پرسی فەلەستین وەھا نییە کە خیرەت و بڕوابەخۆبوون و زیرەکایەتیی ڕۆژلەدوای ڕۆژی گەلانی موسڵمان ماوەی لەبیر چوونەوەی بدات، ھەرچەند ئەمریکاو زاڵیەتی خوازانی دیکە و کارەکەرە ناوچەییەکانیان ھەموو ھەست و نەستی خۆشیانی بۆ بەکار بێنن.

بسم‌اللّه‌الرّحمن‌الرّحیم

 و الحمد للّه ربّ العالمین و صلّی اللّه علی محمّد و آله الطّاهرین و صحبه المنتجبین و من تبعهم باحسان الی یوم الدّین.

بۆ ھەموو برایان و خوشکانی موسڵمان لە سەرتاسەری جیھان سڵاو دەنێرم و لە لای خوداوەندی مەزن داوای قەبووڵ بوونی تاعەتەکانیان لە مانگی ڕەمەزانی پیرۆزدا دەکەم و ھەر لە ئێستاوە جێژنی ڕەمەزانیان لۆ پیرۆز دەکەم و سوپاسیێژی پەروەردگارم لە بەر ڕەخساندنی ھەڵی بەشدابوونم لەم میوانییە ئیلاھییەدا.

ئەمڕۆ ڕۆژی قودسە،ڕۆژێک کە بە دەستپێشخەریی زیرەکانەی ئیمام خومەینی(رە) وەک ئاڵقەیەکی پەیوەندی دەر لە ئاراستەی ھاودەنگ کردنی موسڵمانان لە بارەی قودسی پیرۆز و فەلەستینی ستەملێکراو دیاری کراو لەم چەند دەیەیە لەم بوارەدا ڕۆڵی گێڕا لەمەولاش ھەر دەیگێڕێت، ئینشائەڵڵا. نەتەوەکان پێشوازییان لە ڕۆژی قودس کرد و وەک یەکەم ھەنگاوی واجیب و پێویست، واتە بە شەکاوەیی ڕاگرتنی ئاڵای ڕزگاریی فەلەستین ڕێزیان لێ نا. سیاسەتی گشتیی ئیستیکبارو زایونیزم کاڵ کردنەوەی پرسی فەلەستین لە زەینی کۆمەڵگا موسڵمانەکان و پاڵ پێوەنانی بەرەو لەبیرچوونەوەیە. ھەر بۆیە دەستبەجێ ترین ئەرک بەرنگار بوونەوەی ئەم خیانەتەیە کە بەھۆی بەکرێگیراوانی سیاسی و ڕۆشنبیریی دوژمن لە خودی وڵاتانی ئیسلامی دا ئەنجام دەگرێت و ئەوەی ڕاستی بێت پرسێک بە مەزنایەتی و گەورەیی پرسی فەلەستین وەھا نییە کە خیرەت و بڕوابەخۆبوون و زیرەکایەتیی ڕۆژلەدوای ڕۆژی گەلانی موسڵمان ماوەی لەبیر چوونەوەی بدات، ھەرچەند ئەمریکاو زاڵیەتی خوازانی دیکە و کارەکەرە ناوچەییەکانیان ھەموو ھەست و نەستی خۆشیانی بۆ بەکار بێنن.

یەکەم وتە، وەبیرھێنانەوەی گەورەیی کارەساتی داگیرکرانی وڵاتی فەلەستین و دروست بوونی لوویەکی شێرپەنجەیی بە ناوی زایونیزمە تیای دا. لەنێو دڕندەکارییە مرۆڤییەکانی سەردەمانی نزیک لەم چاخەی خۆمان، ھیچ تاوان و دڕندەکارییەک بەم بارستاییە و لەم ئاستەدا بەو ھەموو توندوتیژییەی بەدی ناکرێت. داگیرکردنی وڵاتێک و وەدەرنانی ھەتاھەتایی خەڵکەکەی لەماڵ و حاڵ و نیشتیمانی باوباپیرانیان، ئەویش بە دڕندانەترین شێوازی کوشت و بڕ و تواندنەوەی تۆرەمە کە دیارە مانەوەی دەیان ساڵەی ئاوا سیستێمێک بەڕاستی تۆمارکردنی ژمارەیەکی پێوانەیی تازەیە لە ڕووی دڵڕەقی و ئەھریمەن شێوازیی مرۆڤەوە.

