کانونی یه‌که‌م 18, 2020 17:29 Asia/Tehran
  • سەردانەکەی کازمی بۆ تورکیا، ھەنگاوێک لە ئاراستەی کەم کردنەوەی ئاڵۆزییەکان

«مستەفا کازمی» سەرۆک وەزیرانی عێراق دئێنێ ١٧ی دیسامبەر بە سەرۆکایەتیی شاندێک سەردانی تورکیای کردو لە لایەن «ڕەجەب تەیب ئەردوغان»ی سەرۆک کۆماری تورکیا پێشوازیی لێ کرا.

 «ڕەجەب تەیب ئەردوغان»ی سەرۆک کۆماری تورکیا ١٤ی ئۆکتۆبەر لە نامەیەک دا کە بە ھۆی «فاتح یێڵیدز» باڵوێزی تورکیا لە عێراق ڕادەستی «کازمی»کرا، بۆ سەردانی ئانکارا بانگێشتنی لێ کرد بوو.

عێراق و تورکیا دوو وڵاتی دراوسێن کە ٣٧٠ کیلومەتر سنووری ھاوبەشیان پێکەوە ھەیە، کەچی ناکۆکیی زۆریشیان پێکەوە ھەیە.

لە گەشتەکەی «کازمی» بۆ تورکیا دۆسیەی ناکۆکییەکانی نێوان دوو وڵات تاوتوێ کرا کە بە قسەی «جەمال کۆچەر» ئەندامی پەرلەمانی عێراق داگری شەش دۆسیەی گرینگی نەوت، ئاسایشتی سنوورەکان، کێشەی ئاو، بوونی پارتی کرێکارانی کوردستان لە ھەرێمی کوردستان ، سەرمایەنانەوەو بازرگانی و دۆسیەی پارە بلۆک کراوەکانی دەرەوەی وڵاتە.

لە بارەی نەتەوە گرینگترین بابەت لە نێوان عێراق و تورکیا ئەوەیە کە ئانکارا واز لە ھاوردەکردنی نایاسایی نەوتی ھەرێمی کوردستان لە ڕێگای ھێڵی بۆریی «جەیحان»ەوە بھێنێ. بابەتی دووھەم ئاسایشتی سنوورەکان و پێدزەی تیرۆریستان لە سنوورەکان و ھێرشە سەربازییەکانی ھاوپەیوەند بەم تاقمانەیە کە خۆی لە خۆی دا بەشێک لە نیگەرانییەکانی بەغدا پێک دێنێ.

لەم بارەیەوە «مستەفا کازمی» لە پرێس کۆنفرانسە ھاوبەشەکەی لە گەڵ «ئەردوغان» جەختی کرد بوو: وڵاتەکەی قەت ماوەی ئەوە نادات  خاکەکەی بۆ ھەڕەشەکردن دژی دراوسێکان بەکار بھێندرێت.

کێشەیەکی تر پرسی ئاوە کە کاری کردووەتە سەر پەیوەندییەکانی عێراق و تورکیا، بەڵام وادیارە ڕێککەوتن لەم بارەیەوە لە بەر گرینگایەتیی ئاوو ھەروەھا سیاسەتی بەنداوچێکردنی ئانکارا لە بوارەکانی دیکە دژوار تربێت.

ئەمەو لە لایەکی دیکەوە بوونی پەکەکە لە خاکی عێراق بەردەوام بۆ تورکیا کێشەیەکی ئاسایشتی بووە، بە جۆرێک کە دەوڵەتی ئانکارا بەم بیانووەوە گەلێک جار وێڕای پێشێلکردنی سەروەریی عێراق پەلاماری ئەم وڵاتەی داوە.

ئینجا سەرمایە نانەوەو بازرگانیش لەو بوارە گرینگانەیە کە بۆ ھەردووک وڵاتەکە بە تایبەت بۆ عێراق گرینگایەتییەکی زۆری ھەیە. کازمی لە دیدارەکەی لەگەڵ ئەردوغان داوای کرد بوو کۆمپانیاکانی تورکیا لە بواری جۆربەجۆردا لە عێراق سەرمایە بنێنەوە.

ئەردوغان و کازمی لە بارەی ئەو سامانە بلۆک کراوەی عێراقیش وتووێژیان کردو بە گشتی دەشێ بوترێت بە سەرنجدانی ئەو ناکۆکی و ئاڵۆزیانەی کە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوو بەتایبەت لە ساڵانی ٢٠١٥ و ٢٠١٦ لە نێوان عێراق و تورکیا سەری ھەڵدا بوو، لە ئێستادا گەشتەکەی کازمی بۆ تورکیاو ئەو ڕێککەوتنانەی کە لەنێوان ھەردووک لادا کراوە، ھەنگاوێک بەرەو کەم کردنەوەی ئاڵۆزییەکان و ھێزمەند کردنی پەیوەندیی نێوان ھەردووک وڵاتەکە دێتە ئەژمار.

 

سەرپەیڤ