کانونی یه‌که‌م 01, 2020 20:29 Asia/Tehran
  • تێپەڕێندرانی گەڵاڵەی «ھەنگاوی ستراتژی بۆ ھەڵوەشاندنەوەی بایکۆتەکان» لە مەجلیسی ئێران دا

نوێنەرانی مەجلیسی شورای ئیسلامیی ئێران، بەگشتی و بەوردی گەڵاڵەی «ھەنگاوی ستراتژی بۆ ھەڵوەشاندنەوەی بایکۆتەکان و پاسەوانی کردن لە مافی گەلی ئێران»یان تێپەڕاند.

بە گوێرە ی ماددەی «١»ی گەڵاڵەی «ھەنگاوی ستراتژی بۆ ھەڵوەشاندنەوەی بایکۆتەکان و پاسەوانی کردن لە مافی گەلی ئێران» کە نوێنەرانی مەجلیسی شورای ئیسلامیی ئێران لە کۆبوونەوەی ئاشکرای ڕۆژی سێ شەممە ڕەزامەندییان لە سەر دەربڕی، ڕێکخراوەی وزەی ناڤۆکیی ئێران لە سەریەتی، دەستبەجێ دوای تێپەڕێندرانی ئەم یاسایە، لە ئاراستەی ئامانجی ئاشتیانە ھەستێت بە بەرھەمھێنانی یۆرانیۆم لە سەدا ٢٠ پیتێندراوو لە ساڵێکدا لانیکەم ١٢٠ کیلوگرامی لەنێوخۆی وڵات دا پاشەکەوت بکاات.

بە پێی ماددەی «٢»ی ئەم گەڵاڵەیەش ڕێکخراوەی وزەی ناڤۆکیی ئێران لە سەریەتی دەستبەجێ دوای پەسەند کرانی ئەم یاسایە، بارستایی پیتاندن و بەرھەمھێنانی یۆرانیۆمی پیتێندراو ھاوتەریب لەگەڵ ھەر چەشنە بەکارھێنانێکی ئاشتیانە لەنێوخۆی وڵات دا، بە ڕادەی لە مانگێک دا بەلای کەمیەوە ٥٠٠ کیلوگرام پەرە پێ بدات و ھەستێت بە ڕاگرتن و ھەمارکردنی کەرەستە پیتێندراوەکان لە وڵات دا.

ھەروەھا ڕێکخراوەی وزەی ناڤۆکیی ئێران ئەرکمەندە بەوەی کە بە گوێرەی ماددەی «٣»ی  گەڵاڵەی «ھەنگاوی ستراتژی بۆ ھەڵوەشاندنەوەی بایکۆتەکان و پاسەوانی کردن لە مافی گەلی ئێران» ئەوپەڕی لە ماوەی سێ مانگ دوای پەسەند کرانی ئەم یاسایە، ھەڵمەتی دابەستن، فیشقاندنی گاز، پیتاندن و پاشەکەوت کردنی کەرەستەکان ھەتا ئاستی پیتێندراوی پێویست، بە لانیکەم ھەزار دەزگا مەکینەی بەرە ی دووھەمی پێشکەوتەی « IR-2m »   دەست پێ بکات و ھەروەھا ھەر لەم ماوەیەدا، ھەڵمەتی پیتاندن و توێژینەوەو گەشە پێدان بە ھۆی مەکینەکانی بەرەی شەشەم « IR-6 » بە لانیکەم ١٦٤ مەکینەی لەم چەشنە دەست پێ بکات و لە ماوەی ساڵێک دوای تێپەڕینی یاساکە بۆ ھەزار مەکینە پەرەی پێ بدات.

نوێنەرانی مەجلیسی شورای ئیسلامیی ئێران بە پەسەند کردنی ماددەی «٤»ی گەڵاڵەکە، ڕێکخراوەی وزەی ناڤۆکیی ئێرانیان ئەرکمەند کردووە کە ھەوڵی بەھرەوەرگرتن لە کارگەی بەرھەمھێنانی یۆرانیۆمی کانزایی لە ئەسفەھان بدات لە ماوەی پێنج مانگ دوای پەسەند کرانی ئەم یاسایە.