ھۆکاروتاوانباری سەرەکیی  ئەم کارەساتە، دەوڵەتەکانی ڕۆژئاواو سیاسەتە شەیتانییەکانیان بوو. ئەو ڕۆژەی کە دەوڵەتە سەرکەوتووەکانی شەڕی یەکەمی جیھانی،لە کۆنفرانسی پاریس دا ناوچەی ڕۆژئاوای ئاسیا،واتە ھەرێمی ئاسیایی حکومەتی عوسمانییان وەک گرینگترین دەستکەوتی شەڕ لە نێوان خۆیاندا دابەش دەکرد، پێویستیی دامەزراندنی بنکەیەکی ھێمن لە ناخی ناوچەکەیان بۆ دەستەبەرکردنی زاڵیەتیی ھەمیشەیی خۆیان زیاتر لە ھەرکاتێکی دیکە ھەست پێ کرد. بریتانیاش ساڵانێک بەرلەوە بە گەڵاڵەی«باڵفۆڕ» بەستێنی بۆ خۆش کردبوو و بە ھاوبیریی خاوەن دراڤە جووەکان، ساختەکارییەکیان بە ناوی زایونیزم بۆ ڕۆڵگێڕان ئامادە کردبوو و ئێستا ئیدی خەریک بوو بواری کرداری و پراکتیکیی بۆ دەڕەخسا. ھەر لەو ساڵانەدا بەرەبەرە پێشەکییان بۆ ئامادە کرد و سەرەنجام دوای دووھەمین شەڕی جیھانی بە قۆستنەوەی خافڵان و لەسەرھەست نەبوون و تەنگژەکانی دەوڵەتەکانی ناوچەکە، گورزی خۆیانیان وەشاندو ڕژێمی ساختەو دەوڵەتی بێ نەتەوەی زایونیزمیان ڕاگەیاند. ئامانجی ئەم گورزەش لە پلەی یەکەم دا گەلی فەلەستین و لە پلەی دواتردا تەواوی گەلانی ئەم ناوچەیە بوو.

ئاوڕدانەوەیەک لە ڕووداوەکانی دواتری ناوچەکە وادەردەخات کە ئامانجی سەرەکی و نزیکی ڕۆژئاواییەکان و خاوەن کۆمپانیا جووەکان لە دامەزراندنی دەوڵەتی زایونیزم، پێکھێنانی بنکەیەک بۆ ئامادە بوون و کنەی ھەمیشەیی خۆیان لە ڕۆژئاوای ئاسیاو ڕەخسانی ھەلی دەست ڕاگەییشتنی نزیکتر بۆ خۆتێ ھەڵقورتاندن و داسەپاندنی زاڵیەتییان بەسەر وڵاتان و دەوڵەتەکانی ئەم ناوچەیە بوو. لەم ڕووەوە ڕژێمی ساختەو داگیرکەریان بە ھەموو چەشنە مسۆگەراتێکی دەستەڵات ھێن ، چ سەربازی و چ ناسەربازی_ تەنانەت چەک و چۆڵی ناڤۆکیش تەیاریان کردو پەرە پێ دانی ئەم لووە شێرپەنجەییەیان لە پانتایی نسلەوە ھەتا فۆرات خستە نێو بەرنامەی خۆیانەوە.

بەداخەوە زۆربەی دەوڵەتە عەرەبییەکان دوای ئەو خۆڕاگرییانەی یەکەم کە ھێندێکیان بەڕاستی جێگای شانازی بوون، ھێدی ھێدی  بە چۆک دا ھاتن و بە تایبەت دوای خۆتێگەیاندنی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا وەک سەرپەرشتی کێشەکە، ھەم ئەرکی مرۆڤانەو ئیسلامی و سیاسی و ھەم خیرەت و شکۆی عەرەبیی خۆیانیان لەبیر بردەوەو بەھێندێک ھیوای پوچەڵ یارمەتیی ئامانجەکانی دوژمنیان دا کە «کەمپ دەیڤید» نمونەیەکی زەق و ڕاستییەکی ھەرەتاڵیەتی.

تاقمە خەباتکارەکانیش دوای کۆڵێک خەباتی لەخۆبردووانە لە ماوەی ساڵانی سەرەتادا، بەرەبەرە بەرەو ڕێگای بێ ئەنجامی دانوستان لەگەڵ داگیرکەرو داکۆکیکارانی ڕاکێشران و وازیان لەو ڕێبازە ھێنا کە دەیتوانی وەدی ھاتنی ئارمانجەکانی فەلەستینی لێ بکەوێتەوە. دانوستان لەگەڵ ئەمریکاو دەوڵەتە ڕۆژئاواییەکانی دیکەو ھەروەھا لەگەڵ کۆڕوکۆمەڵە بێ ناوەڕۆکە نێونەتەوەییەکان،ئەزمونی تاڵ و سەرنەکەوتووی فەلەستینە. پیشاندانی لقی زەیتوان لە کۆگەی گشتیی ڕێکخراوەی نەتەوەکان، ھیچ ئەنجامێکی بێجگە لە پەیمانی زیانباری ئۆسلۆ لێ نەکەوتەوەو سەرەنجام بە ھەمان دەردی جێگای پەندی یاسرعەرەفات ڕۆیی.

بەھەڵھاتنی ھەتاوی شۆڕشی ئیسلامی، وەرزێکی تازە لە خەبات لە پێناوی فەلەستین ھاتە ئاراوە. لە یەکەم ھەنگاوەکان واتە دەرپەڕاندنی دەست و پێوەندەکانی زایونیزم کە ئێرانی سەردەمی تاغوتیان بە بنکەیەکی ھێمن بۆخۆیان دەزانی و سپاردنی جێگای باڵوێزخانەی نافەرمی بە ڕژێمی زایونی بە نوێنەرایەتی لە لایەن فەلەستینەوە بگرە ھەتا بڕینی نەوت و کاری گەورەو چالاکیی بەربڵاوی سیاسی، ھەر ھەموو بوونە ھۆی بەدی ھاتنی «بەرەی خۆڕاگری» لە تێکڕای ناوچەکەو ھیوای چارەسەر بوونی کێشەکە لە دڵی ھەموواندا چەکەرەی دا. بە ھاتنەمەیدانی بەرەی خۆڕاگری کاری ڕژێمی زایونی دژوارتر بوو، ھەڵبەت دیارە لە داھاتوودا دژوارتریش دەبێت،ئینشائەڵڵا. بەڵام ھەوڵی لایەنگرانی ئەو ڕژێمە لە سەرەوەی ھەموویانەوە ئەمریکاش بۆ بەرەڤانی کردن لەم ڕژێمە پەرەی سەند. دەرکەوتنی ھێزی بڕوادارو لاوو لەخۆبردووی حیزبوڵڵا لە لوبنان و پێکھاتنی تاقمگەلی لەسەرھەست و بەتینی حەماس و جیھادی ئیسلامی لەنێو سنوورەکانی فەلەستین نەک ھەر کاربەدەستانی زایونی بەڵکو ئەمریکاو شەڕخوازانی دیکەی ڕۆژئاواشی پەشۆکاندو ئەوسا کۆکردنەوەی ھێز لەناوچەکەو لە نێو کۆمەڵگای عەرەبیان کرد بە پێشینەی بەرنامەکانی خۆیان لەپاش بارەبووی سەخت ئامێرو نەرم ئامێریان بۆ ڕژێمی داگیرکەری زایونی. دەرەنجامی ئەو کارە تێروتەسەلەشیان ئەمڕۆکە لە وتەوکردەی بڕێک لە کاربەدەستانی دەوڵەتە عەرەبییەکان و ھێندێک لە ھەڵسوڕاوانی خائینی سیاسی و ڕۆشنبیریی عەرەب دەردەکەوێت و بەبەرچاوی ھەمووانەوەیە.