بە پەسەند کرانی ماددەی «٥»یش ڕێکخراوەی وزەی ناڤۆکیی ئێران ئەرکمەند کرا بەوەی کە ھاوکات لەگەڵ ھەڵمەتی نۆژەن کردن و وەڕێ خستنی «ھۆکاری کاردانەوەی ڕێئاکتۆری ٤٠ مێگاواتیی ئاوی قورسی ئەراک، ھەستێت بە دیزاین کردنی ھۆکارێکی کاردانەوەی خێرای ڕێئاکتۆری ئاوی قورسی ٤٠ مۆگاواتیی تازە بە مەبەستی بەرھەمھێنانی ھێندێک ھاوتەریبی پاوەجێی «ڕادیۆ ئیزۆتۆپ»ی نەخۆشخانەیی بە خشتەیەکی کاتبەندی کراوەوەو لە بارەی خشتەی کاتبەندییەکەش لە ماوەی مانگێک دوای پەسەند کرانی ئەم یاسایە مەجلیسی شورای ئیسلامی ئاگادار کاتەوە.

ھەروەھا دەوڵەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە گوێرەی ماددەی «٦»ی ئەم گەڵاڵەیە لە سەریەتی ئەگەر بێتو بەڵێنمەندیی وڵاتانی ھەنوکە ئەندامی ڕێککەوتنی ناڤۆکی لەگەڵ ئێران جێبەجێ نەکرێت و پەیوەندییە بانکییەکان بە تەواوی ئاسایی نەبێتەوەو لەمپەری بەردەم ناردن و فرۆشتنی نەوت و بەرھەمە نەوتییەکانی ئێران بە تەواوی ھەڵنەگیرێن و داھاتی فرۆشتنەکەش خێراو بە تۆکمەوتەواوی نەگەڕێتەوە، ئەوسا دوای مانگێک لە پەسەند کرانی ئەم یاسایە، ڕاپەڕاندنی خۆبەخشانەی بەڵگەنامەی پرۆتۆکۆلی پاشکۆ ڕابگرێت.

بە پێی ماددەی «٧»ی گەڵاڵەی «ھەنگاوی ستراتژی بۆ ھەڵوەشاندنەوەی بایکۆتەکان و پاسەوانی کردن لە مافی گەلی ئێران»یش ئەگەر بێتو وڵاتانی بەڵێنمەندی چوار کۆ یەک واتە« فەرەنساو ڕووسیاو چین و بریتانیاو ئاڵمانیا» ھەڵنەستن بە ڕاپەڕاندنی بەڵێنەکانیان بە تایبەت ھەڵگرتنی یەکجاریی بایکۆتەکان و بە پێچەوانەوە لە ڕووی ناڤۆکی، سەربازی، مافی مرۆڤ و ھتد...دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران بجوڵێنەوە، ئەوسا دەوڵەتیش لە سەری دەبێت ڕاپۆرتی وردو ڕێکمەندی ھەنگاوەکانی بۆ مەجلیسی شورای ئیسلامی ڕوون کاتەوە.

بە پێی ماددەکانی «٨»و«٩»ش بەرپرسی ڕاپەڕاندنی تۆکمەوتەواوی ئەم یاسایە سەرۆک کۆمارو کاربەدەستان و کارگێڕانی بەرپرس و دام دەزگاکانی جێبەجێکاری ھاوپەیوەندن کە دیارە ئەگەر پێشێلکاری و لادانیان لێ بەدی بکرێت ، ئەوکات لەگەڵ پێشێلکەراندا ھەڵس و کەوتی یاسایی دەکرێت.

ڕاپەڕاندنی گەڵاڵەی «ھەنگاوی ستراتژی بۆ ھەڵوەشاندنەوەی بایکۆتەکان و پاسەوانی کردن لە مافی گەلی ئێران» مەرجدارە بە پەسەند کرانی لە لایەن شورای نیگەھبانی یاسای بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە.

سەرپەیڤ