ئەمڕۆکە لە ھەردووک لاوە چالاکیی ھەمەڕەنگ لە گۆڕەپانی خەبات و ململانێ دا دەرکەوتووە، بەو جیاوازییەی کە بەرەی خۆڕاگری بەرەو دەستەڵات و ھیوای ڕوولەپەرەو دەستخستنی ڕۆژلەدوای ڕۆژی فەکتەرەکانی ھێزمەندی ھەنگاو ھەڵدەگرێت و کەچی بە پێچەوانەوە بەرەی ستەم و کوفرو ئیستیکبار ڕۆژلەدوای ڕۆژ پوچەڵ ترو ھیوابڕاوترو کەم ھاز تر دەبێت، بەڵگەی ڕوونیشمان بۆ ئەم بابەتە ئەوەیە کە سوپای زایونی کە ڕۆژێک لە ڕۆژان سوپایەکی لەشکان نەھاتووی بروسکەئاسا دەھاتە ئەژمار، ئەمڕۆ لە بەرامبەر ھێزە خەباتکارەجەماوەرییەکانی لوبنان و غەززە پێملی کشانەوەو دان نان بە شکست ھێناندا بووە. سەرباری ئەمەش گۆڕەپانی خەبات بە تەواوی ھەستیارو گۆڕان ھەڵگرەو پێویستی بە چاودێری و وریایی ھەمیشەییەو ھەوێنی ئەم خەباتەش گەلێک گرینگ و چارەنوس سازە. دیارە ھەرچەشنە خافڵان و کەمتەرخەمی و ھەڵەکردن لە ھەڵسەنگاندنی بنەمایی زیانی قورسی لێ دەکەوێتەوە.

بەم پێیە چەند ڕاسپاردەیەکەم بۆ تەواوی ئەوانە ھەیە کە بە تەنگی کێشەی فەلەستینەوەن.

١_ خەبات لە پێناوی ڕزگاریی فەلەستین، جیھادلە      پێناوی خوداو ئەرک و فەرزێکی ئیسلامییە. سەرکەوتن لە وەھا خەباتێکدا دەستەبەرە، چونکو کەسی خەباتکار ئەگەر بشکوژرێت دەستی بە  (اِحدی الحُسنیین _ یەکێک لەدوو چاکە) گەییشتووە. جیا لەمە کێشەی فەلەستین کێشەیەکی مرۆڤایەتییە،دەرپەڕاندنی ملوێنان مرۆڤ لە ماڵ و مەزرای و شوێنی ژیان و ئیش و کاریان، ئەویش بە کوشت و بڕو دڕندەکاری، ویژدانی ھەر مرۆڤێک ئازار دەدات و شوێنی لە سەر دەدەنێت و ئەگەر ھیممەت و بوێریشی ھەبێت بۆ ڕابوون و بەرنگاری ھانی دەدات. کەوا بوو بەرتەسک کردنەوەی پرسی فەلەستین بە پرسێکی بەس فەلەستینی و یان ئەوپەڕی عەرەبی ھەڵەیەکی ئاشکرایە. ئەوانەی وا سازانی چەند کەسی فەلەستینی و یان دەستەڵاتدارانی چەند وڵاتی عەرەبی بە پاساپۆرتی بازدان بەسەر ئەم پڕسە ئیسلامی و ئینسانییە دەزانن، بە توندی لە تێگەییشتنی دا تووشی ھەڵە ھاتوون و یان لەوانەشە توشی خیانەت لە چەواشەکاری دا ھاتبن.

٢_ ئامانجی ئەم خەباتە ڕزگارکرانی تۆکمەو تەواوی سەرزەوینی فەلەستین لە (بەحرەوە ھەتا نەھر) و گەڕانەوەی تەواوی فەلەستینییەکان بۆ نیشتیمانی خۆیانە. دامرکاندنەوەی ئەم پرسە بە پێکھێنانی دەوڵەتێک لە سوچێکی ئەم سەرزەوینە، ئەویش بە شێوەیەکی پڕ لە سوکایەتی کە لە ئەدەبیاتی زایونییە بێ ئەدەبەکاندا باسی دەکرێت، نەنیشانەی دڵدانەوەیەو نە نیشانەی بینینی ڕاستییەکان. ڕاستییەکەی ئەوەیە کە ئەمڕۆکە ملوێنان فەلەستینی بە ئاستێک لە ھزرو ئەزمون و بڕوابەخۆبوون گەییشتوون کە بتوانن ئەم جیھادە مەزنە بکەن بە ھەوێنی ھیممەت و ھەڵبەت لە نوسرەتی ئیلاھی و سەرکەوتنی یەکجاریش دڵنیا بن کە فەرمووی:(وَ لَیَنصُرَنَّ‌ اللهُ مَن یَن‍ـصُرُه، اِنَّ اللهَ لَقَوِیٌّ عَزیزٌ؛) بێ گومان زۆرێک لە موسڵمانان لە سەرتاسەری جیھان یارمەتییان دەدەن و لەگەڵیاندا ھاودەردی دەردەبڕن، ئینشائەڵڵا....

٣_ھەرچەند بەھرەوەرگرتن لە ھەرمسۆگەراتێکی حەڵاڵ و ڕەوا و شەرعی لەم خەباتەدا ڕێگەپێدراوە،لەوانەپشتگرییە جیھانییەکان، بەڵام بە دڵنیاییەوە دەبێ لە متامەنەکردن بە دەوڵەتە ڕۆژئاواییەکان و ھەروەھا کۆڕوکۆمەڵە جیھانییەکان کە بەڕواڵەت و یان لە ناخەوە پێیانەوە بەستراون دوورەپەرێزی بکرێت. ئەوانە لەگەڵ ھەر ھەبوونایەتییەکی کاریگەری ئیسلامی دا دوژمنن، ئەوانە لە ھەمبەر مافی مرۆڤ و نەتەوەکاندا کەمتەرخەمن، ئەوانە بۆخۆیان ھۆکاری زیاترین زیان و تاوانکاریی دژی ئوممەتی ئیسلامین، لە ئێستادا کامە دامەزراوەی جیھانی یان کامە دەستەڵاتی تاوانکار وەڵامدەرەوەی تیرۆر، قەڵاچۆ، شەڕھەڵایساندن، بوردومان و قات و قڕیی دەستکردە لە چەندین وڵاتی ئیسلامی و عەرەبی دا؟

ئەمڕۆکە جیھان یەک بەیەک ژمارەی قوربانیانی کۆرۆنا لە سەرتاسەری دنیا دەژمێرێت، بەڵام کەس نەیپرسیوەو ناشپرسێت کە بکوژو بەرپرسی سەدان ھەزار شەھید و دیل و بێ سەروشوێن کراو لەو وڵلاتانەی کە ئەمریکاو ئەورووپا ئاگری شەڕیان تیادا ھەڵگیرساندوون کێیە، بەرپرسی ئەم ھەموو خوێنەی کە ڕژاوە لە ئەفغانستان ، یەمەن، لیبی، عێراق، سووریە و وڵاتانی دیکە کێیە. بەرپرسی ئەم ھەموو تاوانکاریە و داگیرکردن و تێکدان و کاول کردن و چەوساندنەوەیە لە فەلەستین دا کێیە؟ بۆ کەس ئەو ملوێنان منداڵ و ژن و پیاوە ستەملێکراوەی جیھانی ئیسلمی نەژمارد؟ بۆ کەس لەبەر قەڵاچۆی موسڵمانان سەرەۆشی ناکات؟  بۆ ملوێنان فەلەستینی دەبێ حەفتا ساڵ لەماڵ و حاڵی خۆیان دووربن و لە ھەندەراندا بەسەر بەرن؟ یان بۆ قودسی پیروز ڕووگەی یەکەمی موسڵمانان دەبێ سوکایەتیی پێ بکرێت. ڕێکخراوەی بەناو نەتەوەکان ئەرکی خۆی بەجێ ناھێنێ و دامەزراوە بەناو مافی مرۆڤییەکان مردوون. دروشمی بەرەڤانی کردتن لە مافی منداڵ و ئافرەت منداڵان و ئافرەتانی ستەملێکراوی یەمەن و فەلەستین ناگرێتەوە. ئاوایە ڕەوشتی دەستەڵاتە ملھوڕە ڕۆژئاواییەکان و کۆڕوکۆمەڵە پێوەبەستراوەکانی جیھانیان، ئینجا ڕەوشتی بڕێک لە دەوڵەتە شوێنکەوتووەکانیان لە ناوچەکەش دا لە ڕووی ڕیسوایی و بێ ئابڕووییەوە لەوە خراپترە کە بشێ باسی بکرێت. جا کەوابوو کۆمەڵگای موسڵمانی ئازاودیندار دەبێ پشت بە خۆی و ھێزە نێوخۆییەکەی ببەستێت و قۆڵی ئازایەتیی لێ ھەڵماڵێ و بەپشت بەستن و متمانەکردن بە خوداوەند لەمپەرەکان تێ پەڕێنێ.

٤_ ئەو خاڵەگرینگەی کە نابێ لای بلیمەتانی سیاسی و لەشکریی جیھانی ئیسلام شاراوە بێ و سەرنجی نەدرێتێ، سیاسەتی ئەمریکا و زایونیزمەکان لەمەڕ گواستنەوەی تێکھەڵچوونەکان بۆ پشتی بەرەی خۆڕاگرییە.

ھەڵایساندنی شەڕی نێوخۆیی لە سووریاو ھەڵسەنگاندنی سەربازی و قەڵاچۆی بەردەوام و شەووڕۆژ لە یەمەن و تیرۆروتێکدان و بەرھەمھێنانی داعش لە عێراق و ڕووداوگەلی ھاوبەش لە ھێندێک لە وڵاتانی دیکەی ناوچەکە ھەرھەموو تەڵەکەگەلێکن بۆ سەرقاڵ کردنی بەرەی خۆڕاگری و دەرفەت دان بە ڕژێمی زایونییە. بڕێک لە سیاسەتڤاتنانی وڵاتانی موسڵمان بە نەزانی و ھێندێکیش بە ئەنقەست لە خزمەتی ئەم فێڵ و تەڵەکانەی دوژمن دان. ڕێگای پێشگرتن بە ڕاپەڕێندرانی ئەم سیاسەتە چەپەڵە خواستی زۆرینەی لاوانی بەخیرەتە لە سەرتاسەری جیھانی ئیسلام دا. لاوان لە ھەموو وڵاتانی ئیسلامی بەتایبەت وڵاتانی عەرەبی نابێ ڕاسپاردەی ئیمام خومەینیی کەزنیان لەبیر بچێتەوە کە فەرمووی: ھەرچی ھاوارتان پێیە بەسەر ئەمریکاو ھەڵبەت دوژمنی زایونیش دا بیکەن.

٥_ سیاسەتی ئاسایی کردنەوەی بوونی ڕژێمی زایونی لە ناوچەکەدا لەو سیاسەتە گشتیانەی ئەمریکایە. بڕێک لە دەوڵەتە عەرەبییەکانی ناوچەکە کە ڕۆڵی کارەکەری ئەمریکا دەگێڕن لەم بارەیەوە خۆیانیان بە ئامادە کردنی بەستێنی پێویست لەوانە دامەزراندنی پەیوەندیی ئابووری و کاری لەم چەشنە خەریک کرد، کە لەوانە دەشێ ئاماژە بۆ پەیوەندییە ئابوورییەکان بکەین، کە ھەڵبە تەواوی ئەو ھەوڵانەیان ھیچی لێ نەوەشایەوە.

ڕژێمی زایونی لوویەکی کوشندەو زیانبەخشە بۆ ئەم ناوچەیەو بە دڵنیاییەوە خاشەبڕ دەکرێت و ئەوسا ئەوانەی کە مسۆگەراتی خۆیانیان خستووتەبەردەستی ئەم سیاسەتە ئیستیکبارییە توشی ڕووڕەشی و بێ ئابڕووی دەبن. ھێندێک بۆ پاساوی ئەم ھەڵس و کەوتە دزێوەیان باسی ئەوە دەکەن کە ڕژێمی زایونی ڕاستییەکە لە ناوچەکەدا، بەبێ ئەوەی بیرلەوە بکەنەوە کە دەبێ دژی  ڕاستییە کوشندەو زیانبەخشەکان، بوەستن و لەنێوی بەرن. ئەمڕۆ کۆرۆنا ڕاستییەکەو تەواوی مرۆڤە خاوەن ئاوەزەکان بەرنگار بوونەوەی بە پێویست دەزانن، ڤایرۆسی درێژخایەنی زایونزیم بێ گومان لەمەولا ھێندە ناخایەنێت و لەسای ھیممەت و باوەڕمەندی و خیرەتی لاوان لەم ناوچەیە بنەبڕ دەکرێت.

٦_ سەرەکی ترین ڕاسپاردەم، ڕاسپێری کردنە بۆ بەردەوام کردنی خەبات و ڕێک و پێک کردنی ڕێکخراوە جیھادییەکان و ھاوکاری کردنیان لەگەڵ یەکترو پەرەپێ دانی گۆڕەپانی جیھاد لە تەواوی سەرەزوینەکانی فەلەستینە. ھەمووان دەبێ گەلی فەلەستین لەم جیھادە پیرۆزەدا یارمەتی بدەن. ھەمووان دەبۆ دەستی خەباتکاری فەلەستینی پڕکەن و پشتگری لێ بکەن، ئێمە بەوپەڕی شانازییەوە ھەرچییەکمان پێ بکرێت لەم ئاراستەیەدا دەیکەین. ڕۆژێکیان وای بۆ چووین کە خەباتکاری فەلەستینی دین و خیرەت و بوێریی ھەیەو تەنیا گرفتی دەستی بێ چەک و  بەتاڵیەتی، بە ویستی و لەپشتی خودا بەرنامەمان داڕشت و دەرەنجامەکەشی ئەوەیە کە ھاوسەنگیی دەستەڵات لە فەلەستین دا گۆڕدراو ئەمڕۆکە غەززە دەتوانێ لە بەرامبەر ھێرشی سەربازیی دوژمنی زایونی بوەستێت و بەسەری دا سەرکەوێت . ئەم ئاڵوگۆڕی ھاوسەنگییە لە بەشی ناسراو بە سەرزەوییە داگیرکراوەکان دەتوانێ کێشەی فەلەستین لە دواھەنگاو نزیک کاتەوە. پێکھاتەی خۆبەڕێوەبەر لەم بوارەدا ئەرکێکی گەورەی لە سەر شانە، لەگەڵ دوژمنی دڕندەدا بە دەستەڵات و ھێزمەندییەوە نەبێ قسە ناکرێت و بەستێنی ئەم ھێزودەستەڵاتەش سوپاس بۆ خودا لە گەلی بوێروخۆڕاگری فەلەستین دا خۆش کراوە. لاوانی فەلەستین ئەمڕۆکە تاسەمەندی بەرەڤانی کردن لە کەرامەتی خۆیانن، حەماس و جیھادی ئیسلامی لە فەلەستین دا، حیزبوڵڵا لە لوبنان ھەموو شتێکیان بۆ ھەمووان یەک لا کردووەتەوە. دنیا ئەوەی لەبیر نەچووتەوەو لەبیریشی ناچێتەوە ئەو ڕۆژەی کە سوپای زایونی سنوورەکانی لوبنانی بەزاندو ھەتا بەیرووت چووە پێشەوە، ھەروەھا ئەو ڕۆژەش کە مرۆڤکوژێکی دڕندە بە ناوی «ئارییەل شارۆن» لە سەبراوشەتیلا گۆماوی خوێنی دروست کرد، ھەروەھا لەبیر نەچووتەوەو لەبیریشی ناچێتەوە کە ھەر ئەم سوپایە لەژێر گورزە کاریگەرەکانی حیزبوڵڵا ھیچ ڕێگاچارەیەکی بێجگە لەوە پێ نەما کە بە زیانێکی قورس و وێڕای دان پیادانان بە شکست ھێنانەکەی لە سنوورەکانی لوبنان بکشێتەوە و بۆ دامەزراندنی ئاگربڕ بکەوێتە تکاوپاڕانەوە، دەستی پڕو ھەڵوێستی ھێزمەندانە بەم وتایەیە.جا با فڵان دەوڵەتی ئەورووپی کە دەبێ لەبەر فرۆشتنی کەرەستەی کیمیایی بە ڕژێمی سەددام ھەتاماوە شەرمەزاربێت، حیزبوڵڵای خەباتکارو سەربەرز بە نایاسایی بزانێت. نایاسایی ڕژێمێکی وەک ئەمریکایە کە داعش بەرھەم دێنێ و ڕژێمێکی وەک ئەو دەوڵەتەی ئەورووپاشە کە ھەزاران کەس لە سەردەشتی ئێران و ھەڵەبجەی عێراق لە بەر کەرەستە کیمیاییەکانی بە قووتی مەرگ دا دەچنەوە.

٧_ ئینجا بۆ دوایین قسە، فەلەستین ھی فەلەستینییەکانەو دەبێ بە خواستی ئەوان بەڕێوە ببردرێت. گەڵاڵەی گشتپرسی لە ھەموو ئایین و ھۆزە فەلەستینییەکان، کە نزیکەی دوو دەیە لەمەپێش ھێنامانە ئاراوە تاکە دەرەنجامێکە کە دەبێ گرفتەکانی ئەمڕۆو سبەینێی فەلەستینی پێ چارەسەر بکرێت. ئەم گەڵاڵەیە وادەردەخات کە بانگەشەی دژەجوولەکە بوون کە ڕۆژئاواییەکان بە  کەڕڕەناکانیانەوە دووپاتی دەکەنەوە بەتەواوی بێ ناوەڕۆکە. لەم گەڵاڵەیەدا فەلەستینییە جوولەکە و فەلەو موسڵمان  پێکەوە بەشداریی گشتپرسییەک دەکەن و میکانیزمی سیاسیی وڵاتی فەلەستین ھەڵدەبژێرن. ئەوەی بە دڵنیاییەوە دەبێ بڕوات نیزامی زایونیستییەو زایونیزم بۆخۆی بیدعەتێکە لە ئایینی جولەکەکانداو بەتەواوی لەگەڵی دا نامۆیە.

لە کۆتایی دا یادی شەھیدانی قودس، ھەر لە شێخ ئەحمەد یاسین و فەتحی شەقاقی و سەیید عەبباس موسەوییەوە بگرە ھەتا سەرداری گەورەی ئیسلام و سیمای ھەرگیزلەبیر نەکراوی خۆڕاگری، شەھید قاسم سولەیمانی و خەباتکاری مەزنی عێراقی شەھید ئەبومەھدی موھەندیس و شەھیدانی دیکەی قودس ڕێز لێ دەگرین و سڵاو بۆ ڕۆحی ئیمامی مەزنمان دەنێرین کە دەرکەی سەربەرزی و جیھادی بۆ کردینەوەو ھەروەھا بۆ برای خەباتکار، خوالێخۆشبوو «حسەین شێخولئیسلام» کە ساڵانێکی دوورودرێژ لەم پێناوەدا خەباتی کرد، داوای ڕەحمەتی ئیلاھی دەکەین.

                                                     والسّلام علیکم و رحمةاللّه